کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانی کوردانی باشووری سوید بۆ پشتگیری لە بەرخۆدانی ڕۆژاوا و سەرهەڵدانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

20:51 - 5 رێبەندان 2725

ڕۆژی شەممە ٤ی ڕێبەندانی ١١٤٠٤(٢٤/١/٢٠٢٦)، هەزاران کەس لە کوردستانییانی باشووری سوید بە مەبەستی پشتگیری لە خۆڕاگری و بەرخۆدانی گەلەکەمان لە ڕۆژاوای کوردستان و سەرهەڵدانی گەل لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆپیشاندان و ڕێپێوانێکی گەورەیان بە بەشداریی هەزاران کەس لە کوردانی هەر چوارپارچەی کوردستان، نوێنەری حیزب و ڕێکخراوە سویدییەکان و سەدان سویدی لە شاری مالمۆ کە سێهەمین گەورە شاری سویدە ڕێک خست.

سەرەتای خۆپیشاندانەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب لەلایەن ئازاد بانەیی و گوڵستان پەروەر و موزیکی جەمال فەتحیان دەستی پێ کرد.

پاشان بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان خۆلەکێک بێدەنگی ڕاگەیاندرا.

پەیامی پارتی دێموکراتی کوردستان خوێندرایەوە کە تێیدا داوای یەکگرتوویی زیاتر لە کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان کرابوو.

بەشداران بە وتنەوەی دروشمگەلێکی وەک: ڕۆژاوا ڕۆژهەڵاتە، کوردستان یەک وڵاتە،

ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات خەبات بۆ بوون بە وڵات، و وتنەوەی دەیان دروشم بە سویدی و ئینگلیسی، داوای پشتگیرییان لە حکوومەت و گەلی سوید و یەکیەتیی ئورووپا بۆ گەلەکەمان کرد.

سەرەڕای سەرمای تاقەتپڕووکێنی ١٠ پلەی ژێر سیفر کوردستانییان بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە و بە ڕێپێوان بە دەیان شەقامی سەرەکیی شاری مالمۆدا بوونە دەنگ و بانگەوازی پڕ بە قورگی خوشک و براکانیان لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای وڵات و سەرکۆنەی هێرشی هێزە دڕندە و مرۆڤکوژەکانی وڵاتانی داگیرکەری کوردستانییان دژ بە ڕۆڵەکانی گەلی کورد کرد.

بەشێکی بەرچاو لە ئەندام، دۆست و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕێکخستن و بەڕێوەچوونی ئەو خۆپیشاندانەدا دەوری سەرەکییان گێڕا و بەشدار بوون.

لە کۆتایی ڕێپێوانەکە دا بڕیارنامەیەکی ٥ خاڵی ئامادە کرا کە  پێشکەشی کۆنسوڵخانەی وڵاتان و یەکیەتیی ئورووپا دەکرێ