ڕۆژی شەممە ٤ی بەفرانباری ١٤٠٤(٢٤/١/٢٠٢٦)، لەسەر بانگهێشتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە برووکسێل، کۆبوونەوەیەک بە بەشداریی نوێنەری حێزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات و کەسایەتی و ئاکادێمیسیەن و چالاکانی سەربەخۆ سەبارەت بە دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کۆدەنگی و خۆ ئامادە کردن بۆ گۆڕانکارییەکان لە ناوچەکە و ئێران بەڕێوە چوو.
هەیئەتی حیبی دێموکرات لە بەڕێزان مامۆستا بەها ئیبراهیمی بەرپرسی کۆمیتە و کاک سەعدوون بەهرامییان بەشی پەیوەندییە کوردستانی و ئێرانییەکان پێک هاتبوو و هاوڕێیانی بەشداری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانیش بریتی بوون لە بەڕێزان فەریبا محەممەدی، سەیوان نووری و فەخرە فەرەجی.
لە ئاکامی دیالۆگ و گفتۆگۆی چڕ، لە ڕەشنووسێکدا چەندین خاڵ وەک داواکاری ڕوو بە ناوەندی دیالۆگ ئامادە کرا کە دەقەکەی بەم شێوەیە:
ڕەشنووسی کۆبوونەوەی بەشداربووانی کۆبوونەوەی تایبەت بە لێکدانەوەی دۆخی هەنووکەیی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە برووکسێل
٢٤ی ژانوییەی ٢٠٢٦ – ٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥، کۆبوونەوەکە لە ناوەندی کەنەکە بەڕێوە چوو.
ئێمە وەکوو نوێنەری پارتەکان و ڕێکخستنەکان لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان کە بەشداری ئەم کۆبوونەوەیە بووین، نیگەرانی و تووڕەیی قووڵی خۆمان بەرامبەر بە پەرەسەندنی توندوتیژی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دوایین ڕاپەڕینی جەماوەریی خەڵکی ئێراندا دەردەبڕین. لە چەند حەفتەی ڕابردوودا ڕێژیمی ئێران بە کوشتن و دەسبەسەرکردنی بەکۆمەڵ و بە مێلیتاریزەکردن و داخستنی سیستماتیکی پەیوەندی بە دنیای دەرەوە، سەرکوتکارییەکانی لە بەرانبەر سەرجەم هاووڵاتییانی ئێراندا چڕتر کردووەتەوە و ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە شێوەیەکی تەواو کراونەتە ئامانج. لە کوردستاندا کوشتنی بەکۆمەڵی خەڵکی ناڕازی لە مەڵکشایی ئیلامدا گەیشتە ترۆپک و پاشان بە هەمان ئاست لە پارێزگاکانی تری کوردستان و تەواوی ئێراندا درێژەی پێ درا. لە ماوەی سەرکوتکاریدا خەڵکێکی مەدەنیی زۆر کوژران و بریندار بوون و سزای دەستەجەمعییان بەسەر خەڵکدا سەپاند. هاوکات بە مەبەستی بێدەنگکردنی جەماوەر و شاردنەوەی توندوتیژیی دەوڵەتی هێڵەکانی ئینتێرنێت و تلفۆنیان داخست و گەمارۆیەکی ئەمنییان بەسەر هەموو کوردستان و ئێراندا سەپاند. بە شێوەیەک کە تا ئێستایش ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانییانی ئەم کوشتار و سەرکوتکارییە بەربڵاوە دەرنەکەوتووە.
ئەم دڕندەییانە ڕووداوی لێکدابڕاو نین، بەڵکوو بەشێکن لە پێکهاتەیەکی لەمێژینەی حوکمی کۆلۆنیالیزمی بەئەمنیکراو کە لە چوارچێوەی دەوڵەتی ئێراندا بەسەر کوردستاندا سەپێنراون. سەرکوتکردنی کورد لەم ناڕەزایەتییە سەرتاسەریانەدا هەر تەنها لەبەر بەشداربوونی نەبوو، بەڵکوو وەک گەلێکیش کە هەمیشە بۆ کەرامەت و دانپێدانانی سیاسی و دیاریکردنی چارەنووسی خۆی هەوڵی داوە، ڕووبەڕووی سەرکوتکردنی دڕندانە بووەتەوە. بەشداربووانی کۆبوونەوەکە وێڕای هاوسۆزی و هاوپشتی لەگەڵ هەموو خەڵکی ئێراندا کە بەرەنگاری ستەمکاری دەبنەوە، جەخت لەوە دەکەنەوە کە کورد ڕووبەڕووی توندوتیژییەکی چەند ڕەهەندی دەبێتەوە کە لە بێدەوڵەتی و سڕینەوەی مێژووییەوە سەرچاوە دەگرێت.
لەم ساتەوەختە چارەنووسسازەدا، یەکگرتوویی کورد، پێویستییەکی حەتمییە. دووبەرەکی چەندین جار توانای کوردی بۆ وڵامدانەوەی بەکۆمەڵ بە قەیرانەکان لاواز کردووە، بەتایبەتی کە ئەکتەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان خەریکن زۆر بە خێرایی و بەبێ بەشداریی کورد نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەڕێژنەوە. یەکیەتی بە مانای یەکسانکردنی ئایدیۆلۆژیا نییە، بەڵکوو مەبەست هەماهەنگییە لە دەوری پرەنسیپە هاوبەشەکان: چارەی خۆنووسین، دێموکراسی، یەکسانیی جێندەری، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و پاراستنی بوونی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا. ئێمە وەک بەشداربووانی ئەم کۆبوونەوەیە داوا لە هەموو پارت و لایەنە کوردییەکان دەکەین، بە تایبەت لە ڕۆژهەڵات، پێش خولقانی ڕووداوە چارەنووسسازەکان بەرپرسیارێتیی بەکۆمەڵ وەک ئەرکی لە پێشینەی هەموو هەوڵەکانیان دابنێن.
ئێمە پێویستمان بە گفتوگۆیەکی بنیاتنەر و بەردەوامە. ئەم دیالۆگە نەک هەر لایەنە سیاسییەکان، بەڵکوو پێویستە ڕۆشنبیران، ئەکادێمیسیەنەکان، بزووتنەوەکانی ژنان، دەستپێشخەریی گەنجان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە سەرتاسەری کوردستان و دیاسپۆرایشدا بگرێتەوە. بەرهەمهێنانی مەعریفە، ڕەخنەی سیاسی و ڕێکخستنی جەماوەری، پایەی بنەڕەتیین بۆ داڕشتنی ئاسۆی سیاسیی داهاتووی کورد.
هاوتەریب و هاوکات لەگەڵ ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتدا، لە ڕۆژاوای کوردستانیش مەترسییەکی گەورە لە بەرانبەر گەلی کورددا هاتووەتە ئاراوە، هاوکات لەگەڵ بەرزنرخاندنی پاڵپشتیی هەمەلایەنەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستانەوە، بەشداربووانی کۆبوونەوە هۆشداری دەدەن لە هەڕەشەی وجوودی بۆ سەر ڕۆژاوا. ئاڵتەرناتیڤی دێموکراسیی کورد لەم ناوچەیەدا لەلایەن حکوومەتی نوێی ڕاگوزەری سووریا و بە هۆی گۆڕانی هاوسەنگییە ناوچەییەکانەوە ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی جیددی بووەتەوە.
