هیوا بەهرامی بەرپرسی ناوەندی پێوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەبارەی پرسی بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە ڕایگەیاند ئەو بڕیارەی یەکیەتیی ئورووپا زەبرێکی گەورەیە لە پەیکەرەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
بەڕێز هیوا بەهرامی بەرپرسی ناوەندی پێوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەبارەی بڕیاری بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران لەلایەن یەکیەتیی ئورووپا و شوێندانەریی سیاسییەکانی ئەو بڕیارە بە بەشی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی ڕایگەیاند: "پرسی بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ساڵانێکی زۆرە لە بەرنامەی وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپادایە؛ بە خۆشییەوە کە لە یەکیەتیی ئورووپادا ئەو بڕیارە دراوە و پێم وابێت بڕیارێکی سیاسیی زۆر زۆر گرینگ و زەبرێکی زۆر گەورە لە پەیکەرەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. ئێمە دەزانین کە سپای پاسداران، تەنیا هیزێکی نیزامی نییە، بەڵکوو هێزێکی سیاسی و ئابوورییە لەنێو کۆماری ئیسلامیدا و لەڕاستیدا ئەم بڕیارە کۆی ڕێژیمی ئێرانی هێناوەتە ئاستی ڕێکخراوگەلی وەک داعش، حیزبوڵڵا و ئەلقاعیدە و ئەمەش بۆ خۆی ڕێگەخۆشکەرە بۆ هەوڵدان دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران. لە ڕاستیدا لەمەوبەدوا هەرچەشنە هەوڵێک دژی سپای پاسداران و کۆی ڕێژیمی ئێران، دەتوانێ بچێتە خانەی شەڕی دژەتێرۆرەوە، هەر بۆیە ئەمە دەتوانێ بڕیارێکی چارەنووسساز بۆ داهاتووی ئێران بێت."
بەڕێز بەهرامی لەپێوەندیی لەگەڵ ڕۆڵ و شوێندانەریی هەوڵەکانی حیزبی دێموکرات لەسەر ئەم بڕیارە گرنگەی یەکیەتیی ئورووپا بۆ بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران ڕایگەیاند: "ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ساڵانی ڕابردوودا، لە هەموو ئەو دیدار و چاوپێکەوتنانەی هەمانبووە لەگەڵ کاربەدەستانی ئورووپایی، پرسی بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانمان هێناوەتە ئاراوە، ئەو بەڵگەنامانەی کە پێویست بوون خستوومانەتە ڕوو، بەتایبەتیش کە ئێمە لە تێرۆری میکۆنۆسدا بەڵگەنامەی بەهێزمان لەبەر دەستدایە کە سپای پاسداران ڕاستەوخۆ لەو تێرۆرەدا دەستی هەبووە و ئەنجامدەری ئەو تێرۆرە بووە؛ هەموو ئەمانە و بەقەناعەت گەیاندنی لایەنە ئورووپاییەکان بەوەی کە سپای پاسداران هێزێکە کە نە تەنیا لە ناوخۆی ئێران بەڵکوو لە ئاستی ناوچەکەش و لە ئاستی دنیاشدا، بووەتە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی خەڵکی دنیا و لە زۆر وڵاتی دونیادا، کردەوەی تێرۆریستییان ئەنجام داوە و هەموو ئەو هەوڵانەی کە لایەنی ئورووپایی و لایەنی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیش لە ساڵانی ڕابردوودا و بەتایبەت دوای شۆڕشی ژینا بەم لاوە داویانە توانییان ئەو دۆخە بێننە ئاراوە، بەتایبەتیش کە ئەوەی ئێستا لە ئێران لە چەند حەفتەی ڕابردوودا ڕووی دا توانییان ئەو کۆدەنگییە دروس بکەن کە سپای پاسداران، لەلایەن یەکیەتیی ئورووپاوە وەک هێزێکی تێرۆریستی بناسرێت."
وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکیەتیی ئورووپا، ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی ڕێبەندان لەسەر دانانی ناوی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی ئەم یەکیەتییەدا ڕێککەوتن.