ڕۆژی شەممە ٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٤(٢٤/٠١/٢٠٢٦)، لە شاری ئۆسڵۆ و لەلایەن حیزب و هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵکی ئێران و حیزب و ڕێکخراوەکانی بلووچستانەوە خۆپێشاندانێکی گەورە بە مەبەستی پشتیوانی لە ڕاپەرینی گەلانی ئێران و کوردستان، بە مەبەستی مەحکوومکردنی جینایەتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، دەرحەق بە خەڵکی ئازادیخواز و وەزاڵەهاتووی ئێران بەگشتی لە بەردەم وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژ بەڕێوە چوو.
خۆپیشاندانەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێ کرد.
دواتر بەڕێز ڕێبوار ئەحمەدزادە پەیامی هێز و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بە زمانی کوردی پێشکەش کرد، کە دواتر هەمان پەیام بە زمانەکانی فارسی و نۆروێژی پێشکەش کران.
لە پەیامی هێز و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا وێڕای هاودەردی لەگەڵ کەس و کاری قوربانییانی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەی شارەکانی ئێران، ئاماژە بەوە کرابوو کە: "ئێمە ڕێز لە ڕاپەڕینی ڕەوا و هۆشیارانەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگرین و هاوکات هاوسۆزی تەواوی خۆمان لەگەڵ خەبات و تێکۆشانی سەرانسەریی خەڵکانی ئێران ڕادەگەیەنین. ڕاپەڕینی ئێستا، وڵامێکی ڕوونە بۆ ساڵانێک ستەم، هەڵاواردنی سیستماتیک، هەژاری، نادادپەروەری و ژێرپێخستنی بەها مرۆییەکان. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرامبەر ئەم داواکارییە ڕەوایەدا، جارێکی تر ڕووخساری ڕاستەقینەی خۆی پیشان دایەوە و جنایەتێکی دڕندانە و ملهوڕانەی بەرامبەر خۆپیشاندەران ئەنجام داوە. تەقەکردنی ڕاستەوخۆ لە خۆپیشاندەران، دەسبەسەرکردنە هەڕەمەکییە گشتییەکان، ئەشکەنجە، هەڕەشەکردن لە بنەماڵەی کوژرا و بریندار و دەسبەسەرکراوەکان، دروستکردنی کەشی ترس و تۆقاندن، بەشێکن لەو سیاسەتە سەرکوتکەرانەیە کە بە تایبەتی لە کوردستاندا بەڕێوە چووە. ئێمە داوای خۆمان ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکیەتیی ئورووپا، ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ، ڕیپۆرتێران و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ و هەموو ڕێکخراوەکان و لایەنگرانی ئازادی و بەها مرۆییەکان دەکەین کە: سەرکوتی خەڵکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە توندی محکوم بکەن، بۆ وەستاندنی توندوتیژی و جینایەتی ڕێژیمی ئێران بەرامبەر خۆپیشاندەران هەنگاوی کردارەکی بگرنە بەر، پشتیوانییەکی کاریگەر لە مافی خۆپیشاندەران بۆ ئازادیی، بۆ ژیانێکی شەرافەتمەندانە، بۆ نەهێشتنی ستەم و دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان بکەن."
ڕێکخراوی موجاهیدنی خەلقیش لەو خۆپێشاندانەدا پەیامێکی پێشکەش کرد کە تێدا جەخت لەوە کرایەوە کە خەڵکی ئێران، دوای ڕووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی، گەڕانەوە بۆ هەر جۆرە سیستمێکی دیکتاتۆری ڕەت دەکەنەوە.
بزووتنەوەی ناڕەزایەتی لە ئێران تەنیا لە گرووپ و ناوچەیەکی دیاریکراودا سنووردار نییە و نەتەوە جۆراوجۆرەکان، لەوانە کورد، بەلووچ، عەرەب، تورک، لۆڕ، فارس و تورکمان، سەرەڕای چەندین ساڵ هەڵاواردن و بێبەشی لەم پرۆسەیەدا بەشدارییان کردووە. لەو چوارچێوەیەشدا جەخت لەسەر پێویستیی دەستەبەرکردنی مافی یەکسانی هاووڵاتیبوون و داننان بە مافی نەتەوەکان لە هەر پێکهاتەیەکی سیاسیی داهاتووی ئێراندا کرایەوە.
هەروەها چەند حیزب و ڕێکخراو و کەسایەتیی نۆروێژی بۆ داکۆکی لە خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران پەیامیان پێشکەش کرد، کە بریتی بوون لە: پەیامی هاوبەشی حیزبەکانی بەلووچستان، پەیامی هاوبەشی یەکیەتی ژنانی حیزبی دێموکرات و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵات بە زمانەکانی فارسی و چەند کەسایەتی و پارلەمانتاری نۆروێژیش کە بریتی بوون لە: ئۆلا ئێلڤێستون، سیاسەتمەدار لە پارتی لیبڕاڵ Venstre – V. لە ساڵی ٢٠١٨ تا ٢٠٢٠ وەک وەزیری کەشوهەوا و ژینگەی نۆروێژ کاری کردووە و لە ساڵی ٢٠١٣ تا ٢٠٢٥ نوێنەری شاری ئۆسلۆ بووە لە پارلەمانی نۆروێژ (Storting).
سیگنێ ڕامسۆن هۆیە، ئەندامی دەستەی ناوەندیی ڕێکخراوی لاوانی پارتی کرێکارانی نۆروێژی (AUF).
لارس ڕایس، نوێنەری شاری ئۆسلۆ و ئەندامی پارتی دێموکرات مەسیحی نۆروێژی، لە پارلەمانی نۆروێژ لە ساڵی ١٩٩٧ تا ٢٠٠٥.