بێدەنگی و پاشەکشەی ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان کە سەردەمانێک بانگەشەی هاوبەشی لەگەڵ کوردیان دەکرد، دەقاودەق بە واتای وازهێنان لە کورد کەوتووەتەوە. بێگومان لەدەستچوونی ئەزموونی سەرکەوتووی ڕۆژاوا دەبێتە کارەسات بۆ گەلی کورد و شکستێکیش بۆ بەرپرسیارێتیی جیهانی. بەڵام دواجار ئەوەی لە ڕۆژاوا ڕوو دەدات گەلێ وانەی جیددی و ستراتێژیکی بۆ ڕۆژهەڵاتیش هێناوەتە ئاراوە.
لەبەر ڕۆشنایی ئەم ڕاستییانەدا و وێڕای پاڵپشتیکردن لە "ناوەندی دیالۆگی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات"، بەشداربووانی ئەم کۆبوونەوەیە پابەندبوونی خۆیان بە ئاسانکاریکردن بۆ یەکڕیزی و دیالۆگ و ستراتێژی بەکۆمەڵ نیشان دەدەن. لەم ڕووەوە ئەم هەنگاوە پراکتیکیانەی خوارەوە پێشنیار دەکرێن:
١. هەوڵدانی شێلگیرانە و بەپەلە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکارییەکانی نێوان حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بۆ هاوکارییەکی هەمەلایەنە و یەکگرتوو تا ئاستی یەکخستن و پێکهێنانی هێزی پاراستنی هاوبەش.
٢. دانانی مێکانیزمی هەماهەنگیی بەپەلە لە نێوان ئەکتەرە سیاسییەکانی نێو ناوەندی دیالۆگ بە مەبەستی بەڕێکخراوەییکردنی ئەو ناوەندە.
٣. دامەزراندنی لقی "ناوەندی دیالۆگ" لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان بەتایبەت لە ئورووپا.
٤. پتەوکردنی تۆڕەکانی ڕاگەیاندنی کوردی و بەتایبەت هەوڵدان بۆ دامەزراندنی میدیایەکی سەرووحیزبی.
٥. هەوڵدان بۆ پێکهێنانی بەپەلەی کۆنفرانسێکی تایبەت بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەشداریی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان، ڕێکخراوە مەدەنی و جەماوەرییەکان و کەسایەتییەکانی ئەو بەشەی کوردستان.
٦. هەوڵدان بۆ پێکهێنانی پلاتفۆرمێکی سیاسیی بەرفراوان لەژێر ناونیشانی "ناوەندی بڕیار" یان هەر ناونیشانێکی هاوشێوەدا وەکوو مەرجەعێکی سیاسی بڕیاردەر لە هەموو پرس و بابەتێکی پێوەندیدار بە سیاسەت و دیپلۆماسیی بنچینەیی ڕۆژهەڵاتەوە.
٧. هەوڵدان بۆ ڕێکخستنی چالاکییەکی جەماوەریی هاوبەش لە ئورووپا لەسەر بانگەوازی ناوەندی دیالۆگ و بە بەشداریی کوردی هەر هەموو بەشەکانی کوردستان بە مەبەستی پاڵپشتیکردن و بەرجەستەکردنەوەی ئیرادەی سیاسیی خەڵکی ڕۆژهەڵات.
٨. دامەزراندنی پلاتفۆرمێکی هەمیشەیی بۆ دیالۆگی بەردەوام لە نێوان حیزب و ڕۆشنبیران و کۆمەڵگەی مەدەنیدا لەسەر ئاستی هەر هەموو بەشەکانی کوردستان.
٩. دەستپێشخەرییەکی جیهانیی هاواهەنگ بۆ چالاکی و دیپلۆماسی لەسەر پرسی کورد.
١٠. کۆکردنەوەی هاوپشتیی نێودەوڵەتی و هەوڵەکانی پشتیوانی بۆ ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای کوردستان.
گەلی کورد لە بەردەم گۆڕانکاریی مێژووییدایە. یەکڕیزی و دیالۆگ و کردەوەی بەکۆمەڵ تاکەڕێگای مانەوە و کەرامەت و ئایندەیەکی دادپەروەرە.