لەسەر بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان و بە هاوکاری و بەشداریی ڕێکخراوی هەنگاو، شاندێكی نوێنەرایەتیی ناوەندی دیالۆگی پارتەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ڕۆژی سێشەممە ٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٤(٢٧/١/٢٠٢٦)، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمانیان لە بێرلین كرد و لەگەڵ شاندێكی پایەبەرزی ئەو وەزارەتخانەیە چاوپێكەوتنیان كرد.
لەم كۆبوونەیەدا بابەتگەلی جوراوجۆری پێوەندیدار بە ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان تاوتوێ كران. نوێنەرایەتیی ناوەندی دیالۆگ باسێكی تێروتەسەلی سەبارەت بە دۆخی ئێستای ئێران و هەلومەرجی كوردستان پێشكەش كرد و وێڕای ئاماژەدان بە خوپیشاندانەكانی ئێران و كوردستان، قەڵاچۆكردن و قەتڵوعامی خوپیشاندەرانی لەلایەن هێزەكانی ڕێژیمی ئێرانەوە بە جەنایەت دژ بە مرۆڤایەتی ناو برد.
هەروەها لەسەر پێگە و ڕۆڵی هێزە سیاسییەکان لە كوردستان بەتایبەتی سەرکەوتنی مانگرتنی گشتی كە لەسەر داوای ناوەندی دیالۆگ بەڕێوە چوو، باسیان لەوە كرد كە خەڵكی كوردستان پاڵپشتی سەرەکیی حیزبەكانیانن و لە كوردستان ئامادەیی تەواو بۆ هاتنەئارای هەر چەشنە سێناریۆیەک هەیە.
شاندی خانەخوێ وێڕای بەداخبوونی بو قەڵاچۆی خەڵكی ئێران و كوردستان، باسیان لە گرینگیی دیدارە کرد و جەختیان كردەوە كە ڕێژیم لە هەموو بارێكەوە بە بنبەست گەیشتووە و توانای خۆدەربازکردنی لەو دۆخە نەماوە.
هەر لەم پێوەندییەدا دامەزران و چالاکییەکانی ناوەندی دیالۆگیان وەک دەستکەوتێکی سیاسیی گرینگ بۆ كوردستان و ئادرەسێکی گونجاو بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان بەرز نرخاند و ئامادەیی خویان دەربڕی لەمەودوا وەک نوێنەرایەتیی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و بەشێكی بەهێزی بەرهەڵستكاری ڕێژیمی ئێران هەڵسەوكەتی لەگەڵ بكەن و بەردەوام بن لە دیدار و چاوپێکەوتن.
هەروەها هیوایان خواست ئەم ناوەندە ببێتە هاندەر و نموونە بۆ حیزب و لایەنە ئێرانییەکان.
لە دوابڕگەی كۆبوونەوەكەدا شاندی ناوەندی دیالۆگ چەند داواكاریی هێنایە بەر باس كە شاندی وەزارەتی دەرەوە داواكارییەكانیان بە هێند وەرگرت و بەڵێنیان دا كار بو سەرخستنیان بكەن.
شاندی خانەخوێ سپاسی شاندی نوێنەرایەتیی ناوەندی دیالۆگیان كرد بۆ چاوپێكەوتنەكە و داواكار بوون كە لە پێوەندیی بەردەوامدا بمێننەوە.
ڕێکخراوی هەنگاو وێڕای پاڵپشتی لە ناوەندی دیالۆگ، ڕاپۆرتێکی تێرو تەسەلی لەسەر دۆخی ئێران و کوردستان پێشکەش کرد.