کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سێمیناری تایبەت بە ٨٠ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە شاری بریزبێن

17:48 - 6 رێبەندان 2725

ڕۆژی یەکشەممە ٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٤(٢٥/٢/٢٠٢٦)، بە بەشداریی ئەندامانی حیزبی دێموکرات، کوردانی دانیشتووی شاری بریزبێن، بەڕێز سێناتۆر پۆڵ سکار لە حیزبی لیبڕاڵی ئوسترالیا، نوێنەرایەتیی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان، نوێنەرانی کۆمەڵگەی کوردیی ئەم شارە و چەند میوانێکی ئوسترالی سێمینارێکی تایبەت بە ٨٠ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان بەڕێوە چوو.

 سێمینارەکە دوای بەخێرهاتنی بەشداربووان لەلایەن کاک مەسعوود پیرانەوە و بە سروودی  ئەی ڕەقیب و سروودی ئوسترالیا دەستی پێ کرد .

کاک سەلاح پوورسەد بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزب لە ئوسترالیا و بەرپرسی کۆمیتەی ئوسترالیا وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا باسێکی گشتیی لەسەر کۆماری کوردستان و دەسکەوتەکانی ئەو کۆمارە و کاریگەرییەکانی ئەو کۆمارە لەسەر نەسڵەکانی دوای خۆی کرد.

ئەو لە درێژەی باسەکەیدا وتی ئەوڕۆ لێرەین کە یادی ٢ی ڕێبەندان بکەینەوە، ڕۆژێکی مێژوویی کە کوماری کوردستانی تێدا دامەزرا. ناسیۆنالیزمی پێشکەوتنخواز لە دایک بوو و زمانی کوردی وەک ناسنامە، جەنگاوەری کورد وەک پێشمەرگە و دامەزرانی لەشکری کوردستان و خوێندنی کچان بە ڕەسمی بوونە سیاسەتی کۆمار.

هەر چەند تەمەنی کۆمار کەم بوو و بەڵام میراتێکی هەتاهەتایی بۆ کورد بەجێ هيشت کە شوێن ناسنامەی نەتەوەیی بکەوێ و ئەوڕۆ لە چڵەپۆپەدایە. ئەگەر کۆمار لە کاتی دامەزرانی ناوچەیەکی بچووکی لەژێر دەستدا بوو، لە پاش ڕووخانی شا بیری نەتەوەیی لە کرماشان تا ماکۆ پەرەی سەند و ئەوڕۆ ئەو بیرە گەیوەتە لوڕستان و ئیلامیش.

کۆمار شکستی پێ هات، بەڵام حیزب بەردەوام بوو لە خەبات و بە قوربانیدانی ساڵەکانی ٤٦-٤٧ ئەو ئاڵایەی ڕاگرت و لە پاش هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی خەباتی گەشاوەی پێشمەرگانە و خەباتی مەدەنی و خۆپیشاندان بەردەوام بوو.

ئێستاش پاش ٨٠ ساڵ ئەو ڕێبازەی کۆمار هەر بەردەوامە، کورد تەنیا بە برایەتی و یەکبوون بە ئاوات دەگا، هەستی نەتەوەیی بە هیچ ڕێژیمیک سەرکوت ناکرێ. هێرشی دەوڵەتی تازەی سووریە بۆ سەر کوردی ڕۆژاوا و ئەو پشتیوانییە بەهێزەی پارچەکانی دیکە سەلمێنەری ئەوەیە کە کورد و بیری نەتەوەیی کۆتایی نایە.

ناوبراو باسی ناوەندی دیالۆگ کرد و وتی: وەک ئاڵترناتیڤ ئامادەن لە کوردستان هاواهەنگ بن و لەگەڵ ئوپوزیسیونی پێشکەوتووخواز بەرنامەی بەڕێوە بردنی ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی دابڕێژن.

ناوبراو ئاماژەی بە کوشتاری دەیان هەزار نەفەری لە ئێران کرد و داوای لە ئوسترالیا کرد کە ئەو جەنایەتە بە تاوانی جەنگی لە قەڵەم بدرێ.

