
ڕەحیم نزهتزادە
بەیاننامە هاوبەشەکەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، لەنێو گێژاوی ئەو هەموو هەواڵە دڵتەزێن و ناخۆشانەی لە ئێلام، کرماشان و لوڕستانەوە، هەواڵێکی دڵخۆشکەر و هیوابەخش بوو بۆ ئەم ساتەوەختە ناسکە، کە ئاڵوگۆڕەکانی بەیانی سەختن بۆ پێشبینی و پێوان. ئەم نووسینەش هەر لەو پەیوەندییەدایە و تیشک دەخاتە سەر گرنگیی یەکدەنگیی نێوماڵی ئێمەی کورد.
یەکگرتوویی کورد: مەرجە بۆ بوون بە یاریزانێکی چارەنووسساز، لە پێشهات و ئاڵوگۆڕەکانی ئێراندا
لە ساتەوەختە گرنگەکانی مێژوودا، نەتەوەکان لەگەڵ تاقیکردنەوەگەلێک ڕووبەڕوو دەبنەوە، کە چارەنووسی بەکۆمەڵیان بۆ ساڵانێک و تەنانەت دەیان ساڵ دیاری دەکرێت. ئەمڕۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، لە وەها وەرچەرخانێکی مێژووییدایە؛ خاڵی وەرچەرخانێک کە تێیدا، بەرپرسیارانەترین، پیرۆزترین و ژیرانەترین هەنگاو، بەدیهێنانی هاوئاهەنگی و تەبایی نێوماڵی کوردە.
ئەزموونی مێژوویی کورد لە ئێران و ناوچەکەدا، بە ڕوونی ئەوە دەخاتە ڕوو کە هەرکاتێک دابەشبوونە نێوخۆییەکان، بەسەر لۆژیک و عەقڵانییەتی بەکۆمەڵدا زاڵ بووبن، هێزە دەرەکییەکان – چ لەسەر ئاستی حکوومەتی ناوەندی بێت، یان لەسەر ئاستی ئەکتەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان – توانیویانە چارەنووسی کورد، بەبێ لەبەرچاوگرتنی کورد دیاری بکەن. لەبەرامبەر ئەوەشدا، هەرکاتێک جۆرێک لە کۆدەنگی و هەماهەنگی لەنێوان هێزە کوردییەکان دروست بووبێت، سەنگی سیاسیی کورد زیادی کردووە و کوردی گۆڕیوە بۆ فاکتەرێکی دیاریکەر لە هاوکێشەکاندا.
ئێرانی ئەمڕۆ، لە دۆخێکی ناسەقامگیری و گۆڕانی خێرادایە. قەیرانە پێکهاتەیی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، ئەگەری گۆڕانێکی بنەڕەتییان کردووەتە ئەگەرێکی واقعی. لەم جۆرە هەلومەرجەدا پرسیاری سەرەکی ئەوە نییە، کە ئایا گۆڕانکاری ڕوودەدات یان نا، بەڵکوو پرسیارەکە ئەوەیە، کە کورد بە چ توانایەک دەچێتە نێو ئەم پێشهاتانەوە: وەک ئەکتەرێکی یەکگرتوو و ئاگادار و خاوەن ئیرادە، یان وەک گرووپێکی پەرشوبڵاو، کە کەسانی دیکە بڕیاریان لەسەر چارەنووسی دەدەن.
لۆژیکی عەقڵانی و ئەزموونی سیاسی وا حوکم دەکات، کە لە ئەگەری هەر گۆڕانکارییەک لە ئێران، یەکگرتوویی و یەکڕیزیی حیزبە کوردستانییەکان، گرنگترین سەرمایەی سیاسیی کورد دەبێت. یەکڕیزییەکی لەو شێوەیە، نەک هەر لە ئاستی نێوخۆدا هێزی گوتاری کورد زیاد و بەهێز دەکات، بەڵکوو هەموو ئەکتەرە دەرەکییەکانیش ناچار دەکات، تا دان بە واقیعی کوردیدا بنێن و خۆیان لەگەڵ ئەو واقیعەدا بگونجێنن.
