کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سێمینارێکی سیاسی – تەشکیلاتی بۆ ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی بریتانیا

10:32 - 19 رێبەندان 2725

ڕۆژی شەممە ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٤(٧/٢/٢٠٢٦)،  لە وڵاتی بریتانیا، سێمینارێک بۆ ئەندامانی حیزب بە بەشداریی بەڕێز دکتور جەواد دانش پەژوو ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی تەشکیلاتی دەرەوەی وڵاتی حیزب پێک هات.

سێمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی بێدەنگی بۆ شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد و لەلایەن بەڕێز کاوە مودەڕەسییەوە بەخێرهاتنی تێکرای بەشداربووان کرا.

بەڕێزیان باسی لە هۆکار و گرینگیی سەردانەکەی ناوەندی بەڕێوەبەریی دەرەوەی وڵات لە هەلومەرجی ئێستادا کرد.

بەڕێز دانش پەژوو باسی لە  نەخش و ڕۆڵی تەشکیلات لە دیاسپۆرادا کرد و ئاماژەی بە گرینگیی توانا و هێزی لاوان و ژنان و ڕێکخراوە کوردی و خوێندکارییەکان لە دەرەوی وڵات و لە بارودۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کرد کە چۆن دەتوانن یارمەتیدەر بن و دووپاتی کردەوە کە دەبێت لە توانا و هێزیان کەڵک وەربگیردرێت و گرینگیی پێوستیان پێ بدرێت.

ناوبراو لە بەشێکی تر لە باسەکەیدا ئاماژەی بە ڕۆڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەلومەرجی ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئاستی نێونەتەییدا کرد و بە ئاماژە بە دوایین پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب، لێکدانەوە و ڕاوبۆچوونی سیاسیی حیزبی لەمەڕ ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان بەگشتی و ڕاپەرینەکانی ئەم دواییەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی کرد کە بە بڕیاری کەسی یەکەمی ڕێژیمی ئاخوندی، گەورەترین کوشتاری ناڕازیان لەسەر شەقام کراوە و ئاماژەی بە ئاماری قوربانیان، بەتایبەتی لە کرماشان و ئیلام و لوڕستان کرد.

بەڕیز دانش پەژوو  وەبیری هێنایەوە کە دۆخی نالەباری ئابووری، بێکاری، گرانی و نەبوونی پێداویستە سەرەتاییەکانی ژیان لە ئێران تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە و ئەندامانی حیزبی ئەرکدار کرد کە بە هەست بە بەرپرسیارەتیکردن بەم دۆخە دەبێت زیاتر لە جاران لە هەوڵی گەیاندنی دەنگی بەرحەق و ڕەوای گەلەکەمان بن و لە هەموو هێز و پۆتانسیێلەکان کەڵک وەربگیردێت.

لە بڕگەی کۆتاییدا بەشداربووان پرسیار و سرنجە سیاسی و تەشکیلاتییەکانی خۆیان باس کرد و لەلایەن بەڕێز دانیش پەژووە وڵامیان درایەوە.