کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی خۆپیشاندان بۆ پشتگیری لە ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران

20:50 - 5 رێبەندان 2725

ڕۆژێ شەممە ڕێکەوتی ٤ی رێبەندانی ۲۷۲٥ی کوردی خۆپێشاندانێکی چەند هەزار کەسی بە مەبەستی پشتیوانی لە سەرهەڵدانی ڕۆژهەڵات و بەرخۆدانی ڕۆژاوای کوردستان لە شاری ستۆکهۆڵم بەڕێوە چوو.

لە دەستپێکی خۆپێشاندانەکەدا سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب خوێندرایەوە و پاشان بە خولەکێک وەستان بە بێدەنگی ڕێز لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان گیرا.

لەو خۆپیشاندانەدا ڕێژەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزب دانیشتووی سوید بەشدار بوون. لەو گردبوونەوەیەدا پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزب لەلایەن عەزیز "مورادپەرەست"ـەوە پێشکەش کرا.

 لە پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزبدا باس لە خۆپیشاندانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها ڕۆژاوای کوردستان کرابوو؛ مورادپەرەست وتی ئێمە وەکوو حیزبی دێموکرات وێرای پشتیوانی و پشتگیری لە خەباتی ڕەوای گەلەکەمان لە ڕۆژاوای کوردستان، ئەم هێرشانەی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی کاتیی سووریە بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان مەحکووم و شەرمەزار دەکەین و هیوادارین کێشەکان بە ڕێگای ئاشتی چارەسەر بکرێن و گەلەکەمان لەو بەشەی کوردستاندا بە مافەکانی خۆیان شاد بن.