
عەلی لەیلاخ
لەم ڕۆژانەدا دیبەیتێکی ئێحسان هووشمەند بڵاو بووەتەوە کە شێوەی قسەکانی وەبیرخەرەوەی تاقمێک توێژەری بە ڕەگەز کوردن کە لە خزمەتی گوتاری فەرمی/ناوەندگەرادان و لە جلکی نووسەر و شرۆڤەکاردا بە دژی شوناسخوازیی نەتەوەیی دەوەستنەوە.
ئەم ڕەوتە هەر لە دەستپێکی شکڵگرتنی دەوڵەت-نەتەوەی دامەزراو لەسەر زمان و کولتووری سەردەستی فارس لە ئێران سەری هەڵدا، کە بەرچاوترینیان "ڕەشید یاسەمی"یە کە تێدەکۆشا بە مەبەستی بەهێزکردنی شوناسی ناوەندگەرا، شوناسی نەتەوەیی گەلانی غەیرەفارس، بەتایبەتی گەلی کورد لاواز و تەنانەت ئینکار بکات و، بۆ ئەم مەبەستەش لە وەهمگەراییەوە تا چەواشەکاری و ساختەکاریی مێژوویی هەموو هەوڵیان ئەوە بوو کە "کوردی ڕەسەنی ئێرانی"مان هەیە کە سنوورپارێزانی شوناس و کیانی پارسن.
کە نموونە بەرچاوەکەی حەوتووی ڕابردوو سەرلەنوێ کەوتە ئاخاڤتن و دەریخست قسەکانی پێش ئەوەی لەسەر بنەمایەکی زانستی داڕێژرابن، زیاتر ڕەنگدانەوەی ئەو دیدگا سیاسی و ئەمنییانەن کە لە ناوەندەکانی بڕیاردان لە تاران گەڵاڵە دەکرێن. هەتا ئەو کاتەی ڕوانگەی ناوەندگەرایی ئێرانی بەسەر فەزای سیاسیی ئەو وڵاتەدا زاڵ بێت، بیستنی ئەم دەنگانە وەک بەشێک لە گوتاری زاڵ بەردەوام دەبێت؛ ئەمەش نیشانەی قووڵیی ئەو عەقڵییەتەیە کە نایەوێت دان بە ڕاستییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا بنێت.
ئێحسان هووشمەند، "ئێرانناس و ئەندامی حیزبی مەهستان" کە خۆی بە کوردی گەڕووسیی بیجاڕ دەزانێت! بەڵام کۆی دەرکەوتن و نووسینەکانی پاساوهێنانەوەیە بۆ ئێرانی باستان و کەتمانکردنی شوناسی نەتەوەیی گەلانی غەیرەفارس و لە تازەترین دەرکەوتنیدا زۆر بە مەبەست و ئامانجدار دیسان قەوانە کۆنەکەی ئێرانشارییەکانی لێ دایەوە کە هەر چەشنە پەرەپێدان بە زمانی غەیرەفارسی، دەبێتە هۆی لێکترازان و هەڵتەکاندنی وڵاتی ئێران.
بە زمانی سادەتر ڕایگەیاند: مافی میللیی گەلان، بەتایبەتی زمان و شوناسی کوردی، مەترسییە بۆ سەر یەکپارچەیی ئێران و شەڕ و ناکۆکیی نێوخۆیی لێ دەکەوێتەوە.
پێش ئێحسان هووشمەند و هاوبیرەکانی، هەر لە سەروبەندی پەهلەویی یەکەم و دامەزراندنی ئێرانی نوێ بە فەرمانی وەزارەتی فەرهەنگی ئەوکات لە ساڵی ١٣١٦ی هەتاوی، نووسەر و مێژووناسێکی بە ڕەچەڵەک کورد بە ناوی ڕەشید یاسەمی، بە نووسینی کتێبی "کورد و پێوەندیی نەژادییەکەی"، ستارتی پرۆژەیەکی حکوومەتیی بۆ تواندنەوەی کورد لە نەتەوەی سەردەستی فارسدا لێ دا. ئەو پشتی لە "تەموورەی میلکان" کرد و لە کاتی قسەکردن لەسەر حافزی شیرازی لە شاری تاران لە ساڵی ١٣٣٠ی هەتاوی دڵی ڕاوەستا.
