کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری کوردستان، کۆماری هەموو وەرزەکان

11:58 - 4 رێبەندان 2725

سۆران عەلیپوور

زۆرجار کۆماری کوردستان تەنیا لە بەستێنە مێژووییەکەی خۆیدا دەخوێنرێتەوە؛ دەستکەوت، هۆکاری سەرهەڵدان و ڕووخان، تایبەتمەندی و پێکهاتەکانی تاوتوێ دەکرێن. لە ڕاستیدا لە خوێندنەوەیەکی مێژووییدا ئەوە کارێکی بەبایەخە، بەڵام دوای هەشتا ساڵ لە دامەزرانی کۆمار ئێمە کۆمارێکی دیکەمان هەیە کە تەمەنی هەشتا ساڵە و هەروا سەرچاوەی یەکگرتوویی و یەکدەنگی، ئەکتەرێکی کارا و زیندوو لە پێناسەکردنی مافی چارەی خۆنووسینە و سەرچاوە و ئاخێزگەی وێژمانێکی نەتەوەیی، دێموکراتیک و مەدەنییە کە لەگەڵ خواستەکانی ئێستای گەلی کورددا تێکەڵ بووە. بەو پێیە لەگەڵ بەشێک لە مێژوو وەک ڕابردوویەکی دوور و دوورگەیەکی دابڕاو مامەڵە ناکەین، بەڵکوو لەگەڵ بەشێکی ئاکتیڤ و بەڕۆژی ئەو مێژووە هەڵسوکەوت دەکەین کە لە پرۆسەیەکی بەردەوامی بیچم‌پێدانی ناسنامە و شوناسی ئێمەی کورددا ڕۆڵ دەگێڕێ.

پێتەر ئارۆنسۆن لە پێناسەکردنی ئەو دیاردەیەدا کە بە چەمکی کەڵک‌وەرگرتن لە مێژوو دەناسرێ دەنووسێ: "چەمکی کەڵک‌وەرگرتن لە مێژوو بریتییە لەو کۆمەڵە پرۆسێسەی کە بەشێک لە کولتووری مێژوو چالاک دەکرێ بۆ ئەوەی فۆرم بدا بە چەند یەکەیەکی گشتگیری دیاریکراو لە ئەفراندنی مانا و کردەوەدا." هەروەها سەبارەت بە کولتووری مێژوو دەنووسێ: "کۆمەڵە ئامرازێک، سەرچاوە، نەریت و بۆنە و بانگەشەیەکن کە ئاماژە بە بەشێک لە ڕابردوو دەکەن کە دەرفەتی بەرچاو دێننە ئاراوە بۆ لێک‌گرێدانی ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو."(۱)

کۆماری کوردستان وەک خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی نەتەوەی کورددا وێستگەی لێککۆکردنەوەی چین و توێژی جیاواز، کوردانی بەشەکانی دیکەی کوردستان، هێز و دەرفەتەکانە؛ لە لایەکی دیکەشەوە پارسەنگی پێکگەیشتنی ناکۆکی و دژبەرەکانیشە. بەو هەموو ناهارمۆنی و یەکدەست‌نەبوونەی لە کۆمەڵگەی کوردیدا هەبوو، ئاواش کۆمار لە قەوارەی دامەزراوە و پێکهاتەی مەدەنی و دێموکراتیکی مۆدێرن دا توانی پرۆسەی دادپەروەرییەکی کۆمەڵایەتی دەست پێ بکا و یەکانگیرییەک لەنێوان ئەو هەموو دژبەرەدا پێک بێنێ و پێناسێک لە ناسیۆنالیزمی کوردی بخاتە ڕوو کە سیمبۆل و هێماکانی تا ئێستاش بەشێکی گرینگی ناسنامەی نەتەوەیی کوردن.

بەشداریی کوردانی پارچەکانی دیکەی کوردستان لە کۆماری کوردستان، پشتیوانی و بەشداریی بارزانییەکان و ئەفسەرانی گەرمیان، هاوپێوەندی و هاوچارەنووسییەک کە لە کۆماردا هەیە، بناغەی ئەو هۆشیارییە نەتەوەییەی دامەزراند کە دوای تەمەنی کورتی کۆمار چەندین جار لە ٨٠ ساڵی ڕابردوودا شاهیدی بووین و ئەو ڕۆژانەش لە هەموو کاتێک زیاتر هەستی پێ دەکەین و دەیبینین.

