کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری کوردستان؛ مێژوویەک لە هەرمان و ناسنامەیەک بۆ داهاتوو

10:57 - 5 رێبەندان 2725

کاکۆ

گەلی کورد لە دوو سەدەی ڕابردوودا، وەک گەلانی دیکەی جیهان، بە دەیان بزووتنەوە و ڕاپەڕینی بەهێزی لە قەوارە و پرۆسەی ڕزگاریخوازانەی خاک و گەلدا ئەنجام داوە و مێژوویەکی لە نەبەردی و خەبات و خوێن تۆمار کردووە. مافخوازیی نیشتمانی و نەتەوەیی وەک دیاردەیەکی ڕەوای سەردەمیانە، پاش دروستبوونی دەوڵەت-نەتەوە لە دوو سەدەی ڕابردوودا، بووە بە ڕەمزی مانەوە و زیندوویی گەل و نەتەوەکانی جیهان. ناسیۆنالیزم لە جیهاندا تەوەرێکی بەهێزە سەبارەت بە پرسی ڕزگاریخوازی و سەروەریی گەلێک کە لە ڕووبەری خاک و نیشتمانی خۆیدا گیرساوەتەوە.

کۆماری کوردستان لووتکەیەکی پێگەیشتوو لە هەورازانی هەڵەتاوی و هەڵچووی نیشتمان بوو کە وەک دەسکەوت و هەڵاچوونێکی قورس و گران، لە قامووسی ئەم خاکەدا وێنا و نەخشی هەرمانی بەست. کاتێک ئاستی تێگەیشتن و بەرفراوانیی تێکۆشان لەنێو خەباتکارانی گەلدا لێبڕاوی و پەڕاوگەیەکی زێڕین بەخۆوە دەبینێت، بێگومان دەرگایەکی کراوە و ئاوەڵا بەسەر ڕەوتی مافخوازی و پرسی ڕەوای ڕزگاریدا دەکاتەوە.

کۆماری مەزنی کوردستان دەرئەنجامی سەرهەڵدان و ڕاسانێک بوو کە پاش دەیان ساڵ لە سەرکوتکردن و کۆمەڵکوژی، شەهیدکردنی ڕێبەری مەزن سمکۆی شکاک و تێکۆشەران و مافخوازانی گەلی کورد، دەربەدەرکردن و ئاوارەکردنی بەشێکی بەرچاوی خەڵکی کوردستان لە زێد و مەڵبەندی خۆی، هاوردەکردن و نیشتەجێکردنی گەلانی دیکە بۆ خاکی پیرۆزی کوردستان لەژێر تەوژمی ئاسمیلاسیۆن و توانەوەی گەلی کورد لە زۆربەی شار و ناوچەکانی کوردستان، هاتە ئاراوە.

لە ئەنجامدا بە پێشەنگی و ڕێبەریی بێوێنەی پێشەوای مەزن قازی محەممەد و هاوهەنگاوی و هاوڕێبازانی و خەڵکانی نیشتمانپەروەری ناوچەگەلی نزیک و دووری کوردستان دادەمەزرێت؛ کۆمارێک کە هەبوون و زیندوویی و سەربەستی بە گەل و نەتەوەیەک دەبەخشێت. ئەگەرچی تەمەنی کۆماری مەزن کورت بوو، بەڵام پاش هەشتا ساڵ تێپەڕبوون لە هەبوونی ژیانبەخشی، ئێستاش سەرچاوە و هەتوانی لەبننەهاتووی خەبات و ڕێگای بەرەو ڕزگاریی کوردستان و گەلەکەمانە.

گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بوونی کۆمارەوە، بە پشتئەستووریی ئەو دەسکەوتە ڕەنگینە لەسەر مۆدێلی بەڕێوەبەریی خەڵکی و بەڕۆژی سەردەمیانەی کوردستانییانەی خۆی، تاپۆیەکی دروست کرد کە بووەتە میراتێکی بەنرخ و بەڵگەیەکی ڕەوای مافخوازانە لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان. کۆماری کوردستان پێگەیشتنی هەڵکەوتووان و تێکۆشەرانی گەل بوو بۆ بەئەنجامگەیاندنی مافی ڕەوای خۆبەڕێوەبەری و سەربەستانەی خۆی؛ بەدیوێکی تریشدا ئەو کیانە سیاسی و ڕامیارییە بەهێزە بوو کە نیشاندەری زیندوویی و ئاستی بەرزی هزر و بیری ڕەوای بەڕێوەبەریی کوردی و قەڵافەتی کوردستانی بوو.

