کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێک لە ڕۆژاوای کانادا بۆ پشتیوانی لە کوردستانییان

11:13 - 5 رێبەندان 2725

ڕۆژی شەممە ٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٤( ٢٤/١/٢٠٢٦)  کوردانی دانیشتووی ڕۆژاوای کانادا بە خۆپیشاندانێکی بێوێنە پشتیوانیی خۆیان بۆ ڕاپەڕینی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەرگری و خۆڕاگری گەلەکەمان لە ڕۆژاوای کوردستان دووپات کردەوە.

لەو خۆپیشاندانەدا هەزاران کەس لە هاووڵاتییانی دانیشتووی ڕۆژاوای کانادا بە ئاڵای کوردستان و جلوبەرگی کوردی بەشدار بوون و چەند سروودی شۆڕشگێڕی و پەیام و پەخشان بە کوردی و ئینگلیزی پێشکەش کران.

لە بەشێکی ئەو خۆپیشاندانەدا، هاوڕێ سمایل ئیبراهیمی، لە چەند وتەیەکدا یادی کۆماری کوردستانی بەرز ڕاگرت و بە ئاماژە بە جینایەتەکانی ڕێژیمی ئیسلامی بە تایبەت لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕایگەیاند کە پێویستە پشتیوان و دەنگی خەڵکی ڕاپەڕیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بین.

ئەو خۆپیشاندانە لە درێژەی زنجیرە خۆپیشاندانەکانی کوردانی ڕۆژاوای کانادا بوو و لەلایەن کۆمیتەی ئامادەکاری خۆپیشاندانەکانەوە سەرپەرستیی دەکرا. کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران- ڕۆژاوای کانادا دەورێکی بەرچاوی لە ناو کۆمیتەی ئامادەکاری و بەرێوەبردن و سەرپەرستیی خۆپیشاندانەکاندا هەیە.