کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی نوێنەرایەتیی حیزب لە کۆبوونەوەی شاندنی پارلەمانی ئورووپا سەبارەت بە دۆخی مرۆیی لە ئێران

10:58 - 8 رێبەندان 2725

ڕۆژی دووشەممە ٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٤(٢٦/١/ ٢٠٢٦) بەرێز "حیسام دەست‌پیش" نوێنەری حیزب دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشداریی لە کۆبوونەوەی شاندی پارلەمانی ئورووپا بۆ پەیوەندی لەگەڵ خەڵکی ئێران کرد کە سەبارەت بە دۆخی مرۆیی و لە هەمانکاتدا دۆخی کەمینەکانیش بوو.

ئەم کۆبوونەوەیە بە سەرۆکایەتیی "هانا نیومەن" سەرۆکی شاند و "دانیل ئەتارد" جێگری سەرۆکی شاند بەڕێوە چوو کە تێدا  فەرینا بەلووچ باسی لە دۆخی بەلووچستان کرد و سەردار پاشایی لەلایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هیواوە باسی هەلومەرجی خۆرهەڵاتی کرد.

"محمود امیری موقەدەم" لە ڕێکخراوی ماڤی مرۆڤی ئێران باسی لە ڕادەی سەرکوتەکان کرد.

لە بەشێکی تر لە کۆبوونەوەکەدا "هێلگارد بێنتەلە" و "ئەڤین ئینجە" ئەندامانی پارلەمانی ئورووپا باسەکەیان بە پرسیارکردن لە نوێنەرانی کۆمیسیونی سیاسەتی دەرەوە و بەشی کردە دەرەکییەکانی کۆمیسیونی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا درێژە دا، بەو واتایە کە سەبارەت بە ئێران چی کراوە و چیان لە بەرنامەدایە.

لە درێژەی باسەکەدا کۆمیسیون و ئەرکە دەرەکییەکان وڵامی پرسیارەکانیان دایەوە و ئاماژەیان بەوە کرد کە هەوڵەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران بەردەوامە.

خاڵی باڵکێش تیشک خستنەسەر سپای پاسداران و خستنە ناو لیستی تێرۆری یەکیەتیی ئورووپا بوو کە باسی گۆڕانی هەڵوێستی ئیتالیا کرا و ئاماژە بەوە کرا کە لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ئورووپادا ئەو باسە دەخرێتە بەر باس. بەڵام هێشتا فەرانسە و ئیسپانیا ماون کە ڕەزامەندنی دەربڕن.

لە کۆتاییدا هانا نیومەن سەرۆکی شاندی پەیوەندییەکانی پارلەمانی ئورووپا باسەکەی بە تیشک خستنەسەر بڕیارنامەی دوای پارلەمانی ئورووپا کۆتایی پێ هێنا کە تێیدا ئاماژەی بە ئوپۆزیسیون و لە هەمانکاتدا هەوڵدان بۆ کاری کردەیی بەرانبەر بە کۆماری ئیسلامی کرد .