کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژنامەی کوردستان و مۆدێڕنیتەی سیاسی؛ لە سەروەریی گوتارییەوە بۆ بونیادنانی نەتەوە

10:20 - 4 رێبەندان 2725

شاڕوخ حەسەن‌زادە

ڕۆژنامە وەک ڕاگەیەنەرێک کە زانیاریگەلی سیاسی و فرەچەشن ڕاڤە و بڵاو دەکاتەوە، یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی مۆدێڕنیتەی سیاسییە. ئەم ئامرازە بە خولقاندنی فەزایەکی گشتی بۆ باسکردن و ڕاگۆڕینەوە لەهەمبەر کاروباری سیاسی، دەسەڵات و کۆمەڵگە، برەو بە ئاگایی، بەشداریی و چاودێری بەهێز دەکات کە ئەمانە هەمووی لە شاکۆڵەکەکانی عەقڵانییەت و دێموکراسی لە جیهانی پێشکەوتوو و مۆدێڕندا هەژمار دەکرێن.

ئەگەرچی مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردی بۆ ساڵی ١٨٩٨ و هەوڵە ئاوارتەکانی بنەماڵەی بەدرخان لە قاهیرە دەگەڕێتەوە، ڕۆژنامەی "کوردستان"یش بە هەمان ناو لە ساڵی ١٩٤٦ و لە درێژەی ئەم هەوڵانە، مۆدێلێکی نوێی لە مۆدێڕنیتەی سیاسی لە جیهان و ژینی کورد خویا کرد. ئەم ڕۆژنامەیە کە ئاخێزگەکەی یەکەم کۆماری مۆدێڕنی کوردی بوو، نەک هەر تەنیا درێژەپێدەری "کوردستان"ی بەدرخانییەکان بوو، بەڵکوو گواستنەوەی ئەو گوتارە نیشتمانییە لە تاراوگەوە بۆ ناو دەوڵەتی کورد و گۆڕینی لە ئەدەبیاتێکی دوورەوڵات بۆ بەرنامەیەکی سیاسیی داڕێژراو بوو بە مەبەستی چاودێرکردن و بەڕێوەبردنی هەردوو کۆمەڵگەی سیاسی و مەدەنی.

مێژووی مۆدێڕنیتەی سیاسی لە ناو هەموو نەتەوەکاندا پێش ئەوەی لەسەر شەقام و لە ناو دامەزراوە حوکمڕانییەکاندا ڕەنگ بداتەوە، لەنێو لاپەڕەی ڕۆژنامەکاندا لەدایک دەبێت. بۆ نەتەوەی کورد کە لە سەدەی بیستەم لەژێر هەژموونی سیستەمە پاشایەتی و ناوەندگەراکاندا دەچەوسایەوە، ڕۆژنامەی کوردستان ڕۆڵی ئەو فەزا گشتییەی گێڕا کە تێیدا کورد وەک نەتەوەیەکی خاوەن شوناس و خاوەن ماف پێناسە کرایەوە. لێرەدا دەمانهەوێت ئەو پرسە زەق بکەینەوە کە لە ڕوانگەی تیۆرییە سیاسییەکانەوە، ٨١ ساڵ تەمەنی ئەم ڕۆژنامەیە، تەنیا گێڕانەوەی مێژووی بڵاوکراوەیەکی ناسراوی کوردی نیە، بەڵکوو مێژووی بونیادنانی نەتەوەیەکی سیاسییە بە ویست و داخوازیی ڕوون و ڕەوا لەناو دڵی قەیرانەکانی ناوچەکەدا. ڕۆژنامەی کوردستان لە کاتێکدا پێ دەنێتە نۆیەمین دەیەی تەمەنی خۆی کە جیهانی ڕاگەیاندن بەهۆی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا تووشی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی بووە. ڕاستی ئەوەیە کە بەردەنگی سەدەی بیست و یەکەم گەیشتووەتە ئەو ئاستە لە وشیاری و زانیاریی گشتی کە چیتر نایەوێت کڕیاری کاڵایەک بێت کە تەنیا لەسەر بنەمای ئارەزوو و حەزی دەستەی نووسەران ئامادە کرابێت و بەسەریدا سەپێنرابێت. ئەمڕۆ بەردەنگ، ڕێک وەک چوونە چێشتخانەیەک چاوەڕوانی ئەوەیە کە حەزی لێیە، پێویستییەتی و چاوەڕوانی دەکات، داوای بکات و بۆی بێنن. ڕۆژنامەی کوردستانیش بە تێگەیشتن لەم پێویستییە مێژووییە، هەوڵی داوە لە چوارچێوە نەریتی و باوەکانی ڕاگەیاندنی حیزبی تێپەڕێت و لەسەر ئەو بڕوایە هەنگاو بنێت؛ ڕاگەیاندن لە سەردەمی نوێدا ناتوانێت تەنیا بە شێوەیەکی تاکلایەنە بابەت پێشکەش بکات، بەڵکوو دەبێت لە پەیوەندییەکی بەردەوام و دوولایەنە لەگەڵ خوێنەرانیدا بە شێوەی ڕاستەوخۆ پەیوەندییەکی ڕۆحی و دەروونیی هەبێت.

