لە شاری لیدزی بریتانیا خۆپیشاندانێکی بەفراوان لەلایەن کوردستانیانەوە بۆ پشتیوانی لە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای کوردستان بەڕێوە چوو. ئەم خۆپیشاندانە بە ئامادەبوونی زۆری خەڵک و بە ڕێکخستنێکی بێوێنە بەڕێوە چوو.
ئەرکی سەرەکیی بەڕێوەبردن و سەرپەرستیکردنی ئەم خۆپیشاندانە لە ئەستۆی ئەندامانی حیزبی دێموکرات و بەتایبەت كۆمیتە ناوچەی حیزبی دێموكرات لە شاری لیدز بوو کە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە لە دوو بەشی سەرەکیدا سەرکەوتووانە ئەركەكانیان ڕاپەڕاند:
بەشی بەڕێوەبەری: ڕێکخستنی بەرنامەکان، ئامادەکردنی دروشمەکان و هاواهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کە بووە هۆی ئەوەی دەنگی کورد بە ڕوونی بگات.
بەشی سیکیوریتی: پاراستنی نەزم و ئاسایشی خۆپیشاندانەکە و کۆنترۆڵکردنی جەماوەر بە شێوەیەکی زۆر پرۆفیشناڵانە.
لە کاتی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەکەدا، ژمارەیەکی کەم لە تاقمی سەڵتەنەت تەڵەبەکان هەوڵیان دا بە دروشمی لاوەکی کێشە دروست بکەن و کەشی خۆپیشاندانەکە بشێوێنن. بەڵام ئەندامانی حیزبی دێموکرات و بەشداربووان، زۆر ژیرانە و بە شێوازێکی کوردانە وڵامیان دانەوە و ڕێگەیان نەدا ئامانجە تێکدەرانەکانیان بپێکن، بەمەش سەلماندیان کە مەیدانی خەباتی نەتەوەیی جێگەی ئاژاوەگێڕی نییە.
ئەم خۆپیشاندانە نیشانەی هێز و توانای ڕێکخستنی حیزبی دێموکرات و دڵسۆزیی ڕەوەندی کوردی بۆ پشتیوانیکردنی پارچەکانی کوردستان بوو.