ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی رێبەندانی ١٤٠٤(٢٢/٠١/٢٠٢٦) بە دەسپێشخەریی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بە هاوکاریی گرووپی سۆسیال دێموکراتەکان، کۆبوونەوەیەک بە بەشداریی چەندین پارلەمانتاری یەکیەتیی ئورووپا بۆ تاوتووێکردنی دۆخی ئێران ڕێک خرا.
هەیئەتی حیزبی پێکهاتبوو لە هەر یەک لە بەڕێزان حیسام دەستپیش و ئاسۆ عەزیزی بەشداری ئەم کۆبوونەوەیە بوون.
چەند کەسایەتیی ئێرانی بریتی لە نگین شیرئاقایی و کامبیز غەفووری و ئاویەر شێخی لە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو بەشداری ئەم کۆبوونەوەیە بوون.
کۆبوونەوەکە لەلایەن پارلەمانتاری یەکیەتیی ئورووپا خاتوو ئەڤین ئێنجیر سەرپەرستی دەکرا کە سەرەتا ئاماژەی بە دۆخی ئێران کرد و پاشان داوای لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە کرد کە وتاری خۆیان پێشکەش بکەن.
حیسام دەستپیش وەک یەکەم وتاربێژ و بە نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕوانگەی کوردستان و حیزبی دێموکراتی خستە بەرباس کە لەوێدا پێداگریی لەسەر گۆڕانی دۆخی ئێران کرد کە بەرەو گۆڕان دەچێت و لەم کاتەدا دەبێ ئورووپاییەکان پشتی هێزە پێشکەوتنخوازەکان بگرن و لەم بوارەدا باشترین ڕێگا ئەوەیە کە بە دەوری بزاڤی ژن، ژیان، ئازادییەوە کۆ ببینەوە و هەر بۆیە پێویست دەکات لەم بوارەدا هەوڵەکانی خۆمان بخەینە گەڕ.
خاتوو نگین شێرئاقایی چالاکی سیاسی و ماڤی ژنان بۆ دیموکراسی وەک دووهەم وتاربێژ تیشکی خستە سەر ژینگەی کۆمەڵایەتی لە ئێران کە تاکە بوارێک کە دەتوانێ هەڵگری فرەدەنگی، فرەڕەنگی و داهاتوویەکی دێموکراتیک بێ بۆ داهاتووی ئێران، بەشداریی ژنان و هێزە دێموکراسیخوازەکان و پاڵپشتیی ئەم هێزانە بۆ ئیدارەی داهاتووی ئێران.ە
بەڕێزیان یارمەتیی نێودەوڵەتییان بە گرینگ زانی، بەڵام نەک بۆ سەپاندنی ئەجندایەک بەڵکوو بۆ هاوکاری بزاڤە دێموکراتییکەکان.
بەڕێز کامبیز غەفووری چالاکی سیاسی و ڕۆژنامەوان وەک سێهەم وتاربێژ بوو کە ناوبراویش گۆڕانی لە ئێران بەرجەستە کردەوە کە موڵکی خەڵکە نەک تاکە کەسێک! هەر بەم هۆکارە ئەوەی سەبارەت بە کەس یان گروپێکی دیاریکراو دەبینرێ ژاوەژاوی میدیاییە بۆ گەورەکردن و سەپاندن نەک ڕاستی کۆمەڵگەی ئێران، هەربۆیە پێویستە لەم بوارە حەزەر بکرێت و یارمەتیدەری بزاڤە دێموکراتیکەکان بین.
دواتر خاتوو ئاویەر شێخی وەک نوێنەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو ڕاپۆرتێکی پێشکەش کرد کە ئاماژەی بە کارەساتە مرۆییەکان کرد کە تا چەندە سەرکوتی خەڵک توند و نامرۆیی بووە، بەتایبەت ئاماژەیان بە نەخۆشخانەی ئیلام کرد وەک جنایەتێکی دژەمرۆڤی و بەرجەستەیان کردەوە و لە دواییدا ئاماژەی بە چەن خاڵ کرد کە چۆن دەکرێ لەم کاتەدا جیهانی دەرەوە یارمەتیدەر بن.
لە کۆتاییدا کۆمەڵێک لە ئەندام پارلەمانە بەرچاوەکان لە گرووپی سوسیال دێموکرات، سەوز و هەندێک ئەندام پارلەمانتارەکان لە گروپەکانی تر پرسیار و تێبینییەکانی خۆیان خستەڕوو و ئاماژەیان کرد کە دەبێت پاڵپشتی ئۆپۆزیسیۆن و خەڵکی ئازادیخواز بکردرێت.
ئەمە یەکەم جار بوو کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە دۆخی ئێران لە پارلەمانی ئورووپا ڕێک بخرێت.