لەسەر ئەم بنەمایە، "کوردستان" تێکۆشاوە خوانێکی ڕەنگین و هەمەجۆر لە بابەتەکان بخاتە بەردەم بەردەنگ و خوێنەرانی خۆی، لە وتارە فەلسەفی و سیاسییەکان، شرۆڤە ئابوورییەکانەوە بگرە هەتا ئەدەبیات، کولتوور، وەرزش و هونەر؛ لە بابەتە کۆمەڵایەتی و پیشەییەکانەوە هەتا هەواڵە جۆراوجۆرەکان، گشتیان بە ڕوانگەیەک کە دوور بێت لە دەمارگرژی و چەقبەستوویی فکری کۆکراونەتەوە، هەتا بتوانێت دەنگی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بێت و بە شێوازێکی شیاو و سەردەمیانە وڵامدەرەوەی خواستەکانیان بێت. بەشێوەیەکی تر دەتوانین ئاوا لێکی بدەینەوە؛ ئەم ڕۆژنامەیە بەوە گەیشتووە کە تێگەیشتن لە چەمکی "بکەربوونی تاک" گۆڕانی بەسەردا هاتووە. بەردەنگی ئەمڕۆ تەنیا وەرگرێکی کزۆڵ نیە، بەڵکوو وەک داڕێژەری سیاسەتی مێدیایی سەیر دەکرێت.

تێپەڕین لە مۆدێلی ڕاگەیاندنی تاکلایەنە بەرەو دیالۆگی ڕاستەوخۆ و بەردەوام لەگەڵ بەردەنگ، هێمای گەیشتنی ڕۆژنامەی کوردستان بە قۆناغی دێموکراسیی مێدیاییە. ئەم گۆڕانکارییە نیشاندەری دروستبوونی فەزایەکی گشتیی کوردییە کە تێیدا ڕەخنە و دیالۆگ جێگەی ئاراستەکردنی تاکلایەنەی گرتووەتەوە. بەپێی تیۆریی "بێنێدیکت ئەندەرسۆن" لە کتێبی "کۆمەڵگە خەیاڵکردەکان"، نەتەوە مۆدێڕنەکان لە ئەنجامی گەشەی سەرمایەداریی چاپ دروست بوون. ئەندەرسۆن پێی وایە کاتێک مرۆڤەکان لە ناوچە جیاجیاکانەوە ڕۆژنامەیەک بە زمانێکی هاوبەش دەخوێننەوە، هەست دەکەن بەشێکن لە یەکەیەکی گەورەتر بە ناوی نەتەوە. بە شێوەیەکی دیکە دەتوانین بڵێین؛ چاپ و بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامە - بەشێوەیەکی گشتی بڵاوکراوەکان جیا لە دەوری پڕگرنگیی زانست و زانیاری - یارمەتیدەری گەشەی بیری نەتەوایەتی یان ناسیۆنالیزمیشن. ڕۆژنامەی کوردستان لە سەردەمی کۆماری کوردستان وێڕای باقی بڵاوکراوەکانی کۆمار، ڕێک ئەم ئەرکەی گرتە ئەستۆ.

