کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاماری کوژرانی مانگی بەفرانبار دەرخەری کوشتارێکی بەکۆمەڵە

11:11 - 16 رێبەندان 2725

ئاماری ناوەندە مافی مرۆییەکان دەرخەری ئەوەیە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە مانگی بەفرانباردا دژ بە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران، کوشتاری بەکۆمەڵیان وەڕێ خستووە.

هەر دوو ناوەندی مافی مرۆیی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران و هێرانا، باسیان لە بەردەوامیی هەوڵەکانیان بۆ بەدەستهێنانی ئاماری ڕاستەقینەی کوژراوانی مانگی بەفرانبار کردووە.

هەواڵدەریی فەرانسە لە زاری مەحموود ئەمیری موقەدەم بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانەوە بڵاوی کردەوە، زانیارییەکان دەرخەری کوشتاری بەکۆمەڵی بێوێنەیە.

ئەمیری موقەدەم باسی لە کوژرانی پتر لە ٣٦ هەزار کەس بە تەقەی ڕاستەوخۆی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم کردووە.

هێرانا لەو پێوەندییەدا، ئاماژەی بە دەسبەسەرکرانی زیاتر لە ٥٠ هەزار کەس لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباردا کردووە.

ئەو ئامارانە لەکاتێکدایە کە ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هەتا ئێستا، تەنیا کوژرانی ٣ هەزار و ١١٧ خۆپیشاندەریان پشتڕاست کردەوە.

ئاماری ناوەندە مافی مرۆییەکان تەنیا ئەو حاڵەتانە لەخۆ دەگرێت کە لەلایەن چەند کەسێکە پشتڕاست کراونەتەوە و ئاماری ڕاستەقینەی کوژراو، بریندار و دەسبەسەرکراوان زۆر لەو ڕێژەیە زیاتر و کارەساتبارترە.