کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەهیدبوونی چوار خۆپیشاندەر بە هۆی تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان

16:50 - 14 بەفرانبار 2725

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان لەلایەن سەرچاوەکانی مافی مرۆڤەوە، لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژی شەممە، ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە شاری مەڵکشایی ئیلام، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی بەکرێگیراوانی ڕێژیم، لانیکەم چوار هاووڵاتی شەهید بوون و چەندین کەسی تریش بریندار بوون.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، شوناسی ئەم کەسانەی بەم شێوەیە ڕاگەیاندووە: "ڕەزا عەزیمزادە"، "فارز ئاغائەحمەدی"، "محەممەد بزونە" و "مێهدی ئیمامیپوور".

بەگوێرەی ڕاپۆرتی بڵاوکراوی ئەم ڕێکخراوەیە، ئەم ڕووداوە لەکاتێکدا ڕووی دا، کە هاووڵاتیاینی ناڕازیی لە بلواری فەرمانداریی مەڵکشایی، لە کاتی پەڕینەوە لە بەرانبەر بینای بەسیج، لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە کە لەو ناوچەیە جیگیر کرابوون، بەرەوڕوی دەستڕێژی گولـلە بوونەوە.

ئامارە سەرەتاییەکان، ئاماژە بە برینداربوونی لانیکەم ٣٠ کەس دەکەن، بریندارانی ئەم ڕووداوە دەستبەجێ بۆ نەخۆشخانەی شاری مەڵکشایی و هەروەها نەخۆشخانەی "خومەینی" لە ناوەندی پارێزگای ئیلام گوازراونەتەوە.

سەرچاوە ئاگادارەکان باسیان لەوە کردووە کە باری جەستەیی ژمارەیەک لە بریندارەکان ناجێگیرە، و نیگەرانییەکان بۆ زیادبوونی ئەم ڕێژەیە زۆرە.