لە سەردەمێکدا کە بە هۆی نەبوونی ئامرازی پەیوەندیی و هاتوچۆ، هەواڵی نێوان شارەکانی کوردستان زۆر لاواز بوو، ڕۆژنامەی کوردستان وەک دامەزراوەیەکی فرەچەشن هەم زانیارییە پێویستەکانی بڵاو دەکردەوە هەمیش وای کرد تاکی کورد هەست بکات لە یەک کاتدا خەریکی بیرکردنەوە لە یەک چارەنووسن. ئەم ڕۆژنامەیە سنوورە عەشایەری و ناوچەییەکانی تێپەڕاند و بە شێوەیەکی ئاگاهانە جۆرێک لە هاوچەرخبوونی لە زەینی تاکی کورددا دروست کرد. ئەوەی کە کوردێک لە دەڤەری ورمێ دەیزانی کوردێکی تر لە ناوچەکانی کرماشان خەریکی خوێندنەوەی هەمان وتارە، یەکەمین هەنگاوی مۆدێڕن بوو بۆ دروستکردنی شوناسی نەتەوەیی. دوای ئەم قۆناغەش، داینامیزمی مێدیایی ڕۆژنامەی کوردستان تەنیا لە چوارچێوەی لاپەڕە و چاپدا قەتیس نەمایەوە، بەڵکوو دواتر لە پەیوەندییەکی لۆژیکی و ستراتیژیدا لەگەڵ "ڕادیۆ دەنگی کوردستان" سیستەمێکی ڕاگەیاندنی هاوتەریبیان بۆ بونیادنانی وشیاریی نەتەوەیی و دەنگی زیندووی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کورد پێکهێنا. ئەگەر ڕۆژنامە وەک مێدیایەکی چاپکراو، ئەرکی داڕشتنی گوتاری تیۆریک، کارکردن و هەوڵدان بۆ نزیکبوونەوە لە زمانی سیاسیی ستاندارد، دروستکردنی ئەرشیڤی نەتەوەیی و بابەت و هەڵوێست و بەیاننامە فەرمییەکانی حیزبی لە ئەستۆ بووبێت، ڕادیۆش وەک مێدیایەکی بیستراو، ئەو گوتارەی دەگواستەوە بۆ ناو قووڵایی کۆمەڵگە و سنووری نەخوێندەواریی دەبەزاند. ئەم دوو باسکە مێدیاییە لە سەردەمێکدا کە تەکنۆلۆژیا و ئامرازەکانی پەیوەندیگرتن وەک ئێستا بەربڵاو و پێشکەوتوو نەبوون، پێکەوە فەزایەکی گشتییان لە کوردستان دروست کرد کە تێیدا "دەق" و "دەنگ" یەکتریان دەوڵەمەندتر دەکرد؛ ڕۆژنامە دەبوو بە سەرچاوەی شرۆڤە بۆ ڕادیۆ و ڕادیۆش دەبوو بە پردی گەیاندنی خێرای پەیامەکانی ڕۆژنامە بۆ ناو جەماوەر. دوای ئەم قۆناغەش وێڕای پێشکەوتنە خێراکانی جیهانی ئینتەرنێت و ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکان، هەمیسان "کوردستان" توانی جیا لە چاپی کاغەزی بە شێوەی ئەلەکترۆنی بچێتە ناو هەموو ئەو مۆبایل و کۆمپیوتەرانەی ئۆگرانی خۆی و لە ڕایەڵە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکانیش بڵاو ببێتەوە. ئەم هەماهەنگییە و هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ تەکنۆلۆژیا ڕۆیشتنە، نیشانەیەکی دیکە لە مۆدێڕنیتەیەکی ڕاگەیاندنی پێشوەخت بوو کە تێیدا بزووتنەوەی کورد توانی لە دژوارترین هەلومەرجی خەباتدا، سەروەریی مەعنەوی خۆی لە ڕێگەی تێکەڵکردنی مێدیای بینراو و بیستراوەوە و ئینتێرنێت بپارێزێت و شوناسێکی تۆکمە و یەکگرتووی نەتەوەیی لە زەینی تاکی کورددا جێگیر بکات.

یەکێکی دیکە لە گرنگترین کارکردەکانی ڕۆژنامەی کوردستان، پاراستنی سەروەریی گوتاری بووە. لێرەدا سەروەری تەنیا بە واتای سیاسی یان نیزامی و پاراستنی سنوورە جوگرافییەکان نیە، بەڵکوو بە واتای ئەوەیە کە نەتەوەیەک ڕێگە نەدات نەیارەکانی مێژوو و شوناسی بۆ پێناسە بکەن و گوتاری خۆیان بسەپێنن یان دابتاشن. حکوومەتە ناوەندییەکان بە بەکارهێنانی ڕوانگەی گوتاری ئۆریەنتالیستی، بەردەوام هەوڵیان داوە بزووتنەوەی کورد وەک جووڵانەوەیەکی "دژە شارستانی"، "خێڵەکی" و "نائەقڵانی" وێنا بکەن هەتا پاساو بۆ سەرکوتکردنی بهێننەوە و گوتارێک بخولقێنن هەتا وێنای بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد بە دیاردەیەکی پێش مۆدێڕن بشوبهێنن. ڕۆژنامەی کوردستان لێرەدا وەک دژە گوتارێکی فەرمی و دەستکرد کاری کردوە؛ واتە بەرهەمهێنانەوەی مانا لە نێوخۆی کوردستان بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەو وێنە شێوێندراوەی کە "ناوەند" بۆ کوردی دروست کردوە.

