ڕۆژی یەکشەممە ٥ی بەفرانباری ١٤٠٤(٢٥/١/٢٠٢٦)، کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان، فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان لە دانمارک و چەندین کەسی نیشتمانپەروەر، بۆ پشتگیری لە ڕۆژاوای کوردستان، لە شاری کۆپێنهاگ بەڕێوە چوو.
لەم کۆبوونەوەیەدا کە بە مەبەستی تاوتوێکردنی شێوەی بەڕێوەبردنی خۆپیشاندان و ئاکسیۆنانەکان لە وڵاتی دانمارک، هەروەها ڕۆڵی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە پشتگیری لەم خۆپیشاندانانە ڕێک خرابوو، هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆمیتەی دانمارک پێکهاتوو لە "ئەحمەد ڕەحمانی" بەرپرسی بەشی پەیوەندییە ئێرانی و کوردستانییەکان، "مەسعود نادری" بەرپرسی کۆمیتە ناوچەی شیلەندی حیزب بەشدار بوون.
لەلایەن بەرپرسی بەشی پەیوەندییە ئێرانی و کوردستانییەکانەوە تیشک خرایە سەر بارودۆخی ئێران بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی، ڕۆڵی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و "ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاری"، هێرشی بێبەزەییانەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ناوچەکانی کرماشان، مەڵکشایی، ئیلام و لوڕستان و باس لەسەر بارودۆخی خراپی خەڵک و پچڕانی هێڵی ئێنتێرنێت و شاردنەوەی ڕاستییەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کرا.
ئەوەی جێی ئاماژەیە لەم کۆبوونەوەیەدا بەشداران سەرنج و تێبینییەکانی خۆیان لە ڕاستای هەرچی باشتر بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەکان خستەڕوو، پاشان لەلایەن بەشدارانی کۆبوونەوەکە بەڕێوەبەرییەکی چەند کەسی بۆ بەڕێوەبردنی خۆپێشاندانەکانی پشتیوانی لە ڕۆژاوای کوردستان هەڵبژێردران و بۆ هەرچی باشتر بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەکان لە وڵاتی دانمارک ئەرکدار کران.