کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سێمینارێک بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان لە وڵاتی فینلاند

19:30 - 5 رێبەندان 2725

ڕۆژی شەممە ٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٤(٢٤/١/٢٠٢٦)، کۆمیتەی گشتیی حیزب لە وڵاتی فینلاند بەبۆنەی ۲ی ڕێبەندان هەشتایەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان سمینارێکی لە شاری تامپێر بەڕێوە برد. 

خاتوو شنە ڕەزابی وەک بەڕێوەبەری سێمینارەکە، دەسپێکی سێمینارەکەی بە ڕاگەیاندنی سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی پیرۆزی شەهیدان دەست پێ کرد.

پاشان بەرپرسی کۆمیتەی فینلاند کاک سەیدئەحمەد حسێنی بەخێرهاتنی بەشداربووان و بەتایبەت ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی بەڕێزان د.کوێستان گادانی و د.جواد دانش پەژووی کرد و چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

لە درێژەدا هاوڕێ د.کوێستان گادانی باسێکی سەبارەت بە کۆماری کوردستان، دەستکەوت و وانەکانی کۆماری کوردستان و ئاڵوگۆڕەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەتایبەت هەلومەرج و دۆخی تایبەتی کوردەکان لە بەشەکانی دیکەی کوردستاندا هێنایە ئاراوە. د.کوێستان گادانی هاوخەمی و هاودەردیی لەگەڵ قوربانییانی بەرخۆدان لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای کوردستان دەربڕی و وتی: "لە دوای شەڕی جیهانیی دووهەمەوە یەکەمجارە کە دنیا هێندە کێشەی ناوچەیی تێدا کەڵەکە بووە» و دەربارەی کۆماری کوردستان وتی: «کۆمار لە هەلومەرجێکی تایبەتی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا بە وردبینی و شارەزایی پێشەوا دامەزرا» و لە درێژەدا باسی ئەوەی کرد کۆمار لە پێنج بواردا هەنگاوی نا :

ـ دەسکەوتەکانی کۆمار ئێمەی فێری سەربەخۆیی لە بڕیارداندا کرد، ئەوە میراتێکە کە هەتا ئێستا بۆ حیزبی دێموکرات ماوەتەوە .

ـ ڕۆڵی ژنان و لاوان؛ کۆمار لە هەلومەرجی ئەو کاتدا لەمبارەوە هەنگاوی نا و ژنانی هان دا بۆ بوونیان لەنێو سیاسەت و کۆمەڵگە و لاوانیش بۆ درێژەپێدانی خوێندن و بێگومان لەمبارەوە ئەرکی حیزب و هەموو لایەنەکانە ئەم میراتەی کۆمار هەرچی زیاتر پەرەی پێ بدرێ.

ـهەستی نەتەوەیی و یەکگرتوویی، پێشەوا توانی یەکگرتوویی نەتەوەیی پێک بێنێ و حیزبی دێموکرات ئێستە ئەوپەڕی هەوڵی خۆی داوە بۆ درێژە و بەردەوامیی ناوەندی دیالۆگ.

ـ کۆمار ئەرکی خستووەتە سەر شانمان کە هەنگاو بەرەو یەکڕیزی و یەکگرتوویی هەڵێنینەوە و مەترسی بکەینە ئاشتەوایی، ئەو کارەی کە پێشەوا بۆ دۆستایەتیی نێوان کورد و ئازەری کردی.

لە کۆتاییدا د.کوێستان گادانی زۆر بەپێزانینەوە باسی شەهیدانی مەڵکشایی و ئیلام و کرماشانی کرد و ئەوەی کە هەموو شارەکانی کوردستان بۆ پشتگیرییان مانیان گرت بە واتای هاوچارەنووس بوونی نەتەوەی کوردی پێناسە کرد.

هەمان ڕۆژ پاش سێمیناری ۲ی ڕێبەندان، کۆبوونەوەیەکی تەشکیلاتی بۆ ئەندامانی حیزب لە وڵاتی فینلاند بەڕێوە چوو و هاوڕێیان د.کوێستان گادانی و د.جواد دانش پەژوو باسێکیان سەبارەت بە تەشکیلاتی حیزب لە دەرەوەی وڵات پێشکەش کرد و لە کۆتاییدا وڵامی پرسیار و تێبینی و سەرنجی ئەندامانی حیزبی دێموکراتیان دایەوە.