لەم بەستێنەدا، ڕۆژنامەی کوردستان وەک ئاوەزێکی بەکۆمەڵی بزووتنەوەی کوردی چالاکی کردوە بۆ شکاندنی ئەو گوتارە چەواشەکار و سەپێنراوە. کاتێک "کوردستان" لە قۆناغی شاخ و لە ناو ئەشکەوتەکاندا بە چاپخانەی گەڕۆک دەردەچوو، چالاکییەکانی تەنیا گواستنەوەی هەواڵی شەڕی داسەپاو و بەرگریی پێشمەرگانە نەبوو، بەڵکوو کردەیەکی سیاسیی ژیرانە بوو بۆ پاراستنی سەروەریی مانا. لە پەنا ئەمەشدا "کوردستان" ڕێگەی نەدا زمانی کوردی و گوتاری مافخوازی لە ناو تەمومژی پروپاگەندەی داگیرکەراندا ون بێت. پاراستنی ئەم سەروەرییە گوتارییە لەژێر بۆردومان و ئاوارەییدا، وەک یەکێک لە گرنگترین داینامیزمەکانی بزووتنەوەی کورد بووە کە ئەو ڕۆژنامەیە نوێنەرایەتی کردوە. گۆڕانی سیمای فیزیکیی ڕۆژنامەی کوردستانیش نیشاندەری جووڵەی نێوخۆیی بزووتنەوەی کولتوورییە. ئەم ڕۆژنامەیە لە هەموو قۆناغەکاندا (دەسەڵاتی کۆمار، خەباتی نهێنی، سەردەمی شۆڕش و بەرگریی چەکداری و قۆناغی مۆدێڕن) زمانحاڵی ئیرادەی گشتیی بزووتنەوەی کورد بووە.

ئەم دینامیزمە لە دوو لایەنەوە گرنگە:

خۆگونجاندن لەگەڵ تەکنەلۆژیا: گواستنەوەی چاپخانە قورسەکان بەکۆڵ و پشت لە شاخەکاندا و دواتر تێپەڕین بەرەو چاپی دیجیتاڵ، نیشانەی ئەوەیە کە مۆدێڕنیتەی سیاسی لای کورد، مۆدێڕنیتەیەکی بەرگریکار و پێشکەوتنخوازانەیە.

ستانداردکردنی زمان: ڕۆژنامەی کوردستان هەوڵی داوە زمانێکی سیاسی و ڕۆژنامەوانیی ستاندارد بۆ کورد دابڕێژێت. ئەم زمانە وای کرد کە نەتەوە تەنیا وەک هەست نەمێنێتەوە، بەڵکوو ببێتە دەزگایەکی فکری. ٩٠٩ ژمارەی ئەم ڕۆژنامەیە، گەورەترین ئەرشیڤی بزووتنەوەی سیاسی - نەتەوەیی ئێمەن. لە زانستی مێژوودا باس لەوە دەکرێت کە "ئەوەی نانووسرێتەوە، بوونی نیە". ڕۆژنامەی کوردستان مێژوویەکی جێگرەوەی بۆ کورد نووسییەوە. ئەگەر ئەم ڕۆژنامەیە نەبوایە ئۆگران و توێژەران دەبوو ئەو مێژووە لە ناو کتێبە چەواشە و سانسۆرکراوەکانی تاراندا بدۆزنەوە. ئەم ئەرشیڤە یادەوەریی بەکۆمەڵی نەتەوەی کوردە؛ ئەو شوێنەیە کە تێیدا شکستەکان دەبوونە ئەزموون و سەرکەوتنەکان وەک هەوێنی بەردەوامی چاویان لێ کراوە. ٨١ ساڵەی ڕۆژنامەی کوردستان، وەستان و تێڕامانێکە لەسەر ئەو ڕێگا و ڕێبازە دوورەی کە بزووتنەوەی کورد بە هەموو دژواری و چەتوونییەک بە خوێنی خۆی دەربازی کردوە. ئەم ڕۆژنامەیە سەلماندی کە مۆدێڕنیتەی سیاسی تەنیا بە هەبوونی پەرلەمان و سپا تەواو نابێت، بەڵکوو پێویستی بە زمانحاڵێکی بەردەوام هەیە کە ئیرادەی گشتیی تێدا ڕەنگ بداتەوە. ڕۆژنامەی کوردستان لە ڕێگەی پاراستنی سەروەریی گوتارییەوە، توانی کورد وەک نەتەوەیەکی سیاسی لەناو جیهانی مۆدێڕندا جێگیر بکات. ئەرکی ئەمڕۆی ئێمە، پاراستنی ئەم میراتە گەورەیە و بەکارهێنانییەتی وەک چرایەک بۆ ڕووناککردنەوەی ئاسۆکانی داهاتوو؛ ئاسۆیەک کە تێیدا ئازادی، دادپەروەری و شوناسی نەتەوەیی ببنە یەک و کوردستانییەکی دێموکراتیک و سەربەرز بونیاد بنێن.