ڕۆژی شەممە ٤ی ڕێبەندان ١٤٠٤(٢٤/٠١/٢٠٢٦ )، بە بەشداریی ڕێژەیەکی بەرچاو لە کوردانی نیشتەجێی وڵاتی سویس و بەمەبەستی مەحکوومکردنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرامبەر بە خەڵکی بێدیفاعی شارەکانی مەڵکشایی، لوڕستان، ئیلام و کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شارەکانی دیکەی ئێران، و هەروەها بۆ پاڵپشتی لە خەباتی ڕەوای کورد لە ڕۆژاوای کوردستان خۆپیشاندانێک لەلایەن حیزب و لایەنە كوردستانییەكانی ڕۆژهەڵات بەڕێوە چوو.
ئەم خۆپیشاندانە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان و ئێران دەستی پێ کرد.
پەیامی هێزە كوردستانییەكان لەلایەن خاتوو چیمەن بارام میرزا خوێندرایەوە. بۆ تێگەیشتنی زیاتری بەشداربووانی بیانی لە مەبەستی ئەم چالاکییە، وەرگێڕانی پەیامەكە بە زمانی ئاڵمانی لەلایەن خاتوو ئاوێزان ڕحمانزادە خوێندرایەوە .
دواتر خۆپیشاندەران بۆ نیشاندانی پاڵپشتی و هاوخەمی لەگەڵ شەهیدانی ڕاپەڕینی جەماوەریی کوردستان و ئێران بە وتنەوەی دروشمی تایبەتی وێڕای مەحکوومکردنی جینایەتەکانی ڕێژیم لە دژی خەڵکی وەزاڵەهاتووی کوردستان و ئێران، پشتیوانیی خۆیان لە خەباتی خەڵکی ئێران بەگشتی ڕاگەیاند و خوازیاری بەهاناوەچوونی ناوەند و کۆڕ و کۆمەڵە جیهانی و نێودەوڵەتییەکان لە بەرامبەر ڕێژیمی ئێران و جەنایەتەکانی دژ بە خەڵکی بێدیفاع بوون.
لە درێژەی خۆپیشاندانەکەدا پەیامێکی کرمانجی لەلایەن بەڕێز دارا سەعدوون و هەروەها پەخشانێک لەلایەن بەڕێز ئازاد حوسێنزادەوە خوێندرایەوە.
کۆڕی هۆنەری بە سروودی شۆڕشگێری لەلایەن چیا فەتحی، ئیلهام بەهرامی، ئاسۆ کەریمی، سۆران محەممەدی بەرنامەکەی زیاتر ڕازاندوە.
کۆمەڵێک حیزب و لایەنی کوردستانی و ئێرانی بەشدار بوون کە بریتی بوون لە:
سازمانی خەباتی کوردستانی ئیران، کۆمەڵەی زحمەتکێشانی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران