خەڵکی خەباتکاری کوردستان!
گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران!
هاونیشتمانیانی ئازادیخواز !
٢٢ی ڕێبەندانی ئەمساڵ، ٤٧ ساڵ بە سەر ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی و هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی لە ئێراندا ڕادەبرێ.
ئەنجامی شۆرشی ساڵی ١٣٥٧ی ئێران، ڕووخانی ڕێژیمی پەهلەوی و هاتنەسەرکاری ڕێژیمێکی مەزهەبی و ئیدئۆلۆژیک بە ناوی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو. ئەو ڕێژیمە هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاریەوە، دەری خست کە لەگەڵ زۆربەی ئەو ئامانجانەی شۆڕشگێڕان و ئازادیخوازانی ئێران دەیان ساڵ بوو خەباتیان بۆ دەکرد، نامۆ و ناتەبایە.
نەتەوە بندەستەکانی ئێران، لە پێشەوەی هەمووان نەتەوەی کورد چاوەڕوان بوون بە نەمانی ڕێژیمی پاشایەتی، یەکسانسازیی نەتەوەیی و ستەم و هەڵاواردنی زمانی، ئایینی و کولتووری کۆتایی پێ بێت؛ بەڵام وەڵامی کۆماری ئیسلامی فیتوای جیهاد و سەپاندنی شەڕ بە سەر کوردستان و پەراوێزخستنی لە هەر چەشنە پەرەسەندێکی سیاسی و ئابووری بوو. حیزب و ڕێکخراو و کەسایەتییە ئازادیخوازەکان بە هیوا بوون بە ڕووخانی ڕێژیمی پەهلەوی، دێموکراسی، ئازادیی چاپەمەنی و بیروڕا، ئازادیی پێکهاتنی حیزب و ڕێکخراوەکان و تێکۆشانی سیاسی بێتە کایەوە و هەروەها هەلومەرجێکی باشتری ئابووری و کۆمەڵایەتی لە وڵاتەکەیاندا بێتە ئاراوە. بەڵام نەک هەر ئەو هیوا و چاوەڕوانییانەش وەدی نەهاتن، بەڵکوو سەردەمێکی نوێ لە دیکتاتۆری و ستەم و هەڵاواردن و سەرکوت لە ئێراندا دەستی پێ کرد.
دیکتاتۆریی ویلایەت فەقیهی لە ماوەی ٤٧ ساڵ دەسەڵاتدارەتیدا، ئەوەی بەسەر ئێران و خەڵکی ئەو وڵاتەی هێناوە، شتێک نەبووە جگە لە زاڵکردنی کۆنەپەرستی و بێ مافی، بێبەشکردنی نەتەوەکانی ئێران لە سەرەتاییترین مافەکانیان، بەندکردن، ئەشکەنجە، ئێعدام و کوشتنی هاونیشتمانان؛ پەرەپێدانی تێرۆریزم و ئاژاوەگێڕی لە ناوچە و جیهان؛ بەدیاریهێنانی شەڕ و ماڵوێرانی، سەپاندنی گەمارۆی ئابووری، گرانی، نەبوونی و قاتی و قڕی بەسەر خەڵکی ئێراندا؛ گەندەڵیی سەرسوڕهێنەر و بەفیڕۆدانی سامانی وڵات لە پێناوی وەدەستهێنانی چەکی ناوکی و تەیار کردنی گرووپە تێرۆریستییەکان، تێکدانی ژینگە و لەنێوبردنی سەرچاوە ژێرزەوییەکان؛ داماڵینی پەروەردە و ناوەندە زانستییەکان لە زانست و بایەخە مودێرنەکان، دەرپەڕاندنی مێشکەکان و ناچارکردنی چەند میلیۆن خەڵکی ئێران بە کۆچ و ئاوارەیی و کوشتنی هیوا بە ژیان بە تایبەتی لەو نەسلانەدا کە لە سێبەری ئەو ڕێژیمەدا پەروەردە بوون و هتد.
خەڵکی ئێران هەر لەم دەساڵەی دواییدا بە بەردەوامی لە ڕێگەی مانگرتنی بەرین و بە خۆپێشاندانی جەماوەریی جارلەجار گەورەتر، ویست و بڕیاری خۆیان بۆ کۆتاییهێنان بە تەمەنی ئەو ڕێژیمە ڕاگەیاندووە و هەر لە بەفرانباری ئەمساڵدا لە سەدان شاری ئێران گەورەترین خۆپێشاندان بەڕێوە چوون. بەڵام دەسەلاتدارانی وڵات کە لە درێژەکێشان و هەرچی بەرینتربوونەوەی ئەم خۆپێشاندانە جەماوەرییانەدا مەترسیی ڕووخانی ڕێژیمەکەیان ڕێ نیشتبوو، بە فەرمانی خامنەیی دیکتاتۆر، بێ وێنەترین کوشتاری خەڵکیان لە مێژووی ئێران و ناوچەدا تۆمار کرد. بەمجۆرە لە سەرکوتی خوێناویی خۆپێشاندانەکاندا بە دەیان هەزار خەڵک گیانیان لێ ئەستێندرا، بریندار و دەسبەسەر کران.
