ڕێکخراوی مافی مرۆیی ئارتیکل ١٩ لە ڕاپۆرتێکدا لەژێر ناوی "تەنگبوونەوەی بازنەی سەرکوت"، باسی لە ڕۆڵی وڵاتی چین لە پچڕانی ئینتێرنێتی مانگی بەفرانبار و هاوکارییە سایبێرییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ڕێژیم کردووە.
ڕێکخراوی مافی مرۆیی ئارتیکل ١٩ لەو ڕاپۆرتەدا باسی لە دەستێوەردان و هاوکارییەکانی چین لە پچڕانی ئینتێرنێت لەلایەن ڕێژیمی ئێران و پەرەپێدانی سانسۆر لە ڕەوتی ڕاپەڕینی مانگی بەفرانباردا کردووە.
لە وردەکاریی زیاتردا ئەو ڕاپۆرتە پەرژاوەتە سەر کەڵکوەرگرتنی ڕێژیم لە تێکنۆلۆژی و تاکتیکەکانی وڵاتانی چین و ڕووسیە بەتایبەت پچڕانی ئینترنێت لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە.
ئارتیکل ١٩ پێداگریی لەسەر ئەوە کرد کە ڕێژیمی ئێران پچڕانی ئینتێرنێتی وەک کەرەستەی سەرکوت بەکار هێناوە.
ڕێژیمی تاران لە ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباردا و لەوپەڕی بەربڵاوتربوونی ڕاپەڕینە سەرانسەرییەکان، ئینتیرنێتی بە تەواوی پچڕاند و بۆ ماوەی زیاتر لە ٧ ڕۆژ ئێران لە تاریکیی دیجیتاڵیی تەواودا بوو.
هەروەها لە ڕەوتی شەڕی ١٢ ڕۆژە، لە شۆڕشی ژینا لە ساڵی ١٤٠١، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٣٩٨ و چەند جاری دیکە ڕێژیم لەو ڕێگەیەوە هەوڵەکانی دژ بە خەڵکی ئێران و کپکردنی دەنگی خەڵکیی ناڕازی گرتووەتە بەر.