ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٤(٢٩/١/٢٠٢٦)، هەیئەتێک لە بەشی پیوەندەییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ لەگەڵ دوو نوێنەری لە پارتی کرێکارای کۆ بوونەوە.
هەیئەتی حیزبی دێموکرات پێکهاتوو لە ئەمیر باباخانی، سیروان قادرزادە و هۆزان ئاگۆشی لەگەڵ ڕوونە باکێرویک و نیلس ئووڵە فۆشاوگ پارلەمانتار و نوێنەرانی کۆمیتەی سیاسەتی دەرەوە و بەرگری کۆ بوونەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا هەر دوو لا بە کورتی وێڕای ناساندنی خۆیان ئاماژەیان بە چوارچێوەی کار و تێکۆشانەکانیان لە وڵاتی نۆرویژ کرد.
ئامانجی هەیئەتی حیزب لەو کۆبوونەوەیە بریتی بوو لەوە کە دەربارەی دۆخی ئێستای ئێران، بە تایبەتی دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زانیاری بدەن و هەروەها تیشک بخەنە سەر چاوەڕوانیی کۆمەڵگەی ئێران بەگشتی لەمەڕ ڕۆڵ و بەرپرسیارێتی نۆروێژ لە بەرامبەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا.
نوێنەرانی حیزب دەربارەی دۆخی ئێران لە ئێستادا و هۆکارەکانی خۆپیشاندانەکان ڕوونکردنەوەیەکی تەواویان دا و ڕایانگەیاند کە خۆپیشاندانەکان بەهۆی گوشارە ئابوورییەکان، نەبوونی دێموکراسی، نەبوونی سێکولاریزم و ستەمکاریی سیستماتیکی مافە بنەڕەتییەکانەوە دەستیان پێ کردووە. ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە، بەڵام ڕێژیم وڵاتەکەی کردووە بە دەوڵەتێکی دیکتاتۆری کە نیشانەی ناسێونالیزمی فارسی تێدایە. کوردەکان، لە مافە سەرەکییەکانی خۆیان بێبەش دەکرێن. هەروەها باس لەوە کرا کە ڕێژیم بە توندترین شێوە خۆپێشاندەران بە شێوەیەکی سیستماتیک سەرکوت دەکات، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی وەزاڵەهاتوو کوژراون، ئەشکەنجە دراون یا زیندانی کراون، کە ئەمە پێشێلکردنێکی گەورەی مافەکانی مرۆڤە.
بەشی پێوەندییەکان لە وڵاتی نۆروێژ داوای سیاسەتێکی نێودەوڵەتیی ڕوونتر و بەردەوامتریان بەرامبەر ئێران کرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا باس لەوە کرا کە دۆخی کوردستان و کوردەکان لە ئێران، زیاتر لە پارلەمانی نۆروێژ و میدیای نۆروێژی بێتە بەرباس، و ڕێژیمی ئێران لەمەڕ هێرش و تاوانەکانی بەرامبەر بە طۆژهەڵاتی کوردستان و هاووڵاتیانی مەدەنی بەرپرسیار بکرێت. نوێنەرانى پارتی کرێکاران گفتوگۆیان وەک ئامرازێکی گونجاو پێشنیار کرد. هاوڕێیانی حیزب جەختیان لەوە کردەوە کە حیزبی دێموکرات باوەڕی قووڵی بە چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی وتووێژ و گفتوگۆوە هەیە، بەڵام ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەمیشە هەوڵی داوە کە گفتوگۆ وەک ئامرازێک بەکار بێنێ بۆ فریودان و درێژکردنەوەی پرۆسەکان و تەنانەت ئەو ڕێگایە بۆ کردوە تێرۆریستییەکانی خۆی بەکار دەبا هەر بەو شێوەیەش ڕێبەرانی ئێمەیان تێرۆر کردووە.
هەروەها باس لەوە کرا کە ئەگەر ڕێژیم بکەوێت، چ کێشە و دەرفەتێک ڕووبەڕووی وڵات دەبێت، و گرنگیی پشتگیری نێودەوڵەتییان لە وەها بارودۆخێکدا هێنایە بەرباس بۆ دڵنیابوون لە گواستنەوەیەکی دێموکراتی.
نوێنەرانى پارتی کرێکار ڕایانگەیاند ئەو پێشنیارانە لەبەرچاو دەگرن و دەیانگەیەننە شوێنی مەبەست.
هەردوو لایەن پشتڕاستیان کردەوە کە ئامانجی هاوبەشیان ئەوەیە ئێران ببێتە وڵاتێکی دێموکرات کە لەسەر بنەمای مافەکانی مرۆڤ، دەستووری دادپەروەری و ڕێزگرتن لە هەموو نەتەوەکان دامەزرابێت.