ئێستا لە هەلومەرجێکدا یادی ٤٧ ساڵەی شۆڕش دەکەینەوە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە هەمیشە شەرعیەتی سیاسی و قانوونی و خەڵکیی خۆی لە دەست داوە. ئەو ڕێژیمە لە نێوخۆی وڵاتدا تەنیا بە کۆمەڵکوژی و بەڕێخستنی جۆگەلەی خوێن، بە کوشتنی خۆپێشاندەران و ناڕازییانی بریندار و دەستبەسەرکراو لە ژێر ئەشکەنجەدا، بە پێکهێنانی حکوومەتی نیزامی لە شارەکان، توانیویەتی تەمەنی خۆی بۆ ماوەیەکی کورت درێژ بکاتەوە. لەم هەلومەرجە مێژووییەدا کە خەڵکی ئێران لێبڕاون کۆتایی بە تەمەنی دیکتاتۆریی ویلایەت فەقیهی بێنن، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران یادی ٤٧ سالەی شۆڕشی ڕێبەندان بە دەرفەت دەزانێت بۆ ئەوەی ڕابگەیەنێت:
١- نابێ ڕێگا بدەین جارێکی تر، ئەزموونی شۆڕشی ١٣٥٧ی ئێران دووپات بێتەوە و دیکتاتۆرییەک جێگای دیکتاتۆرییەکی تر بگرێتەوە. هەڵەیەک کە زۆرایەتیی خەڵکی ئێران و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ئەو کات لە ئەنجامی متمانەکردن بە خومەینی و بوار ڕەخساندن بۆ سەرکەوتنی ئەو و هاوبیرەکانی کردیان، ٤٧ ساڵە بە دانی گیان و خوێنی ڕۆڵەکانیان و وێرانبوونی وڵاتەکەیان باجەکەی دەدەن. تاوانێکی نەبەخشراو دەبێت ئەگەر جارێکی دیکە ڕێگا بدرێت هەر کەسایەتییەک و ئایدۆلۆژیایەکی پاوانخواز، دەست بەسەر بەرهەمی دەیان ساڵ خەبات و قوربانیدانی ڕۆڵە خەباتکار و ئازادیخوازەکانی نەتەوەکانی ئێراندا بگرێت. ئێرانی داهاتوو، دەبێ ئێرانێکی ئازاد و دێموکراتیک بێت؛ ئێرانێک کە لەودا فرەیی نەتەوەیی، زمانی، ئایینی؛ ئێرانی یەکسانیی ژن و پیاو بەڕەسمی بناسرێت و بە دوور لە ستەم و سەرکوت و هەڵاواردن بێت.
٢- یەک لە گرنگترین ئەرکەکانی خەڵک و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ئێران پەلەکردن لە پێکهاتنی ڕێبەرییەکی بەکۆمەڵە کە لە قۆناغی وەلانانی ئەو ڕێژیمەدا نوێنەرایەتیی هێز و لایەنە سیاسییەکان و جۆراوجۆریی پێکهاتەکانی خەڵکی ئێران بکا. لەم ڕوانگەیەوە ئێمە بەرەوژوور بردنی دیالۆگ و هاوکاری هەتا گەیشتن بە هاوپەیمانییەکی کوردستانی، بە ئەرکی خێرای خۆمان و حیزب و ڕێکخراوەکانی تری ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەزانین و بە جیددیش کاری بۆ دەکەین. هاوکات بانگەواز بۆ ئەوە دەکەین ڕێکخراو، لایەن و کەسایەتییە خەباتگێڕ و ئازادیخوازەکانی ئێران، بە تایبەتی ڕێکخراو و کەسایەتییەکانی سەر بە نەتەوە بندەستەکانی ئێران بە تێگەیشتن لە هەستیاربوونی هەلومەرجی ئێستا، لە دەوری بەرنامە و ئامانجی هاوبەش یەک بگرن بۆ ئەوەی بە یەکەوە بتوانین پێویستییەکانی پەڕینەوە لەم قۆناغە، خێراتر ئامادە بکەین.
٣- دوای چەندین جار سەرکوتی خوێناویی ڕاپەڕینی خەڵکی ناڕازایی ئێران بە تایبەتی کوشتاری چەندین هەزار کەسیی خۆپێشاندەران لە بەفرانباری ڕابردوودا، ئەم ڕاستییە بەباشی دەرکەوتووە کە، ڕاستە گۆڕانکاریی بنەڕەتی و ڕووخاندنی ئەم ڕێژیمە هەر لە ڕێگای خودی خەڵکی ئێرانەوە مسۆگەر دەبێ، بەڵام لەو پێناوەدا پشتیوانیی نێودەوڵەتی لە شۆرشی خەڵکی ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە ڕێژیمی دیکتاتۆر و مرۆڤکوژی کۆماری ئیسلامی وەکوو پێویستییەک خۆی دەنوێنێ.
لەم بۆنەیەدا بە ڕێزەوە یادی هاوخەباتی و یەکگرتوویی پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی خەڵکی ئێران لە ڕەوتی شۆڕشی دژ بە دیکتاتۆریی پەهلەویدا دەکەینەوە؛ هەروەها بۆ شەهیدانی ٤٧ ساڵ خەبات و خۆڕاگری دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان و سەرانسەری ئێران، بە تایبەتی دەیان هەزار شەهیدی ئەم دواییە، سەری ڕێز دادەنوێنین. بەو هیوایەی بە یەکگرتوویی و هاوخەباتی هەموو پێکهاتەکانی خەڵکی ئێران، کۆتایی بە تەمەنی دیکتاتۆری بێنین و گیانی شەهیدەکانمان بە وەدیهێنانی ئامانجەکانیان شاد بکەین.
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران
دەستەی کارگێڕی
٢١ی ڕێبەندانی ١٤٠٤