بە ڕێکەوت ئەمساڵ ساڵیادی دامەزرانی کۆمار لەگەڵ یەکگرتوویی و یەکدەنگییەکدا هاوکاتە کە خەڵکی کورد و دۆستەکانی لە شارەکانی کوردستان و لە هەموو قوژبن و گۆشەیەکی ئەو دنیایەدا بۆ بەدەنگەوەهاتنی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا لە دەوری کۆمەڵێک داخوازیی ستراتیژی و وجوودی کۆکردووەتەوە. لە ڕابردووی ئێمەدا ئەگەر ڕووداوێک بکەوێتە چوارچێوەی تیۆرییەکەی ئارۆنسۆن لەسەر بەکارهێنانی مێژوو و کولتووری مێژوو، ئەوا بێگومان کۆماری کوردستانە کە بووە بە خاڵی لێک‌گرێدانی ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو.

گرینگیی پەیام و دەستکەوتەکانی کۆمار لەو ڕۆژانەدا کە کۆماری ئیسلامی لە گیانەڵادایە و ناسینەوەی جێپەنجەی کۆمار لە فۆرمگرتنی وێژمانی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە تێکەڵ بە هۆشیارییەکی سیاسی و مەدەنیی پێشکەوتوو بووە، زیاتر لە هەموو کاتێک گرینگیی خۆی هەیە. لە لایەکەوە بۆ خەڵکی کوردستان و ڕێکخراوەکانی، هەبوونی سەرمایەیەکی دەوڵەمەندی وەک کۆمار، ئەزموون و دەستکەوتەکانی، جگە لەوەی جۆرێک لە ڕەوایەتی‌دانە بە ویست و داخوازییەکانی، بەڵگەیەکیشە لەسەر سەرکەوتنی کورد لە بەڕێوەبردن و بەدامەزراوەیی‌کردنی بانگەشەکانی. لە لایەکی دیکەشەوە وەبیرهێنەرەوەی ڕوویە تاریکەکەی کۆنسێپتی دەوڵەت-نەتەوەیە لە ئێراندا؛ جاروبار لێرە و لەوێ گوێبیستی دەنگی پێی ئەو وێژمانە ناوەندگەرا و داپڵۆسێنەرە دەبین، کە ئێرانی داهاتوو بە شوناسێکی دیاریکراوەوە دەبەستێتەوە. دەبێ وەبیر لایەنگرانی ئەو ڕەوتە بێنینەوە کە یەکێک لە هۆکارەکانی دامەزرانی کۆمار دوای پێگەیشتنی هۆشیاریی سیاسی، کاردانەوە بەو سانترالیزمە سیاسی و ئیدارییەی بنەماڵەی پەهلەوی بوو. هاوکات وەبیریشیان بێنینەوە مامەڵەکردنی دڕندانە لەگەڵ سەرانی کۆمار و خەڵکی کوردستان، یاساغکردنی کاری ڕێکخراوەیی و کوشتن، ئاوارەکردن و زیندانیکردنی چالاکوانانی سیاسی، هەوڵدان بۆ شێواندنی ڕابردوو، ناسنامە و کولتووری کورد و بێبەریکردنی منداڵان لە خوێندن بە زمانی کوردی و زۆر تاوانی دیکەش لە یادەوەریی مێژوویی ئێمەدا ماونەتەوە و هەر ئەوەشە وادەکا کۆمار لەسەر شانۆی ئێستای ڕووداوەکان ئەکتەرێکی دیار بێ.

سەرانی کۆماری کوردستان بە باشی هەستیان بە مەترسییەکانی کۆنسێپتی دەوڵەت-نەتەوەی پەهلەوی کردبوو، هەم لە بڵاوکراوەی "نیشتمان" و هەم لە ژمارەکانی ڕۆژنامەی "کوردستان"یشدا ئەو گرینگیدانە بە شوناسی هاوبەش و چارەنووسی هاوبەشی کورد بە تەواوەتی ڕەنگی داوەتەوە. دووەم داواکاریی حیزبی دێموکراتیش لە بەیاننامەی دامەزراندنیدا پرسی مافی خوێندن بە زمانی دایک و بەکارهێنانی زمانی کوردییە لە بەڕێوەبەرایەتی و ئیدارەکاندا، لە کاتێکدا خاڵی یەکەم باسی لە شێوەی مافی چارەی خۆنووسین لە سیستمێکی ئۆتۆنۆمیدا دەکرد. هۆشیارییەک لە ئاست هاوبەشی و هاوچارەنووسیی کورددا کە لە کۆماری کوردستاندا بناغەکەی داڕێژرا، ئەو ڕۆژانە لەناو کوردی دیاسپۆرا و ناوخۆ دوای ڕووداوەکانی سەرکوتی بێبەزەییانەی خۆپێشاندانەکانی ئیلام، کرماشان و مەلەکشایی لە لایەن ڕێژیمی ئێران و تاوانی ڕێژیمی سووریە و گرووپە چەکدارەکان دژی گەلی کورد لە ڕۆژاوادا، هەمان دەنگ دەبیستین کە لە ڕۆژی دامەزرانی کۆماردا لە چوارچرای مەهاباد بۆ هاوچارەنووسیی ئەو نەتەوەیە دەمانبیست.

