کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: کوشتوبڕی ڕۆڵەکانی کورد و هێرش بۆ سەر نەخۆشخانەکان کردەوەیەکی قیزەونی ناتەبا لەگەڵ عورف و یاساوڕێسای مرۆییە و  مەحکوومە

16:48 - 16 بەفرانبار 2725

کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەبارەت بە سەرکوتکارییەکانی ڕێژیم لە ئیلام و کرماشان پەیامێکی بڵاو کردەوە و سەرەخۆشیی لە بنەماڵەی شەهیدانی ئەم ڕاپەڕینە کرد.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:


‏ڕێژیم بە خەیاڵی خۆی نەتەوەی خۆڕاگری کورد چاوترسێن دەکا.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرەبەرەی هەڵوەشانەوەیدا، تووڕەیی شکست و قەیرانەکانی بەسەر ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورددا دەڕێژێ و بە خەیاڵی خۆی تۆڵە لە کوردستان دەکاتەوە.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، لە کوردستان بە کوشتوبڕی ڕۆڵەکانی کورد لە ئیلامی دڵی نیشتمان ڕاناوەستێ، تەنانەت هێرش دەکاتە سەر ئەو نەخۆشخانانەش کە بریندارەکانی خۆپیشاندانەکانی لێ جێگیر کراوە و بۆ چارەسەر و تیمارکردن لەوێدا ماونەتەوە. کردەوەیەکی قیزەونانە کە لەگەڵ هەموو عورف و یاساوڕێسایەکی مرۆیی لە دژایەتیدایە و مەحکوومە.
ئەم کردەوانە نیشانەی ئەوپەڕی سەرلێشێواوی و ترس لێنیشتوویی ڕێژیمە لە ڕاپەڕینی جەماوەریی کوردستان.
ڕۆڵە شۆڕشگیڕەکانی ئیلام و کرماشان بەو کردەوە نامرۆڤانەی بەکرێگیراوانی ڕێژیم چاوترسێن نابن، هەروەک چۆن خوشک و براکانیان لە پانتایی کوردستان چاوترسێن نەبوونە و لەسەر مافە ڕەواکانیان پێداگر و خۆڕاگرن.

سڵاو لە  ئیلام و کرماشانی ڕاپەڕیو!
سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدانی ڕاپەڕینی ئەم دواییانە دەکەم.

مستەفا هیجری
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
١٦ی بەفرانباری ١٤٠٤
٦ی ژانویەی ٢٠٢٦