لە درێژەی کار و چالاکییەکانی ناوەندی پێوەندییەکانی دەروەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، ڕۆژی چوارشەممە ٨ی رێبەندانی ١٤٠٤(٢٨/١/٢٠٢٦)، کۆبوونەوەیەک لە ئۆسلۆ لە نێوان نوێنەرانی حیزب پێکهاتوو لە ئەمیر باباخانی و هۆزان ئاگۆشی و ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، بە بەشداریی بەڕێز جێڕالد كادورفۆڵکۆرد(Gerald Kador Folkvord)، ڕاوێژکاری سیاسیی ئەو ڕێکخراوەیە، بۆ گفتوگۆ سەبارەت بە دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەنجام درا.
لە کۆبوونەوەکەدا ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕوونکردنەوەی لەسەر شێوازی کارکردنی دا و پشتڕاستی کردەوە کە کار دەکات لەسەر دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران بەگشتی، بەڵام لە هەمان کاتدا ئاگاداری بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانە و چاودێریی ڕووداوەکان دەکا.
هاوڕێیانی بەشی ناوەندی پێوەندییەکانی دەروە، نیگەرانییەکانیان سەبارەت بە هێرشەکانی ڕژێمی ئێران و کوشتن و دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد دەربڕی و داوای سەرنجی زیاتر و بەدواداچوونی نێودەوڵەتییان کرد. هەروەها ئاگادارییان لە مەترسیی هێرش بۆ سەر ڕێکخراوە سیاسییە کوردییەکان بە بەڕێزیان ڕاگەیاند کە هەموو کات لە ئەگەری هەر هەنگاوێکی سەربازی لە ناوچەکەدا، ڕێژیمی تاران بنکە و بارەگاکانی حیزب دەکاتە ئامانج.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی پشتڕاستی کردەوە کە هێرش بۆ سەر هاوڵاتییان تاوانی نێودەوڵەتییە و داواکاریی سەرەکییان کۆکردنەوەی بەڵگەی باوەڕپێکراوە بۆ بەکارهێنان لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی.
لە کۆتاییدا، بەڕێزیان ڕایگەیاند کە ئەو زانیارییەکانە دەگەیەننە شوێنی پێوەندیدار بۆ هەڵسەنگاندن و گرنگیی بەدواداچوونی یاسایی و سەرنجی نێودەوڵەتی دووبارە پشتڕاست کرایەوە.