کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە پەیامێکدا بۆ کوردستانییانی خۆڕاگر، جەختی لە یەکڕیزی، تەبایی و ڕێکخستنی نێوماڵی کوردستان کردەوە؛ ناوبراو وەبیری هێنایەوە کە خۆپاراستن لە ململانێی نێوخۆیی و بەشداریی گشتی لە خەباتی ئازادیدا، مەرجی سەرکەوتنی کۆتاییە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
هاونیشتمانیانی هێژا!
کوردستانیانی خۆڕاگر!
دۆخی ئێران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە گۆڕان بابەتێکی چاوەڕوانکراوە و تا دێ لە ڕزگاری و ئازادی نزیک دەبینەوە. لەم دۆخەدا ئێمە وەک کۆمەڵگەی کوردستان لە وێستگەیەکی هەستیار و تایبەتداین. هەستیار لەو بوارەوە کە خاوەنداریەتی بزووتنەوەیەک دەکەین کە گرێدراوی ژن، ژیان، ئازادییە و، لەو ڕەهەندەوە خوازیاری هێنانە ئارای ئێرانێکی ترین. ئێرانێک کە بۆ هەمیشە لە پاوانخوازی ناسنامەی "نەتەوە-دەوڵەت"ێک دەرباز بێ و ببێتە جوغرافیایەکی مەدەنی کە تیایدا، فرە ناسنامەبوون و مسۆگەربوونی "سەروەریی هاوبەش" ی هەموو نەتەوەکان بەگوێرەی یاسا بەفەرمی بناسرێت.
بەڵام ئامانجی سەرەکی گەیشتنی کوردستانیان بۆ بەئەنجامگەیاندنی دوا وێستگەی سەرکەوتن مسۆگەر نابێ، ئەگەر نەتوانین خۆمان بە تەواوی ڕێکبخەین. هەر لەم ڕەهەندەوەیە کە لەم کاتەدا بە پێویستم زانی ئەم پەیامەتان لە دۆخێکی تایبەتەدا پێشکەش بکەم. پەیامێک کە مەبەستی سەرەکی لێی، بەخشینی ئارامی و پێکەوەبوونە لە داهاتووی خۆرهەڵاتی وڵات.
هەوڵی هەمووان ئەوەیە کە ڕێگاکانی یەکگرتوویی کۆمەڵگەی کوردستان مسۆگەر بکەین. هەرچەن جیاوازی لە کوردستان بابەتێکی ئاسایی و قەبوڵکراوە، بەڵام ئەوەی لە کۆتاییدا بەیەکەوە گرێمان دەدات بەرژەوەندیی گشتی و چارەنووسی هاوبەشمانە، هەربۆیە پێویستە لە دەلاقەی بەرژەوەندیی کوردستانییەوە سەیری گۆڕانکارییەکان بکەین.
ژینگەی سیاسی، کولتووری و کۆمەڵایەتی کوردستان نابێ ببێتە پانتایەک بۆ دوژمنایەتی و بەربەرەکانی یەکتر. بەپێچەوانە دەبێ ببێتە ژینگەیەک بۆ لەیەک تێگەیشتن و یەکتر قەبوڵکردن. ئامانجیش ئەوەیە کە دەرفەت بە هەلپەرەسێتی و دوژمنانی کوردستان و دابەشبوونمان نەدرێت.
لە ڕابردوودا دوژمنانی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستان بە ڕاکێشانی تاقمێک بە ناوی جاش ژینگەیەکیان بۆ بەریەککەوتنی کوردستانیان پێکهێنا تاکوو مرۆڤی کوردستانی بکەن بە دوژمنی یەکتر. لێرەوە جارێکیتر داوا لەو کەسانە دەکەین واز لە خزمەتکردن بە دوژمنانی کوردستان بهێنن و بگەڕێنەوە باوەشی نیشتمان. دڵنیاش بن هەر هەنگاوێک کە ئەوان لە بەرژەوەندی کوردستان هەڵیبگرن بە سینگفراوانییەوە پێشوازی لێ دەکرێت. ئەزموونی بەشەکانی تری کوردستان پێشانی داوە کە هێزی دوژمن دواجار لە خاکی کوردستان ڕادەماڵرێن و، ئەوەی دەمێنێتەوە کوردستان و کوردستانیانن.
ئێمە لە کوردستان بێجگە لە کۆماری ئیسلامی و هێزەکانی، دوژمنێک ناناسین. بۆیە هەموو هەوڵمان بۆ یەکانگیری کۆمەڵگای خۆرهەڵاتە لەو سۆنگەیەوە بە ئەرکێکی نیشتمانی و ئەخلاقی دەزانین کە داوا لە خزمەتکارە کوردەکانی ڕێژیم بکەین کە بگەڕێنەوە باوشی کوردستان و ببن بە بەشێک لە بزاڤی ڕزگاری و ئازادی کوردستان.
سەرکەوتن بۆ گەل و ئازادی بۆ نیشتمانە.