ڕۆژی شەممە ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٤، بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی ناوخۆی ئێران و هەروەها هاودەنگی لەگەڵ خەڵکی وەزاڵەهاتووی ڕۆژهەڵاتی نیشتمان لە دۆخی نالەباری ئابووری و گوشاری سیستماتیکی بندەستی کۆماری دیکتاتۆر و تۆتالیتێری ئیسلامیی ئێران، خۆپیشاندانێک لە ناوەندی شاری هامبۆرگ بە هاوکاریی (گروە های فراجناحی هامبورگ) و بە بەشداریی ڕێژەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەروەها کەسانی ئازادیخوازی کورد و ئێرانی و ئاڵمانی بەڕێوە چوو.
خۆپیشاندەران بە وتنەوەی دروشم و دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی کردەوە دژەمرۆییەکانی کۆماری ئیسلامی، پشتیوانیی خۆیان لە خەڵکی ستەملێکراوی ئێران دەربڕی و بە وتاری کوردی و ئاڵمانی و فارسی، تووڕەیی و بێزاریی خۆیان لە تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی بە ئامادەبووانی خۆپیشاندانەکە ڕاگەیاند.
کاک شەهریار نەقشبەندی لە وتارێکیدا وتی لە وڵاتێکدا کە بە شێوەی سروشتی خاوەنی سەرچاوەکانی دەوڵەمەندی داراییە، خەڵکەکەی بە هۆی سیاسەتە دژەمروڤی و ئامانجە ئیدئۆلۆژیەکانیەوە لە ئاستێکی زۆر نزم و دۆخێکی خراپی هەژاریدا دەژین. ئەوە لەحاڵێکدایە کە لە بواری کۆمەڵایەتی و سیاسیشدا دەبینین کە لە ئێعدام و ئەشکەنجە و هەڵاواردن و زیندان و تۆقاندن و تێرۆر لە جیهاندا لە ئاستی سەرەوەی وڵاتانی دیکتاتۆردایە و وڵامی هەرچەشنە ڕەخنە و سکاڵایەک بە دڕندانەترین شێوە دەداتەوە.