کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی پارێزەران، دەسبەسەرکراوانی زیاتر بێ ماف کردووە

11:39 - 21 رێبەندان 2725

لە درێژەی ڕەوتی دەسبەسەرکرانی چین و توێژە جیاوازەکان، دەیان پارێزەری دۆسییەی دەسبەسەرکراوانی ئەم دواییانە لەلایەن ناوەندە بەناو ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی زانیارییەکان، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دەیان پارێزەریان لە سەرانسەری ئێراندا، ڕووبەڕووی بانگکردن، هەڕەشە، دەسبەسەری و دۆسییەسازی، هەڵپەساردنی مۆڵەتی پیشەیی و تۆمەتی وەپاڵدراوی ئەمنییەتی کردووەتەوە.

زانیارییەکان دەرخەری ئەوەیە کە هەموو ئەو پارێزەرانەی دەسبەسەر کراون، دۆسییەی دەسبەسەرکراوانی مانگی بەفرانباریان پێ بووە و بەرگرییان لە مافی  دەسبەسەرکراوان کردووە.

دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم بە بنەماڵەی دەسبەسەرکراوانی ڕاگەیاندووە کە تەنیا ئەو پارێزەرانە قەبووڵ دەکات کە لەلایەن ئەو دەزگایەوە پێشنیار دەکرێن.

هەر لەو پێوەندییەدا، مافناسان و کارناسانی یاسایی هۆشدارییان داوە کە لابردنی پارێزەری سەربەخۆ لە ڕەوتی دەسپێڕاگەیشتنی دۆسییەکاندا، ڕێگە بۆ دانپێدانانی زۆرەملێی زیاتر، دەرکردنی سزای بەپەلە، سەپاندنی تۆمەتی بێ‌بنەما و دەرکردنی بڕیاری نادادپەروەرانە خۆش دەکات.

زانیارییەکان باس لە ئازادکرانی کاتیی ١٧ پارێزەر و دەسبەسەرکرانی زیاتر لە ١٣ پارێزەری دیکە دەکەن.

هەروەها شارەزایانی بواری یاسا ئاماژەیان بەوە داوە کە دەسبەسەرکراوان بەبێ پارێزەر، لە هەموو کات زیاتر بێ ماف و تەنیاتر دەبن.