سەرۆکی دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئێران بە فەرمی ڕایگەیاند کە هیچ یەک لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار ئازاد ناکرێن و ئەو بڕیارە نیگەرانییەکانی سەبارەت بە هەڵسوکەوتی توندوتیژانە دژ بە دەسبەسەرکراوان زیاد کردووە.
غوڵامحوسێن موحسێنی ئێژەیی، سەرۆکی دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامی وتی: "فەرمانم داوە تا ناوی ئەو کەسانەی بە شێوەیەک پەیوەندیان بە پرسی ئەمنییەتی هەیە لە پێرستی لێخۆشبوونەکان بسڕدرێنەوە".
ئەم قسانەی ئێژەیی لەکاتێکدان کە بەرپرسانی دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئێران لە سەرەتای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار هەڕەشەی هەڵسوکەوتی توندوتیژانەیان لە خۆپیشاندەران کردبوو.
لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی ئەو دواییەدا، محەممەد موەحێدیئازاد، داوەری گشتیی ڕێژیم هەڕەشەی لە خۆپیشاندەران کرد و فەرمانی دا کە دۆسییەی "موحاربە" و "افساد فی الارض" بۆ دەسبەسەرکراوان بکرێتەوە.
"موحاربە" و "افساد فی الارض" لە یاسای کۆماری ئیسلامی دەتوانێ سزای زۆر قورس و لەوانە "سێدارە"یان بەدوادا بێت.
بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە کاتی دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان لە ٧ی بەفرانبارەوە تا ئێستا، زیاتر لە ٥٠ هەزار کەس لە سەراسەری کوردستان و ئێران دەسبەسەر کراون.