کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە بەشداریی دۆستانی کورد لە سویس یادی ٢ی ڕێبەندانی کرایەوە

16:28 - 5 رێبەندان 2725

بە بۆنەی هەشتایەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، بە دەسپێشخەریی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سویس، ڕێوڕەسمێک بە بەشداریی کەسایەتیی سیاسی سویسی وەک کارلۆ سۆماروگا و فابیۆ لە لێژنەی سیاسەتی دەرەوەی پارلەمان، پرۆفیسۆر تۆماس گوتنێر مامۆستای زانکۆ و پرۆفیسۆر ئێلیت بیچیر پارێزەر و مێژووناس پێک هات .

ڕێوڕەسمەکە بە پەخشکردنی سروودی نیشتمانی و ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.

پاشان خاتوو میدیا پیرۆتی، ئامادەکاری ڕێوڕەسمەکە، وێڕای بەخێرهێنانی میوانەکان، وتارێکی سەبارەت بە مێژوو و شکۆمەندیی کۆماری کوردستان بە زمانی ئاڵمانی  پێشکەش کرد.

لە بەشێکی تری یادەکەدا، سێناتۆر کارلۆ سۆماروگا وتارێکی خوێندەوە؛ ناوبراو ئاماژەی بە گرنگیی ئەو ڕۆژە مێژووییە دا و دوای هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئێستای کورد، جارێکی تر پشتیوانیی خۆی بۆ دۆزی ڕەوای گەلی کورد دەربڕی. هەروەها پارلەمانتار فابیۆ، کە دۆستێکی لەمێژینەی کوردە، لە وتەیەکدا ئامادەیی خۆی بۆ هەر جۆرە پاڵپشتییەکی سیاسی لە دۆزی کورد نیشان دا.

یەکێک لە بەشە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم یادکردنەوەیە، نمایشکردنی کورتەفیلمێک بوو سەبارەت بە مێژووی کۆماری کوردستان و هەشتا ساڵ خەباتی بێوچانی حیزبی دێموکرات. بینینی فیلمەکە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر میوانەکان هەبوو، بەجۆرێک کە بە ماوەیەکی کورت، زانیارییەک زۆر لەبارەی کۆماری کوردستانیان وەدەست هینا و داوایان کرد کۆپییەکی ئەو فیلمەیان پێ بدرێت.

لە بڕگەی کۆتاییدا چەپکەگوڵی ڕێزلێنان پێشکەش بە دوو پێشمەرگەی ڕۆژانی سەخت خاتوو کەژاڵ حاجی عەباسی و بێژەری بە توانای دەنگی کوردستان کاک ئەحمەد شێربەگی کرا.