کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەبارەی بڕیاری یەکیەتیی ئورووپا بۆ بە تیرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران

18:38 - 10 رێبەندان 2725

 

یەکیەتیی ئورووپا دوای چەند ساڵ تاوتوێ و لێکدانەوە لەسەر بە تیرۆریست ناساندنی سپای پاسداران، دواجار ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی ڕێبەندان وەزیرانی دەرەوەی ئەم یەکیەتییە بڕیاریان دا سپای پاسداران بخەنە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە. دیارە پێشتر وڵاتانی ئەمریکا، کانادا، ئۆسترالیا، لیتوانی، ئێکوادۆرو پاراگوئە سپای پاسدارانیان لە تەواوەتیی خۆیدا و؛ عەرەبستان، بەحرەین و ئارژانتینیش سپای قودس، باڵی سەربازیی دەرەوەی وڵاتی سپای پاسدارانیان خستبووە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە.

ئەم بڕیارەی یەکیەتیی ئورووپا کە هەڵوێست و بڕیاری ٢٧ وڵاتی ئورووپایی ئەندامە لەو یەکیەتییەدا، کاردانەوە بە سەرکوتی خوێناویی ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبارە کە تێیدا بە هەزاران خەڵکی ناڕازیی خۆپێشاندەر درانە بەر دەسڕێژی چەک و گیانیان لێ ئەستێندرا.

سپای پاسداران کە دوای ماوەیەکی کەم لە سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ٥٧ بە فەرمانی خومەینی بۆ پاراستنی شۆڕشی ئیسلامی دامەزرا، لە ماوەی ٤٧ ساڵ دەسەڵاتدارەتیی ڕێژیمدا لە سەرکوتی هەموو ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانێکی نێوخۆی ئێراندا دەوری سەرەکیی گێڕاوە و لە دەرەوەی وڵاتیش سەدان کەس لە دژبەرانی سیاسیی ڕێژیمی تیرۆر کردووە.

سپای پاسداران لەو هێزە سەرەکییانە بوو کە دوای فەتوا و فەرمانەکەی خومەینی پەلاماری کوردستانیان دا و سەدان کارەساتی کۆمەڵکوژی و هەزاران جینایەت و تاوانیان لە کوردستان خولقاند. نەورۆزی خوێناویی سنە لە ساڵی ٥٨، پەلامار و گەمارۆی ٢٤ ڕۆژەی شاری سنە، کوشتن و بریندارکردنی هەزاران کەس لە خەڵکی ئەو شارە، قەڵاچۆ و کۆمەڵکوژی لە ئاواییەکانی قاڕنێ و قەڵاتان و سووتاندن و ئاوارەکردنی خەڵک لە دەیان گوند و ناوچەی دیکەی کوردستان تەنیا بەشێک لە کارنامەی تیرۆریستیی سپای پاسداران لە کوردستان لە ساڵەکانی دامەزرانی ئەو ڕێکخراوەیەن.

لە ماوەی ٤٧ ساڵ چالاکیی سپای پاسداراندا کورد و بزووتنەوەی کورد بەشی شێری لە تیرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهۆی سپای پاسدارانەوە پێ بڕاوە و، لەنێو بزووتنەوەی کوردیشدا حیزبی دێموکرات. حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی کورد ٤٧ ساڵە لە بەرەی هەرە پێشەوەدا شەڕی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە دەکات. سپای پاسداران بە بڕیاری ئاستبەرزترین بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە ڤییەن لەسەر مێزی وتووێژ دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزب و؛ لە بێرلینی ئاڵمان و لە ڕێستورانتی مێکونووس دوکتور سادق شەرەفکەندی، سکرتێری گشتیی حیزب و شاندی حیزبیی هاوڕێی ئەویان تێرۆر کرد.

جینایەتەکانی سپای پاسداران هەر بە سەرکوتی خەڵکی نێوخۆی ئێرانەوە نەوەستاوە و لە دەرەوەی سنوورەکانیش لە ڕێگەی سپای قودسەوە و بە دامەزراندن و پاڵپشتیی چەندین ڕێکخراوی دیکە وەکوو حیزبوڵڵای لوبنان و دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆی وڵاتان لە ناوچەکە ڕاستەوخۆ لە کوشتنی سەدان هەزار کەسدا تاوانبارە و بووەتە هۆی ئاوارەیی میلیۆنان خەڵک لە زێد و وڵاتی خۆیان.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای پێشوازی لە بڕیارەکەی یەکیەتیی ئورووپا لەمەڕ بە تیرۆریست ناساندنی سپای پاسداران، لەو باوەڕەدایە کە ئەو بڕیارە ئەگەرچی بە درەنگەوە، بەڵام بڕیارێکی تەواو لە جێی خۆیدایە و دەبێ بەرەوپیلی ئەو ڕۆژانە بچین هەموو ئەو کەسانەی فەرماندەر و ئەنجامدەری سەرەکیی کوشت و کوشتاری خەڵکی بێدەسەڵات و بێتاوانی کوردستان و ئێران و وڵاتانی ناوچەکە بوون، لە دادگاکانی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیدا بە سزای تاوانەکانیان بگەن.

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستەی کارگێڕی

١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٤