کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری نوێنەری حیزبی دێموکرات و فابیان هامیلتۆن، ئەندام پارلەمان لە بریتانیا

12:08 - 7 رێبەندان 2725

ڕۆژی دووشەممه ٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٤(٢٦/١/٢٠٢٦)، ڕزگار ئالانی نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی بریتانیا، لەگەڵ بەڕێز فابیان هامیلتۆن، ئەندام پارلەمان سەر بە حیزبی لەیبەر کە ساڵانێکی زۆر لە ناو کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی پارلەمان و هەرووها وەزیری سایە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پۆستی هەبووە و دۆستی لەمێژینەی کوردە کۆبوونەوەیەکی ئەنجام دا.

ئەم دیدارە بە مەبەستی تاوتوێی دوایین دۆخی ئێران بەگشتی و کوردستانی ئێران بەتایبەتی بەڕێوە چوو.

تەوەری باسەکان بریتی بوون:  دوایین زانیارییەکانی بەڕێزیان لەسەر خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی ئێران و هەروەها مێلیتاریزەکردنی کوردستان.

ڕزگار ئالانی باسی لە دۆخی نالەباری خەڵک لە ئێران بەگشتی و لە کوردستانی ئێران بە تایبەتی کرد و ئاماژەی بە ناوەندی دیالۆگی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و گرینگیی ئەم ناوەندە کرد. ناوبراو هەروەها پەرژایە سەر کۆمەڵکوژی، گرتن و ئازار و ئەزیەتی گەلانی ئازادیخوازی ئێران لەلایەن ڕێژیمەوە.

لەلایەن نوێنەری حیزبەوە داوا لە فابیان هامیلتۆن کرا کە بۆ سەرکەوتن و ئازادیی زووتر لە ئێراندا هەتا دەتوانن یارمەتیی خەڵکی ئازادیخوازی ئێران بدەن.

هەروەها داوا کرا کە هەوڵیان چر بکەنەوە تاکوو بتوانرێ سپای پاسداران لەلایەن حکوومەتی بریتانیاوە وەک ڕێکخراوەیەکی تێرۆرستی بناسرێت.

لەم دیدارەدا باسێک لەسەر دۆخی ئێستای حیزب بەگشتی کرا و فابیان هامیلتۆن پشتیوانی و هاودەنگیی دووبارە خۆی ڕاگەیاند.