بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٥دا، لە کۆی ١٥٠٠ کەسی لەسێدارەدراو لە ئێراندا، ٧٠٠ کەسیان لەپێوەندی لەگەڵ ماددەی هۆشبەردا لە سێدارە دراون.
ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە، ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی بەفرانبار لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند ڕێژەی لەسێدارەدانەکانی ئەمساڵ بە بەراوەرد لەگەڵ ٤٠ ساڵی ڕابردوو بێوێنە بووە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژەی بەوە داوە کە کەسانێک کە بەهۆی ماددەی هۆشبەرەوە لە سێدارە دراون بێدەنگرترین و بێکەسترین قوربانییانی ماشینی کوشتاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامین".
ئەو ڕێکخراوەیە داوای لە کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان کرد بە خێرایی پێش بە سزای لەسێدارەدانەکان لە بەندیخانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا بگرن.
هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا و ڕوو لە ڕێکخراوی نەتەوە یەگگرتووەکان هاتووە کە لەسێدارەدانی بەربڵاو و سیستماتیکی کەسانێک کە بەهۆی ماددەی هۆشبەرەوە لە سێدارە دراون بەبێ پێڕاگەیشتنی دادپەروەرانە و تەنیا بە ئامانجی بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو کۆمەڵگەدا بووە و دەبێ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو تاوانەی کۆماری ئیسلامی بە تاوان دژی مرۆڤایەتی لە قەڵەم بدا".
بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە، بەپرسانی ڕێژیمی تاران لە ساڵی ٢٠١٠ی زایینییەوە، زیاتر لە ٥ هەزار و ٣٦٠ کەس لەوانەش ١٢١ ژنیان لەپێوەندی لەگەڵ تاوانەکانی پێوەندیدار بە ماددەی هۆشبەردا لە سێدارە داون.
شایانی باسە لەو ڕێژەیە بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی تەنیا ١٠ بۆ ٣٠ حاڵەتی لەسێدارەدانی لەو چەشنەیان بە فەرمی ڕاگەیاندووە.