کیژی لاو شانیا سوهرابی وتارێکی پڕ ناوەرۆکی لەسەر ڕوداوەکانی ئەم دواییانەی ناوخۆی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە زمانی ئینگلیسی پێشکەش کرد و لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە مێژووی کوردستان کرد و باسی ئەو هەموو قوربانییەی کرد کە لە ماوەی کۆماری کوردستانەوە تا ئێرە کورد داویەتی بەڵام هەر بە ئاور و ئاسن و هێرشی نیزامی و زوڵم و زۆر وڵامی دراوەتەوە و وتی دوای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی ئێرانیش،  کوردستان مێلیتاریزە کراوە و زیاتر لە ٦٠ هەزار کەس قوربانی بووە بەڵام گەلی کورد لەو بەشە تەسلیم نەبووە و وازی لە داوا ڕەواکانی خۆی نەهێناوە.

 دواتر  دیاکۆ پیران فیلمێکی ١٠ خولەکیی لەسەر قارەمانەتیی شەڕڤانانی کورد و جینایەتی قەتڵی کیژە شەڕڤانەکەی ڕۆژاوای کوردستان  پێشکەش کرد و کاردانەوەی  ژنانی کورد لە هەموو جیهانی پیشان دا و  باسی  یەکگرتوویی هەموو بەشەکانی کوردستانی کرد کە چۆن پشتی یەکتریان گرت و هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتی و شەقامەکانی کوردستانییان تەنی.

سێناتۆر پۆڵ سکار دۆستی دڵسۆزی گەلی کورد لە ئوسترالیا وتارێکی پێشکەش کرد و لە وتارەکەیدا ئەوپەڕی خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی کە گەنجانی تازە پێگەیشتووی کورد لەم شارە ئاوا هەڵسووڕانە بابەت پێشکەش دەکەن.

ناوبراو وتی  من لەو کاتەوە لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردی ئاشنا بووم  تەواو هەستم بە ئازارەکانی ئەو گەلە کردووە و  ئامادەی هەموو جۆرە پشتئوانییەک لە  دۆزی ڕەوای گەلی کورد بووم؛ وێڕای ئەو هەموو گوشارەی کە لەلایەن نەیارانی گەلی کورد لەسەرم  بووە، چاک بۆم دەرکەوتووە کە کۆماری ئیسلامی ڕێژمێکی دژەمرۆڤە.

بەڕێز پۆڵ سکار بۆ جارێکی دیکە پشتیوانیی خۆی لە گەلی کورد و مافەکانی دەربڕی و پێشوازییەکی گەرمی لێ کرا.

لە بەشێکی دیکەی سێمینارەکەدا دوکتور حەسەن سونبولی پەیامێکی بە ئینگلیسی پێشکەش کرد و تێیدا وێڕای ئاماژە بە جینایەتەکانی داگیرکەرانی کوردستان چەندین خاڵی وەک داواکاری ڕوو بە بەشداربووان و پۆڵ سکار خوێندەوە و داوای پشتیوانیی زیاتری کۆمەڵگەی ناودەوڵەتی و دەوڵەتی ئوسترالیای  لە دۆزی ڕەوای کورد کرد.

پۆڵ سکار لە کۆتاییدا بەلێنی دا کە ئەم داواکارییانە لەگەڵ بەرپرسانی ئوسترالی و لە ناو سێنای ئوسترالیا بیهێنێتە بەر باس.

لە بەشەکانی دیکەی سێمینارەکەدا وتاری نوێنەراییەتی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان لەلایەن تاڤگە جاف پێشکەش کرا کە لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە و زوڵم و زۆرییە کرد کە   داگیرکەرانی کوردستان لە ئێران و سووریە بە دژی گەلی کورد ئەنجامی دەدەن. هەروەها باسی ئەو یەکگرتوویە مەزنەی کرد کە ئێستا لە هەموو پارچەکانی کوردستان  بۆ پشتیوانی لە کوردانی ڕۆژاواو ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن .

بەشێکی دیکەی سێمینارەکە تەرخان کرابوو بۆ پێشکەشکردنی کورتە شێعری شۆڕشگێڕی و نیشتمانپەروەرانە کە لەلایەن مێلیسا سەڕاجی پوورەوە پێشکەش کرا.

دوایین وتاری ئەم سێمینارە لەلایەن بەڕێز مەندە قەڵادزیی بە زمانی ئینگلیسی  پێشکەش کرا کە تێیدا باسی ئازار و نەهامەتییەکانی گەلی کوری کرد.