ڕۆژی شەممە ٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٤(٢٤/١/٢٠٢٦)، بە مەبەستی پشتیوانی لە خەڵكی ڕاپەڕیوی ئێران و كوردستانی ڕۆژهەڵات، كۆمیتەی حیزبی دێموكراتی کوردستانی ئێران لە شاری ستۆكهۆڵم و ڕێكخراوی موجاهدینی خەڵكی ئێران، خۆپیشاندانێكی هاوبەشیان لە "مێدبۆریار پلاتسێن"، واتە گۆڕەپانی هاووڵاتی بەڕێوە برد.
لەو خۆپیشاندانەدا پەیامی كۆمیتەی حیزب بە زمانی فارسی لەلایەن "جەمیلە حەسەنخاڵی" و بە زمانی سویدی لەلایەن "ڕێناس خزری"، هەروەها پەیامی سازمانی موجاهدین بە زمانی فارسی لەلایەن "فلۆر مەسعوودی" و بە زمانی سویدی لەلایەن "ئێلاهە موسەدق" سیاسەت و هەڵوێستەكانی خۆیان دژ بە كۆماری ئیسلامی ئێران دەربڕی و هاوكاتیش ڕێگەچارە و بەرنامەی داهاتووی ئێرانێكی فرەنەتەوە و فرەڕەنگیان لە چوارچێوەیەكی دێموكرات و سێكۆلاردا خستە ڕوو.
لەلایەكی دیكەوە سیاسەتی سەركوت و ڕەفتاری دڕندانە و مرۆڤكوژیی ڕێژیمی ئاخوندیی ئێرانیان بەتوندی مەحكووم كرد و هاوكات داوای هاوكاری و بەهاناوەچوونیان بۆ خەڵكی ڕاپەڕیو و بنەماڵەی قوربانییانی ئەو ڕاپەڕینە لە ڕێكخراوە مرۆڤدۆست و دێموكراتخوازەكانی جیهان و سوید كرد.
لە ناواخنی خۆپێشاندانەكەدا وێڕای سروودی ئەی ڕەقیب و سروودە شۆڕشگێڕانەکان ، دروشمەكانی "نەمان بۆ ستەمکار چ شا بێت و چ ڕێبەر،"ژن، ژیان، ئازادی"، "ناوەندی تیرۆریستان-باڵیۆزخانەی ئێران" دابخرێ، " بژی كوردستان"، "بڕووخێ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، "كوردستان كوردستان- گۆڕستانی فاشیستان"، "نە پاشایەتی و نە ڕێبەری-دێموكراسی و بەرابەری" بە زمانەكانی كوردی و فارسی و سویدی دەوترانەوە و لە كۆتاییشدا بە ڕێپێوانێكی كورت كۆتایی بە خۆپێشاندانەكە هات.