کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەکدارە دڵڕەشەکان و تەماویکردنی چارەسەرە سیاسییەکان

19:50 - 6 رێبەندان 2725

د. ڕەحیم سورخی

میدیای عەرەبیی شۆڤینی، بەکارھێنانی ئیسلام لە پێناو عروبە و پیرۆزکردنی فەرمانە حکومییەکان بە ئایەتەکانی قورئان، گێڕانەوە و سەرچاوە ئایینییەکان ڕەوایەتیی کۆمەڵکوژکردنی کوردیان لەگەڵ ئەزموونە تاکەکەسی، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی عەرەب یەک خستووە و کاری ئێمەیان زۆر زەحمەت کردووە. ھەمیشە لایەنی بەرانبەرت گرنگە کێ بێت، چ دنیابینییەکی ھەیە، پرینسیپەکانی چین، تا لای کەم بتوانیت پێشبینیی سنوورێک لە ڕەفتارەکانی بکەیت.

ھیوادارم ئاگربەستە ١٥ ڕۆژەکە بەبێ شەڕ بەردەوام بێت و نوێش بکرێتەوە. بەتایبەتی لەکاتی پێکدادانی ئەمریکا و ئێراندا ڕۆژاوا و حکوومەتی نوێی سووریە لە ئاگربەستدا بن. ئەگەری زۆرە لەکاتی شەڕی ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیلدا دەوڵەتی عەرەبیی سووریە و تورکیە ھێرش بکەنە سەر ڕۆژاوا. لە کاتێکی وەھادا جیھان سەرنجی لەسەر ڕۆژاوا لادەچێت، میدیای نێودەوڵەتی ڕووماڵی میدیایی کوردستان دەخەنە پەراوێزەوە و دەنگی کورد وەک پێویست بە جیھان ناگات.

قسەکانی نوێنەری دەرەوەی عەرەبیی سووریە، محەممەد ئەحمەد، بەو پەنجە ڕاوەشاندن و تۆن و شێوازی ئاخاوتنەیدا هیچ مەجالێک ناھێڵێتەوە و شتێک وەک قەوارەی کوردی ناھێڵێتەوە. دیارە ئەوە پێشتر حکوومەتی خۆسەریش لە ڕۆژاوا بە ناوی «باکووری ڕۆژھەڵاتی سووریە»وە ئەو ناسنامەیەی لە کورد ستاندبووەوە، بەڵام ئەمجارە جیاوازییەکەی ئەوەیە «دێموکراتیک»ەکەشی کە گەرەنتیی مانەوەی ھێزەکانی ھەسەدە تەنانەت وەک تاکیش بکات، نامێنێت و بە وتەی ئەم بەرپرسە سوورییە، بەس سووریە دەمێنێت.

لە پاش کۆمەڵکوژییەکانی حەلەب، ئێستا بەپێی وتەکانی بەڕێز خاتوو ئیلھام ئەحمەد، ھێزی حکوومەتی نوێی سووریە (تیرۆریستەکانی دوێنێ، ئەمڕۆ و سبەینێش) بە سەدان شەرڤانی ھەسەدە کە گرتوویانن لە دێرزوور، تەبقا و ڕەقا دەستبەجێ شەھیدیان کردوون. ئەوانە خێزانی کوردیان بە ورد و درشتیش کۆمەڵکوژ کردوون. ئەم ھەڵسوکەوتە دڕندانەیە ھیوای ئاسۆی چارەسەرێک تەنانەت بەپێی مەرسوومە ١٣ خاڵەکەی ئەحمەد شەڕعیش تاریک و تەماوی دەکات.

تەنیا ھێزێک لە دەرەوە دەتوانێت بەربەست بێت لەبەردەم قڕکردنی کورد، چونکە ئەو ھێزە بەڕبەڕە بێسەروبەرەی جۆلانی، کە ئەزموونی ١٥ ساڵ کوشتار و توندوتیژیی بەشانەوەیە، کۆنترۆڵ ناکرێت و تێکەڵاوکردنی تاکەکەسییانەی ھێزەکانی ھەسەدەش لەو ھێزانەدا، بە ھیچ شێوەیەک ڕێگر نابێت لەو بێڕەوشتییانەی ئەو ھێزانە دەینوێنن. ھەر یەکەم کەسەکانی دەکەونە بەر ئەو پاکتاوە لە پێشدا ئەو ھێزانە دەبن. ئەو ڤیدیۆیانەی ئەوان لە کردەوە تاوانکارییەکانی خۆیان (کەزیبڕین، گوێبڕین، سەربڕین) بڵاوی دەکەنەوە، ھەستی حەز و چێژ و خۆشحاڵییەکی تایبەتیی لەگەڵدایە کە بۆ ھەر مرۆڤێکی ئاسایی زۆر نامۆ و تۆقێنەر دێتە بەرچاو.

بەردەوامیی خۆپیشاندانەکان لە کوردستان و دەرەوەی وڵات، پڕکردنی سۆشیاڵ میدیا و میدیای جیھانی لە کارنامەی کردەوە نامرۆڤییەکانی ھێزەکانی دەوڵەتی عەرەبیی سووریە و بەڵگاندنیان بۆ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی دەتوانێت کار بکاتە سەر ئیدارەی سیاسیی ئەمریکا. پێویستە خەڵکی باکووری کوردستان، دەم پارتی، کەسایەتی و مامۆستایانی ئایینی خەڵک بهێننە سەر شەقام لە ئەستەنبوڵ و شارەکانی تر و ڕێگە نەدەن تورکیە لەو دۆخە شیمانەکراوەی شەڕی ئێران و ئەمریکادا بحەسێتەوە و لە پیلانەکانی بۆ بە چۆکدا ھێنانی ڕۆژاوا سەرکەوتوو بێت.