ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٠ ڕێبەندانی ١٤٠٤ (٣٠ ژانویەی ٢٠٢٦ی زایینی) خۆپیشاندانێک لە "کۆپێنهاگ"ی پێتەختی وڵاتی دانمارک لەلایەن ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵکی ئێرانەوە بەڕێوە چوو.
لەسەر داوای ئەم ڕێکخراوە هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەم وڵاتە بەشداری ئەم خۆپیشاندانە بوون.
پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆمیتەی دانمارک لەلایەن ئەحمەد ڕەحمانی بەرپرسی بەشی پەیوەندییە ئێرانی و کوردستانییەکانەوە خوێندرایەوە کە لە بەشێک لە پەیامەکەدا هاتبوو: بە ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سڵاو دەنێرین بۆ ئیرادەی گەلانی وەزاڵەهاتووی ئێران بەگشتی و گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی کە زیاتر لە ٤ دەیەیە لە بەرامبەر ئەم ڕێژیمەدا بوێرانە دژی زوڵم و زۆری بەربەرەکانێیان کردووە. بەشدارانی بەڕێز، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەر چەشنە زەبر و زەنگێک بەرامبەر بە گەلانی ئێران درێغی نەکردووە و درێغی ناکات. بەتێرۆریستناسینی سپای پاسداران لەلایەن یەکیەتیی ئورووپاوە هەنگاوێکی دڵخۆشکەرە بۆ گەلانی ئێران و زیاتر گوشاری نێودەوڵەتی بۆ سەر دامودەزگا داپڵۆسێنەرەکانی ئەم ڕێژیمەیە.