کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیشانەکانی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی لە جاران بەرچاوترن

14:49 - 3 رێبەندان 2725

عومەر باڵەکی

لە مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا، بۆ ماوەی زیاتر لە بیست ڕۆژ، ناڕەزایەتییەکانی خەڵک دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی زۆربەی شەقامەکانی شار و شارۆچکەکانی ئێرانی گرتەوە؛ بە جۆرێک کە لە بەرچاوی هەموو جیهاندا، پایە و بنەماکانی ئەو ڕێژیمە جارێکی دیکە لەرزین و کەوتنە لێواری ڕووخان. لەبەر ئەوە، دەسەڵاتدارانی ئەو ڕێژیمە بە بڕینی هێڵەکانی پەیوەندی، هەوڵیان دا ڕێگری بکەن لە گەیشتنی هەواڵ و زانیارییەکانی ناڕەزایەتیی خەڵکی ئێران بە جیهانی دەرەوە.

ئەوان ویستیان ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە و بە هەموو توانایەکی سەربازی و ئەمنییەوە، بە شێوازێکی زۆر دڕندانە بکەونە سەرکوتی خۆپێشاندەران؛ بە چەشنێک کە ئاماری قوربانییان (کوژراو و بریندار) بووەتە جێی سەرسوڕمانی گەلانی جیهان؛ کە چۆن حکوومەتێک دەتوانێت بەو ئاسانییە هەزاران کەس لە هاووڵاتییانی خۆی کۆمەڵکوژ بکات. تەنانەت ئەم ڕەفتارانە هەڵوێستی جیاجیای دەوڵەتانی لێ کەوتەوە، بەتایبەت ئەمریکا و وڵاتانی ئورووپا و هاوپەیمانەکانیان. ئەم ڕستەیە لە زۆربەی لێدوانەکانی بەرپرسانی ئەو دەوڵەتانەدا دەبینرێت: «کاتێک حکوومەتێک تەنیا لە ڕێگەی توندوتیژی و سەرکوتەوە لە دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە، لە ڕاستیدا تەمەنی ئەو حکوومەتە بەرەو کۆتایی ڕۆیشتووە.» بە واتایەکی دیکە، ئەو دەسەڵاتە ڕەوایی خۆی لە نێو کۆمەڵگەدا لەدەست داوە.

بەپێی شیکارییەکانی کەسانی پسپۆڕ لە کاروباری ئێران، ناڕەزایەتییەکانی ئەمجارە لە ناڕەزایەتییەکانی پێشوو جیاوازن. هەرچەندە ئەم ناڕەزایەتییانە درێژکراوەی ئەوانەی پێشوون، بەڵام بەو جیاوازییەی کە ئەمجارە قەیرانی گەورەی ئابووری، دابەزینی بێوێنەی بەهای دراوی ئێرانی، داڕمانی ڕەوایی سیاسیی ڕێژیم لای خەڵک (بەتایبەت دوای شەڕی دوازدە ڕۆژە)، لەدەستدانی پێگەی نێودەوڵەتی، لاوازبوونی گرووپە نیابەتییەکانی لە ناوچەکەدا و شەکەتی و داهێزرانی دامودەزگاکانی ڕێژیم لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا، هەموویان دەستیان داوەتە دەستی یەکتر. ئەمەش وای کردووە کە پاشەڕۆژی ئێران و کۆماری ئیسلامی زۆر لێڵ و ناڕوون دەربکەوێت.

ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی لە «ڕاپەڕینی ژینا»دا توانی بە سەرکوت و لە هەمان کاتدا بە هەندێک پاشەکشەی کاتی و کەمکردنەوەی گوشارەکان لە بابەتی «سەرپۆشی زۆرەملێ»دا (بەتایبەت لە ناوەندی ئێران)، بە ڕواڵەت تا ڕادەیەک ناڕەزایەتییەکان کۆنترۆڵ بکات، بەڵام شەپۆلی ئەمجارەی ناڕەزایەتییەکان سەرچاوەکەی بژێوی و گوزەرانی خەڵک و پرسە سیاسییە کەڵەکەبووەکانە. ئەمانەش دەرەنجامی سیاسەتە هەڵەکانی دەسەڵاتدارانی ئەو ڕێژیمەیە کە لە ماوەی ٤٦ ساڵی ڕابردوودا هاتوونەتە ئاراوە و بە ئاسانی چارەسەر ناکرێن. چونکە بەپێی ئەزموون و باری نالەباری ژیانی خەڵک، هەر بەڵێن و پەیمانێک کە دەسەڵاتدارانی ئەو ڕێژیمە بۆ چاکسازیی سیاسی و ئابووری بە خەڵکی بدەن، جێگەی بڕوا نییە.

دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی نزیکەی نیو سەدە حوکمڕانی لە ئێراندا، بە خوڵقاندنی سەدان قەیرانی ئەمنی و ئابووری لە ناوچەکە و جیهاندا، وەک حکوومەتێکی شەڕخواز و تیرۆرپەروەر ناسراون و ڕەواییان کەوتووەتە ژێر پرسیارەوە؛ ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی کردووەتە سەر بژێویی خەڵک لە نێوخۆی ئێراندا. بۆیە دەسەڵاتدارانی ئەو ڕێژیمە بەو بارودۆخەی کە خۆیان خوڵقێنەری بوون و بەپێی بیروباوەڕی ئایدیۆلۆژییان، بۆیان دژوارە بتوانن چارەسەری بکەن.

لە سەردەمی ئێستادا، هەموو ئەو حکوومەتانەی ڕەوایی خۆیان لە گەل وەرگرتووە، هەرگیز لە ناڕەزایەتیی خەڵک ناترسن، بەڵکوو هەوڵ دەدەن گوێ لە ویستی خەڵک بگرن و داواکارییەکانیان جێبەجێ بکەن. بەڵام بەپێچەوانەوە، ئەو حکوومەتانەی وەک کۆماری ئیسلامی کە پێیان وایە ڕەوایی دەسەڵاتیان لە لایەن خوداوە پێ بەخشراوە، هیچ بایەخێک بۆ ئیرادەی گەل دانانێن و هەوڵ دەدەن بە هەموو توانایەکیان خەڵک ملەکەچ بکەن. بۆیە دەبینین هەر کاتێک لە نێوخۆی ئێراندا ناڕەزایەتیی خەڵک دژی سیاسەتە چەوتەکان سەرهەڵدەدات، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی دەستبەجێ پەنا دەبەنە بەر تۆمەتبارکردنی ناڕازییان بە تاوانی «شەڕکردن لەگەڵ خودا» (محاربة) و بەو فەتوایە ڕێگە خۆش دەکەن بۆ سەرکوتی بێبەزەییانەی خەڵک؛ کە ئەم شێوازە بەپێی هەموو پێوەرە یاساییەکانی سەردەم، بە تاوانی دژە مرۆڤایەتی دادەنرێت.

بەڵام ئەوە سەلمێنراوە کە ئاکامی ئەو کوشتارە خوێناوییە نەک ناتوانێت ئارامی و سەقامگیری بۆ کۆماری ئیسلامی دەستەبەر بکات، بەڵکوو دەبێتە هۆکاری ئەوەی دەسەڵات بۆ هەمیشە لەدەست بدات. لە ماوەی ٤٦ ساڵی ڕابردوودا، کوشتاری بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسی، تیرۆری نەیارانی ڕێژیم لە نێوخۆ و دەرەوە، سەرکوتی ڕاپەڕینی خوێندکاران و ناڕەزایەتییەکانی ساڵانی ١٣٩٦ و ١٣٩٨ و ڕاپەڕینی ژینا لە ساڵی ١٤٠١، نەیانتوانیوە سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی بۆ دەسەڵاتدارانی تاران بێننە کایەوە. ئەم ڕەفتارەی کۆماری ئیسلامی لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئەم ڕێژیمە تەنیا تینووی دەسەڵات نییە، بەڵکوو سیستمێکی ئایدیۆلۆژییە کە سەرکوت و توندوتیژی و کوشتنی خەڵکی جیابیر و ناڕازی، لە ڕێگەی ئایین و مەزهەبەوە بە ڕەوا دەبینێت. واتە لە پێکهاتەی کۆماری ئیسلامیدا، توندوتیژی و کوشتن تەنیا ئامرازێک نییە بۆ سەرکوت، بەڵکوو بەشێکە لە ناسنامەی سیاسیی ئەو ڕێژیمە.

لێرەدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە سەرکوت و لەسێدارەدان و تیرۆر، ناتوانێت سەقامگیری لە کۆمەڵگەدا جێگیر بکات، بەڵکوو هەرچی توندوتیژیی دەسەڵات زیاتر بێت، کەلێنی نێوان خەڵک و حکوومەت زیاتر دەکات. چونکە توندوتیژیی حکوومەت دەبێتە هۆی کاردانەوەی توند و هەر شەپۆلێکی ناڕەزایەتی کە سەرکوت دەکرێت، لە ناخی خۆیدا تۆوی شەپۆلێکی دیکەی ناڕەزایەتی دەچێنێت. ئەوەی ئێستا لە پێکهاتەی کۆماری ئیسلامیدا دەبینرێت ئەوەیە کە بەهۆی لەدەستدانی ڕەوایی سیاسی، قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی، گەورەبوونی درزی نێوان پەیکەری دەسەڵات و دابڕان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، خەریکە هێواش هێواش بەرەو ڕووخان و هەرەس دەچێت. گەلانی ئێرانیش لەوە نزیک دەبنەوە کە جارێکی دیکە بە ئازادی بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و سیستمی حوکمڕانیی داهاتووی وڵاتەکەیان دیاری بکەن.