کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرێوەچوونی کۆڕێکی پەروەردەیی بۆ ئەندامانی حیزب لە دەرەوەی وڵات

18:19 - 3 رێبەندان 2725

ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠٤(١٨/١/٢٠٢٦)، کۆڕێکی پەروەردەیی لەژێر ناوی" کۆمەڵگەی مەدەنی و گەشەی نەتەوەیی، بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان" بۆ بەڕێز "دوکتور ئازاد محەممەدیانی" بە بەشداریی سەدان کەس لە ئەندامانی حیزب بەشێوەی ئانلاین بەڕێوە چوو.

کۆڕەکە بە راگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان، بە تایبەتی شەهیدانی ئەم دواییەی ڕاپەڕینەکانی گەلانی ئێران بەگشتی و شەهیدانی کرماشان، ئیلام و لوڕستان دەستی پێ کرد.

دواتر بەڕێز دوکتور ئازاد محەممەدیانی، مامۆستای زانکۆ باسێکی چڕوپڕی لەسەر گەشەی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش کرد.

بەڕێز محەممەدیانی باسەکەی لە چوار تەوەری: کۆمەڵگەی مەدەنی، دامەزراوەی مەدەنی، قەوم و نەتەوە و جیاوازییەکانیان و ڕەوەندی بەنەتەوەییبوون، پێشکەش کرد.

 لە چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنیدا وێڕای ئاوڕدانەوە لە مێژوویی کۆمەڵگەی مەدەنی تا گەیشتن بە چەرخی مۆدێڕن وتی: "حەوزەیەکی گشتییە و لە نێوان بنەماڵە و دەوڵەتدا سەربەخۆ و خۆبەخشانە کار دەکا و دەنگی جۆراوجۆرییەکانە و زانیاری دەدەن بە خەڵک کە ئەم ڕێکخراوانە بنەمایەکی گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی دێموکراتین و دەبێ سەربەخۆ بن و نابێ دەوڵەت دەستێوەردان لە کارەکانیان دا بکا."

لە بەشێکی دیکەی باسەکەیدا دوکتور ئازاد باسی لە دامەزراوەی مەدەنی کرد کە پێکدێن لە بنیات و ڕێکخراوەکان کە لە کۆمەڵگەی مەدەنیدا دامەزراون، وەک سەندیکای کرێکاران، مامۆستایان و ... . هەرچەندی کۆمەڵگەی مەدەنی بەهێز بێ، دامەزراوەکانیش بەهێز دەر دەکەون.

سەبارەت بە چەمکی قەوم و نەتەوە باسی لەوە کرد کە "قەوم کۆمەڵێک مرۆڤن کە کوولتوری هاوبەش، بیرەوەرێکی هاوبەش و زمانی هاوبەشیان هەیە بەڵام قەوارەیەکی سیاسییان نیە. بەڵام نەتەوە بابەتێکی سیاسییە و کاتێک قەوم دەگاتە ئەو ئاستە کە دەبێ بۆخۆی چارەنووسی خۆی هەبێ و بە خودئاگاهی سیاسی دەگات کە ئەوە لە پرۆسەیەکی سیاسیدا قەوم بە نەتەوە دەگات."

بەڕێز محەممەدیانی لە درێژەی پێناسەی نەتەوەدا ئاماژەی بە زمان، کولتوور، مێژووی هاوبەش کرد کە پێناسەی هاوبەش وەک ئەدەبیات، نوسراوە و بیروڕای گشتی دروست دەکا و هەروەها لە کولتوورەوە زیاتر بەرەوە شوناس و سیاسیبوون دەڕوا و نوخبە پێدەگەیەنێ و گەلی کورد یەکێک لەوانەن کە وەک نەتەوە پێناسە دەکرێ.

لە درێژەی باسەکەیدا دوکتور ئازاد باسی لە گەشەی کۆمەڵگای مەدەنی و ڕێکخراو و دامەزراوەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد کە سەرەڕای بەربەست لەلایەن دەوڵەتەوە، بەڵام کۆڵیان نەداوە و درێژە بە خەباتی خۆیان دەدەن و چالاکن.

هەروەها دامەزرانی یەکەم حیزبی مۆدێڕنی کوردی واتا حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ٨٠ ساڵ لەمەوپێش و دامەزراندنی یەکەم قەوارەی کوردی واتا کۆماری کوردستانی وەک چرای ڕێی گەشەی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دانا کە لەسەر پارچەکانی دیکەی کوردستانیش شوێندانەر بووە.

لە کۆتایی کۆڕەکەدا بەرێز محەممەدیانی باسێکی لە پێوندی لەگەڵ شاخ و شار و کاردانەوەکانی شاخ لەسەر شار و ناوەندە مەدەنییەکان و کۆمەڵگەدا باس کرد و ئاماژەی بە شوێندانەریی ئەدەبیات و گوتاری نەتەوەیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد کە ئەوە دەگەیەنێ، حیزبی دێموکرات و گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دووانەی لێکدانەبڕاون.

بەشی دووهەمی ئەم کۆڕە تایبەت بوو بە پرسیار و وڵام کە دوایی ٣ کاتژمێر کۆتایی پێ هات.