تایبەتمەندییەکی دیکەی کۆمار تێکەڵکردن و بەشداری‌پێکردنی چین و توێژە جیاوازەکانی خەڵکی کوردستانە لە بەڕێوەبردنی کۆمار و دامەزراوەکانیدا. بۆ یەکەمجار چینی مامناوەندیی شارنشینی خوێندەوار، لەگەڵ ئەوەی کەمینە و لاواز بوو، دێنە سەر شانۆی ڕووداوەکان و هەر لە دامەزراندنی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستانەوە تا بەشداربوون لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی کۆمار و دواتریش لە زیندووکردنەوەی خەباتی سیاسیی دوای کۆمار ڕۆڵ دەگێڕن. دوای هەڵوەشانەوەی میرنشینە کوردییەکان و دواتر دروستبوونی دەوڵەت-نەتەوەکان لەسەر خاکی کوردستان و لەنێوبردنی بزووتنەوە یەک لە دوای یەکەکان کە لە لایەن شێخ و بنەماڵە ئاینییەکان و خاوەن‌موڵکەکانەوە ڕێبەرایەتی دەکران، دۆخێکی نەخوازراو و تراژیدی و پڕ لە ناهومێدی هاتبووە ئاراوە؛ دامەزراندنی کۆمار بەو هەموو دەستکەوتەوە، سەرەڕای کورتیی تەمەنی، خوێنی تازەی گەڕاندەوە بۆ ناو شاڕەگەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی.

لە لایەکی دیکەوە بۆ یەکەمجار لە مێژووی کورددا لە ڕێگەی دامەزراوە و دەزگا و ناوەندی دێموکراتیک و مەدەنییەوە ویستی ناسیۆنالیستیی کوردان بەدامەزراوەیی کرا و لە چوارچێوەی بەڕێوەبەرییەکی سەربەخۆدا بەرجەستە کرا. کۆمار توانی وێژمانی نەتەوەیی لە بزووتنەوە خۆجێی و سنووردارە خێڵەکییە چەکدارییەکان بگوازێتەوە بۆ وێژمانێکی نەتەوەیی گشتگیر کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی مۆدێرنی خۆیدا ئەزموونی دەوڵەتداری بکات. لە بڵاوکراوە و وێژمانی سیاسیی کۆماردا هەست بە وشیارییەکی سیاسیی هاوبەش سەبارەت بە بوونی هاوبەشیی نەتەوەیی و مێژوویەکی هاوبەش و چارەنووسێکی هاوبەش دەکرا. هەرچەند ئەو وێژمانە تێکەڵەیەک بوو لە ڕێتۆریکێکی ئیدیالیستیانەی دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ لەگەڵ سیاسەت و ئامانجی ڕیاڵیستیی خودموختاری‌خوازدا، بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا پرسی مافی چارەی خۆنووسین لە بەرنامەی حیزبی دێموکرات، دامەزرێنەری کۆمار و سیاسەتەکانی کۆماردا بە ڕوونی هەستی پێ دەکرێ.

نەریتشکێنی و ساختارشکێنی تایبەتمەندییەکی دیکەی کۆمارە کە سەرەڕای کۆمەڵگەیەکی نەریتیی ئەو سەردەمە، کۆمەڵێک چاکسازیی ڕادیکاڵ لەو پێکهاتە نەریتییەدا کرا؛ ناردنی کچان و ژنان بۆ قوتابخانە و بەشداری‌کردنیان لە ژیانی سیاسی دا لە ڕێگەی ڕێکخراوی ژنانەوە، ئەگەر تا ئێستاش لە لایەن کەمینەیەکی کۆنسێرڤاتیڤەوە دژایەتی بکرێ، بۆ ئەو کات هەنگاوێکی گەورەی کۆمەڵایەتی بوو. ئەو ڕیفۆرمە ڕادیکاڵانەن کە کۆمار و بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" دەخەنە یەک بەستێنی سیاسی و وێژمانییەوە.

بە چاوخشاندن بەو چەند تایبەتمەندییەی کۆماردا باشتر دەتوانین لە ئاکتی ئەو کۆمارە هەشتا ساڵەیە تێبگەین کە چۆن بەشێک لە ڕابردووی ئێمە تا ئێستاش وەک پرۆسەیەکی بەردەوام لە ئەفراندنی مانا و کردەوەدا کارایە و ئەو وێژمانەی کۆمار لە دروستکردنیدا پشکی شێری بەر دەکەوێ، ڕابردوو، ئێستا و داهاتووی ئێمە لێک گرێ دەدا.

 

١* .Aronsson, P. (2004). Historiebruk – att använda det förflutna. Lund: Studentlitteratur