مەبەست لەو کتێبە ئەوە بوو کە بڵێت کورد نەک تەنیا لە باری نەژادییەوە گەلێکی جیا نین و هاوخوێن و هاوڕیشەی فارسەکانن، بەڵکوو هۆزێک لە هۆزەکانی پارسیی ئێرانە، زمان و کولتوورەکەشی لقێکی دیکەیە لە زمانی فارسی.
کەواتە هەموو ئەو ناوچانەش وا کورد تێیدا دەژی، خاکی ئێرانە و دەستەواژەی "ناوچە کوردنشینەکان" لەو کاتەوە بە مەبەستی ئینکاری "کوردستان" وەکوو نیشتمانێکی جیاواز هاتە ئاراوە و ئێستاشی لەگەڵ بێت لە زاری پانئێرانیستەکان و کەسانی ناشارەزاوە گوێمان لێ دەبێت.
ئەو کتێبە بەجۆرێک ڕاسپاردەی دامودەزگاکانی سەردەمی ڕەزاخان بوو کە زەینیەتی ئاریاییتەوەری و فارسمێحوەری لە کۆی ئێراندا جێ بخات. هەر بۆ ئەو مەبەستەش ناوەندی ڕۆشنبیریی حکوومەتی ئەوکات (ڕەزا شا) لەسەر بنەمای خواستێکی بەهێز و پڕ لە نهێنی، ڕەشید یاسەمییان ڕاسپارد بۆ کۆکردنەوەی مێژوو و دیاریکردنی بنەچەی ڕەگەزی و سەلماندنی ئێرانیبوونی گەلی کورد.
هەر بۆیە هەر چەشنە لادان لەو بیرۆکەیە لەو کاتەوە تا ئێستا بە تەجزیەتەڵەبی و تێکدانی وڵات ناوەزەد کراوە.
کەواتە بابەتی "تەجزیەتەڵەبی" پێش ئەوەی پرسی گەلانی غەیرەفارس بێت، بیانوویەکی ئەمنیی بووە بۆ سەرکوتکردنی هەر چەشنە جیابیری و مافخوازیی نەتەوەکانی دیکە.
دوای تێپەڕبوونی نزیک بە ٩٠ ساڵ بەسەر هەوڵەکانی ڕەشید یاسەمیی ئاسیمیلەبووی نێو خەونی ئێرانشاری، کە ئەم "ئاوە لەو ڕژاوە"وە، تا ئەمڕۆ کە ئێحسان هووشمەند تەنانەت بە تەوسەوە بە هەرێمی کوردستان دەڵێت "شومالی عێراق" و زمانی کوردی بە مەترسی بۆ شکۆی وڵاتی ئێران دەزانێت، دەرخەری ئەم ڕاستییەیە کە کەتمان و ئینکاری نەتەوەیی ئێمە تەنیا بە هێزی سەربازی و ئەنفال و قەڵاچۆکردن و پشتبەستن بە فیتوای ئایەتوڵڵاکان نەبووە، بەڵکوو دەیان ناوەندی توێژینەوە خەریکی بەرهەمهێنانی کەسانی هاوبیری ئێحسان هووشمەندەکانن، کە لە بەرگی نووسەر و پسپۆڕدا بۆ شەڕگەی سەروەریی نیشتمانیمان تەیاریان دەکەن.
لەو دیبەیتەدا لەژێر ناوی "تریبۆنی ئازاد" هەموو هەوڵی ئەوەیە کە بڵێت ئەو زمانە کوردییەی وا ئێستاکە زۆرینەی نووسەران و ئاخێوەرانی وێژە و ئەدەبی کوردی لەسەری کۆکن، پلانی سیاسیی دژبەرانی ئێرانە و جێی مەترسییە. ئێحسان هووشمەند بێ ئەوەی لە بواری زمانناسییەوە شارەزایی لەسەر "زار و بنزار و زمان" هەبێت، دەربڕینەکانی دەرخەری هەمان ئەو دیدگا ئەمنییانەن کە ڕێژیم ساڵگارێکە بۆ قەڵش و بۆشایی خستنە نێو ماڵی کورد بە شێوازی فەرهەنگی، هەوڵی بۆ دەدات و ناوەند و ئاکادیمیای بۆ ساز دەکات.
