ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی رێبەندانی ١٤٠٤(٢٠٢٦/١/٢٢) خۆپیشاندانێک لەلایەن ڕێکخراوی ژنانی پێشەنگی نۆروێژ و چەندین ڕێکخراوی تری نۆروێژی و هەروەها یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نۆروێژ بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕێوە چوو.
بەرپرسی ڕێکخراوی ژنانی پێشەنگی نۆروێژ "کاترینە لین کریستیانسەن" وتارێکی بە نوێنەرایەتیی ڕێکخراوەکەیان پێشکەش کرد و پشتیوانیی لە خۆپیشاندەرانی شارەکانی ئێران کرد.
لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکانی ئەو خۆپیشاندانەدا پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نۆروێژ لەلایەن خاتوو ڕەعدە پاڵانی بەرپرسی کۆمیتە، بە زمانی نۆروێژی پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.
لە پەیامی یەکیەتی ژناندا ئاماژە بە ڕۆڵی مێژوویی و سەرەکیی ژنانی کورد لە ڕێکخستن و بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کرابوو.
یەکیەتیی ژنان پشتیوانیی خۆیانی بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیاند و جنایەتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و کوشتار و دەسبەسەرکردنی هەزاران کەس لە خەڵکی ناڕازی لە ناوخۆی ئێران بەگشتی و کوردستانیان بە تایبەتی مەحکووم کرد.
ئەم حیزبانەی خوارەوە پەیامی پشتیوانیی خۆیان ڕاگەیاند: حیزبی سووری نۆروێژ، حیزبی سوسیالیتی نۆروێژ، ڕێکخراوی ژنانی ئووتار و چەند ڕێکخراوی تر.