لە ٢ی ڕێبەنداندا کاتێک هەتاوی ڕۆژی ڕووناکیی گەل سەرهەڵدەدات، ئیدی نەک مێشک و جەستە، بەڵکوو دەروون و هەناوی تاک و کۆمەڵانی کوردستانی دەهەژێنێت و دیمانەیەک لە هێز و باوەڕ و ئیمان بە ڕزگاری، دیسانەوە بەسەر ژیانی تاڵی سڕکەوتووماندا باڵ دەکێشێت. ٢ی ڕێبەندان تەنیا بیرەوەری و مێژوو نییە، بەڵکوو دەسکەوت و دامەزراندنی ماڵێکی گشتی و کوردستانییە کە بە گوێ و دڵی داگیرکەراندا چرپێندرا و لە جیهاندا زڕینگایەوە. ئەو کۆمارە ساوایەی کە بە دەستی ڕەشی داگیرکەرانی تۆقیو لە ئیرادەی گەل و پێشەوا و هاوڕێیانی گیان لەسەردەستی ڕووخێنرا، پاش هەرەسهێنانیشی بووە هێز و ورەیەکی لەبننەهاتوو و هەروەها بەڵگە و بەرچاوڕوونییەکی تەواونەبوو بۆ خەباتکاران و تاک و کۆمەڵانی کوردستانی؛ کە گەلی کورد پێچەوانەی هەموو بیر و خوێندنەوە بەرتەسک و باوەڕبەخۆنەبووەکان، دەتوانێت خاوەنداریی خۆی بکات و لەژێر ئاڵای شەکاوەی خۆیدا ژیانی هەرمان بکات.

نموونە و دەرکەوتی ئەو بەردەوامی و هێزبەخشییە پاش ڕووخاندنی کۆمار و شەهیدکردنی پێشەوا و یارانی، و هەروەها بە شەپۆلی سەرکوتکردن و تۆقاندنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە دۆخی تەنراو بە دەسەڵاتی داگیرکەراندا، سەرهەڵدان و بزووتنەوەگەلی هەشتا ساڵی ڕابردوو بوون؛ لە بزووتنەوەی شەهید مەلا ئاوارە و شەهید سولەیمانی موعینی و ڕاپەڕینی گەلی کوردستان دژ بە ڕێژیمی پاشایەتی و هەروەها بزووتنەوەی پاش هاتنی کۆماری ئیسلامی بە ڕێبەریی دکتۆر قاسملووی پێشەنگ. ئەمانە هەمووی پشتئەستوور بە ئەزموونی کۆمار و لە درێژەی ئەو مێژووە پڕ لە سەروەرییەدا بوو کە ئەمجار تەواوی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی تەنییەوە و دکتۆری شەهید بە داڕشتنێکی نوێ و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی زێڕین لە تێکۆشان، ئاگردانی پڕ لە پشکۆی خەباتی گڕاوتر کرد.

لە سێ دەیەی ڕابردووشدا، پێچەوانەی ڕەوتە جیاوازەکانی نێو کۆمەڵگە، پرسی نیشتمانی و نەتەوەیی ڕەواترین و گەورەترین و بەهێزترین داخوازیی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، کە لە بچووکترین بۆشایی و دەرفەتدا، ڕەنگاڵەی ئەو باوەڕە لەمێژینەیە لە جووڵە و دروشمەکانی گەلدا بەگوڕوتینەوە خۆ دەنوێنێت. گەل بە دەربڕینی هەڵوێست و ناڕەزایی خۆی بەرامبەر دۆخە ناهەموار و داسەپاوەکان، و تەنانەت پشتیوانی لە بزووتنەوە و جووڵەی پارچەکانی دیکەی کوردستان وەک؛ پشتیوانی لە کوردانی باکوور و ڕۆژئاوا، ڕاپرسیی باشووری کوردستان، کەرکووکی قودسی کوردستان و ئەو دروشمانەی لە ڕاپەڕینی ژینادا وترانەوە:

ئێمە کوردین نابەزین، ڕۆڵەی پێشەوا قازین.

کوردستان کوردستان، گۆڕستانی فاشیستان.

قاسملوو قاسملوو، ڕێگات درێژەی هەیە.

لەسەر شەقام و قوتابخانە و ناوچەکانی کوردستانەوە، بەزیندوویی و بەربڵاوی، پرس و داخوازیی ڕەوای نیشتمانی و نەتەوەیی بەڕوونی دەبینرێت. ئەم هەتوان و زیندوویی و ڕاپەڕیوییە، بەرهەم و دەرکەوتەکانی کۆماری شکۆداری کوردستان بووە و ئێستاش بەو هەوێن و مێژووە پڕ لە سەروەرییەەوە، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و تێکۆشەران و خەباتکارانی ڕێگای ڕزگاریی خاکی پیرۆزی کوردستان، چاوەڕێی سەرهەڵدان و بزووتنەوەیەکی نوێی یەکلاکەرەوەن.