لەم چوارچێوەیەدا، پڕۆژەی ناوەند بۆ "پەرەپێدانی زارە ناوچەییەکان"، نەک وەک هەوڵێک بۆ پاراستنی فرەچەشنیی زمانەوانی، بەڵکوو وەک ئامرازێک بۆ دژایەتیکردنی زمانی یەکگرتووی کوردی بەکار دەهێنرێت. ئەم میکانیزمە، کە لە ڕێگەی هاندانی هەندێک کەسی قەڵەمبەدەستی بێئاگا لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان یان لایەنی فریوخواردوو جێبەجێ دەکرێت، ئامانجی سەرەکیی ڕێگریکردنە لە پڕۆسەی جێگیربوونی زمانی ستانداردی کوردی. نەیاران بە باشی دەرکیان بەوە کردووە کە زمان شادەماری نەتەوەیە؛ بۆیە یەکگرتوویی شوناسی زمانی بە مەترسییەکی جیدی بۆ سەر عەقڵییەتی ناوەندگەرایانە و خۆسەپێنیی نادێموکراتیکی خۆیان دەبینن و هەوڵی پەکخستنی دەدەن.
ئێحسان هووشمەند لە بەشێک لە قسەکانیدا بۆ کەمبایەخ نیشاندانی زمانی فەرمیی کوردی دەڵێت: ئەو زمانەی وا زۆرینەی چاپەمەنیی کوردی پێ دەنووسرێت "زمانێکی مردووە و" خەڵکی کورد پێشوازی لە زارە ناوچەییەکان دەکەن و بۆ سەلماندنی قسەکانیشی بە سەقەتی نموونەیەک باس دەکات. سەیر ئەوەیە هەر بەپێی داتاکانی ئێران دوای زمانی فارسی، ئەمە زمانی کوردییە زۆرترین کتێب و بەرهەمی لێ بڵاو دەبێتەوە! کەواتە ئەمە چ جۆر مردنێکە؟ کە زۆرترین نیشانەی زیندووبوونی گەلێکی پێوە دیارە.
پێویستە بگوترێت ئەوەی کە کوردستانی ئێمە لە باری زار و بنزار و ئایینەوە فرەچەشنە جێی نکۆڵی نییە و ئەوە سەیرە کە ئێحسان هووشمەندی توێژەر، کە بە وتەی خۆی بە وردی و زانستی سەرنجی پرسەکانی کوردستان دەدات، هێشتا نازانێت وشیاریی ئێستای خەڵک لەمێژە وەپێش چەقبەستوویی ناوەندگەراکان کەوتووە و ئەگەریش ناوەناوە بە هاندانی دەزگا ئەمنییەکان یان لە ڕووی نائاگاهی هەندێک بابەتی پەیوەندیدار بە جیاوازیی زمانی و کولتووری کوردەکان بە مەبەستی تێکدەرانە باس دەکرێن، نەیانتوانیوە شان لە شانی باڵاکردنی گەشەی ناسیۆنالیزمی زمانی و شوناسی کوردی بدەن.
چونکە بەشێکی هەرە زۆر لە ئەدەبیاتی بەرگریی ئێمە کە ئێحسان هووشمەندەکان بە ئاژاوە پێناسەی دەکەن، بەو زمانە نووسراوە و وا ئەمڕۆکە بە زمانی ستانداردی کوردی خەریکە جێگەی خۆی دەکاتەوە.
هەوڵی ئێحسان هووشمەندەکان ئەوەیە کە بڵێن "زاری کوردی و وردەکولتووری کوردی هەیە" کە هەر چەشنە گەشەی ئەمانە دەبێتە هۆی ئاژاوەی نێوخۆیی و زیان گەیاندن بە "تەمامیەتی ئەرزیی وڵات"!
ئەمە تەنیا دیدێکی ئەمنییەتییە و بەتاڵ و دوورە لە هەر چەشنە زانین و زانستێکی زمانەوانی و فەرهەنگی. چونکە هەر ئێستاکە لە بیجاڕی کوردستان کە ئێحسان هووشمەندیش لەوێ لەدایک بووە، ویستێکی بەربڵاوی شوناسخوازیی کوردی لە گەشەدایە و چالاکانی ئەدەبی و فەرهەنگیی ئەو ناوچە گرینگە، جیاوازیی زار و ئایینیان نەکردووەتە سنووری نێوان خۆیان و هاونیشتمانیانی ناوچەکانی دیکە، بەڵکوو لەسەر خوێنی "کوردبوون" سوورن و بەرەو لووتکەی سەروەریی نەتەوەیی لە هەڵکشاندان.