ڕۆژی شەممە ١١ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ (٣١/٠١/٢٠٢٦) و دوای ئەوەی کە یەکیەتیی ئورووپا سپای پاسدارانی خستە نێو لیستی تیرۆرەوە، ڕێپێوانێک بە بەشداریی چەندین لایەن و ڕێکخراوی سیاسیی کوردی و ئێرانی لە بەردەم ویستگەی قەتاری شاری ئۆسلۆوە بەرەو وەزارەتی دەرەوەی نۆروێژ بەڕێوە چوو.
ڕێپێوانی ڕۆژی شەممەی ئۆسلۆ لە چوارچێوەی زنجیرەیەک چالاکیی ناڕەزایەتیی ئێرانییەکان و کوردانی دەرەوەی وڵات لە چەند حەوتووی ڕابردوودا لە شارەکانی جیهان بەڕێوە چوو.
ئامانجی خۆپێشاندەران لەو ڕێپێوانە دەربڕینی پشتیوانی لە بزووتنەوەy ئازادیخوازانەی گەلانی ئێران و شەرمەزارکردنی سەرکوت و پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ و توندوتیژیی سیستماتیکی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی بوو. بەشداربووان بە هەڵگرتنی پلاکارد، وێنەی شەهیدان، وتنەوەی دروشم و پێشکەشکردنی سروودی نیشتمانی، جارێکی دیکە هەوڵیان بۆ زیندووڕاگرتنی دەنگی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و ڕاکێشانی سەرنجی گشتی جیهانی بۆ دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران دا.
لەلایەن حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بیاننامەیەکی هاوبەش پێشکەش کرا کە داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ کرابوو بێدەنگی بشکێنن، ئەم تاوانانە بە فەرمی ئیدانە بکەن و بۆ ڕاگرتنی ماشینی سەرکوتی ڕێژیم و ئازادکردنی هەموو دەسبەسەرکراوەکان هەنگاوە کردارییە کاریگەرەکان بنێن. هەروەها ئاماژە بەوە کرابوو کە :" ئێمە پێزانینی خۆمان بۆ هەنگاوەکانی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ دەردەبڕین، هەروەها بۆ بڕیاری شۆرای وەزیرانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا بۆ دانانی سپای پاسداران لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان. بەڵام جەخت دەکەینەوە کە ئەم هەنگاوانە بە تەنیا ناکرێت وڵامی تاوانە سیستماتیک و پلانداڕێژراوەکانی ڕێژیم بن. لەهەمان کاتدا داوای دەستپێکردنی هەنگاوە توند و کاریگەرەکان دەکەین، لەوانە دەرکردنی باڵیۆزەکانی ڕێژیم، بانگهێشتکردنەوەی باڵیۆزەکان لە حکوومەتێک کە مەشروعیەتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی خۆی بە تەواوی لەدەست داوە، و ناردنی کەیسی تاوانەکان بۆ دادگاکانی نێودەوڵەتی بۆ دادوەری و جێبەجێکردنی دادپەروەرانە. بێدەنگی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بەشدارییە لە تاوان."
جیا لە بیاننامەی هاوبەشی حیزب و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕێکخراوی موجاهیدنی خەلق، حیزب و لایەنەکانی بەلووچستان و خاتوو ئانە لێندبوە بەرپرسی شارەوانیی ئۆسلۆ و هەروەها خاتوو جولیانە ئۆفستاد جێگری شارەوانیی ئۆسلۆش پەیامیان پێشکەش کرد، کە لە پەیامەکانیاندا جەختیان لەسەر پێویستی کۆتاییهێنان بە سەرکوت و ئازادکردنی زیندانییانی سیاسی و لێپرسینەوە لە تاوانباران و پشتیوانی کردەیی لە داخوازییەکانی گەلانی ئێران لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە کربۆوە.
حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بریتین لە: پارتی ئازادیی کوردستان(پاک)، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان( پژاک)، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.