کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێک بۆ پشتگیری لە خەڵکی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای کوردستان لە بێرگن

16:03 - 12 رێبەندان 2725

ڕۆژی شەممە ١١ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ (٣١/١/٢٠٢٦) لە شاری بێرگن، لە وڵاتی نۆرویژ، بە بەشداریی کوردەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان خۆپیشاندانێک بۆ پشتگیری لە خەڵکی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای کوردستان بەڕێوە چوو.

بەشێک لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نیشتەجێی بێرگن لەو خۆپیشاندانەدا ئامادە بوون و بەرپرسی کۆمیتە ناوچەی بێرگنی حیزبی دێموکرات، عوزەیر سۆفی مەحموودی پەیامێکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد، و لە پەیامەکەیدا وێڕای مەحکوومکردنی جنایەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە دژی گەلانی ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی، ئاماژەی بەوە دا کە ئەمڕۆ سەرەڕای ئەوەی داگیرکەرانی کوردستان بە هەموو شێوەیەک هەوڵەکانیان زیاتر لە ڕابردوو چڕ کردووەتەوە بۆ لە ناوبردنی نەتەوەی کورد، ئێمە وەک نەتەوەیەکی نەبەز لە هەموو وڵاتان یەکگرتوویەکی بێوێنەمان نیشانی جیهان داوە، کە ئەو یەکگرتوویە دەبێتە هەوێنی سەرکەوتنی گەلی کورد.

جێگای ئاماژەیە دەنگی دروشم و سرودە نیشتمانییەکان لە بێرگن هێمای هێزی یەکگرتوو و ئیرادەی نەتەوەیی کورد بۆ داکۆکی لە مافەکانی خۆی بوو.