ئەو یەکدەنگییە خوازراوە، بە واتای نکۆڵیکردن لە فرەیی، سڕینەوەی جیاوازییەکان یان یەکسانکردنی بیروبۆچوونەکان نییە. کۆمەڵگەی کوردی وەک هەر کۆمەڵگەیەکی زیندوو و دینامیک، هەمەچەشن و فرەدەنگە، بەڵام جیاوازییەکان کاتێک مەترسیدار دەبن، کە چوارچێوەیەکی هاوبەش و ئامانجێکی بەکۆمەڵ بوونی نەبێت. ئەوەی ئەمڕۆ پێویستە، بەدەستهێنانی لانیکەمی کۆدەنگیی نەتەوەیی کوردییە، لە دەوری داخوازە بنەڕەتییەکانی وەک مافی نەتەوەیی، دادپەروەریی سیاسی، کەرامەتی مرۆڤ، و بەشداریی یەکسان لە دیاریکردنی داهاتوودا.
لە نەبوونی وەها کۆدەنگییەکدا، مەترسی ئەوە دێتە ئاراوە، کە جارێکی دیکە پێشهات و ئاڵوگۆڕەکانی داهاتوو، بەبێ ڕەچاوکردنی ئیرادە و خواستی کورد ئاراستە بکرێن، وەک ئەوەی لە ڕابردوودا، لە زۆر وەرچەرخانی مێژووییدا ڕوویداوە و مێژووش شاهیدی بۆ دەدات. مێژووی هاوچەرخی ئێران پڕە لەو نموونانەی، کە کورد یان پشتگوێ خراوە، یان تەنیا وەک ئامرازێکی کاتی لە هاوکێشەکانی هێزدا بینراوە و دواتر کەمڕەنگ کراوەتەوە..
لەبەرامبەردا، یەکگرتوویی کورد، دەتوانێت ئەم هاوکێشەیە بگۆڕێت. یەکگرتوویی هێزە سیاسی، مەدەنی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانی کورد، پەیامێکی ڕوون بۆ ناوەوە و دەرەوە دەنێرێت: کوردستان هێزێکی پێگەیشتوو، هۆشیار و ڕێکخراوە؛ هێزێک کە نە دەتوانرێت پشتگوێ بخرێت، نە دەتوانرێت بەبێ بەشداریپێکردنی بڕیاری لەسەر بدرێت.
جگە لەوەش، یەکگرتوویی نێوماڵی کوردی، بۆ پەیوەندیی تەندروست و یەکسان، لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە و هێزە دێموکراتییەکان لە ئێراندا، مەرجێکی پێویستە. بەبێ یەکگرتوویی نێوخۆیی، هەر هاوپەیمانییەکی سەرتاسەری هەستیار و ناسەقامگیر دەبێت. کورد تەنیا کاتێک دەتوانێت هاوبەشی ڕاستەقینە لە بنیاتنانی ئایندەیەکی دیموکراتیک بۆ ئێران بێت، ئەگەر سەرەتا ماڵی خۆی لەسەر بنەمای متمانە، دیالۆگ و کۆدەنگی ڕێکخستبێت.
لە کۆتاییدا پێویستە جەخت لەوە بکرێتەوە، کە ئەم ساتەوەختە ناسک و مێژووییە، ساتەوەختی دوودڵی و دابەشبوون نییە. داهاتوو لە چاوەڕوانیی هێزی پەرشوبڵاو نامێنێتەوە. یەکگرتوویی و یەکدەنگیی کورد، دروشمێکی سۆزداری نییە، بەڵکوو پێویستییەکی عەقڵانی، ئەخلاقی و مێژووییە؛ پێویستییەک کە ئەگەر ئەمڕۆ وەڵامی نەدرێتەوە، بەیانی ڕەنگە باجێکی زۆری بۆ ببژێردرێت.