لە درێژەی پشتیوانییەکان لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای کوردستان لە شاری ئەدەلایدی باشووری ئوسترالیا، بۆ جارێکی دیکەش کوردستانییانی هەر چوار بەشی کوردستان هاتنە سەر شەقام و ئەو جارە گەورەترین خۆپیشاندانیان لە مێژووی خۆیاندا لەو شارە تۆمار کرد و دەنگ و هاواری ناوخۆی کوردستانیان بە گوێی بەرپرسانی حکوومەتی و خەڵکی ئوسترالیا گەیاند.
ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٣ی ڕێبەندان بەشێکی زۆر لە کوردەکانی شاری ئەدەلاید لە بازاڕی گەورەی ئەم شارە لە ناوەندی ئەدەلاید کۆ بوونەوە و بە وتنەوەی دروشم و سروودی شۆڕشگێڕانە سەرنجی خەڵکی ئەو شارەیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشا.
دواتر خۆپیشاندەران چوونە سەر شەقامی کینگ ویلیام کە شەقامی هەرە گەورەی ئەو شارەیە و خۆیان گەیاندە بەر دەرکی پارلەمانی باشووری ئوسترالیا و لەوێش بۆ ماوەی کاتژمێرێک درێژەیان بە چالاکییەکەی خۆیان دا.
جێگای ئاماژەیە کە کاک باوە ڕەزایی بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەیاننامەی ناوەندی دیالۆگی بۆ بەشداربووان خوێندەوە .
بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە بەشێک لە وتەکانیدا ئاماژە بەوە کرد کە ژیان لە باری کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەوپەڕی خراپیدایە و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ٤٧ ساڵە کە بەدڕندانەترین شێوە خەڵک سەرکوت دەکات.
بەڕێزیان بۆ جارێکی دیکەش لە وتارەکەدا ڕوو لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی جیهان چوار داواکاری خوێندەوە:
ـ پەیوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران کۆتایی پێ بێنن.
ـ سزای زیاتر بەسەر بەرپرس و ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامیدا بسەپێنن.
ـ لەباری تێکنۆلوژییەوە و بەتایبەت بۆ دابینکردنی ئینتێرنێت هاوکاریی گەلانی ئێران بکەن.
ـ - یارمەتیی گەلانی ستەملێکراوی ئێران بکەن کە بە مافە نەتەوایەتییەکانی خۆیان بگەن.
لەو کۆبوونەوەیەدا بەڕێز دوکتۆر ئارام ڕەفعەت لە چەند خولەکێکدا وتەیەکی پێشکەش کرد. لە بەشێک وتەکانیدا وتی: سەدەی ٢٠ سەدەی ژێردەستەیی کورد بوو بەڵام بەخۆشیەوە سەدەی ٢١ سەدەی گەڕانەوەی کوردە بۆ سەر سەحنەی مێژووە و هاتنیش بۆ ناو مێژوو هێندە کارێکی ئاسان نییە، ئازار بەخشە و خەبات و قوربانیدانی دەوێت.
ئەو هەروەها بە ئیحساسێکی زۆرەوە ڕایگەیاند کە کورد دوو چاوی هەیە، چاوێکی ڕۆژهەڵاتە و چاوێکی ڕۆژاوای وڵاتە کە پێویستە بە هەموومان چاوەکانمان بپارێزین.