ڕۆژی یەکشەممە ١١ی رێبەندانی ١٤٠٤(٢/١/٢٠٢٦)، شەش حیزب و ڕێکخراوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆپیشاندانێکیان بۆ پشتگیری لە سەرهەڵدانی ئەم دواییانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و بەرگریی ڕۆژاوای کوردستان بەڕێوە برد.
خۆپێشاندانەکە بە بەشداریی سەدان کەس لە ئەندامان و لایەنگرانی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کوردانی دڵسۆز، دەیان کەس لە ئەندامان و لایەنگرانی ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵکی ئێران و کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسیی بەلووچ لە گۆڕەپانی "گوستاو ئەدۆڵف" لە شاری ستۆکهۆڵم نیزیک "ڕیکس داگ" واتە پارلەمانی سوید بەڕێوە چوو.
خۆپیشاندانەکە دوای بەخێرهێنانی بەشداران لەلایەن بەڕێوەبەرانی بەرنامە "حەمید شەریفی" و "ڕێناس خزری" بە وتنەوەی چەند دروشم و دواتر سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب دەستی پێ کرد.
پەیامی کۆمیتەی هاوبەشی شەش لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵات لەلایەن "محەممەد فەرهادزادە" و پەیامی کۆمیتەی هاوبەشی ئەو شەش لایەنە سیاسییە بە زمانی سویدی لەلایەن دوکتۆر "سۆزان فەتحی"یەوە خوێندرایەوە.
دۆستی دێرین و دڵسۆزی دۆزی کورد "فرێدریک ماڵم" چەند وتەیەکی کورتی بۆ پشتیوانی لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای کوردستان پێشکەش کرد.
پەیامی ڕێکخراوی ژنانی ڕۆژهەڵات لەلایان "شەهلا چەورۆکە"، پەیامی هێزەسیاسییەکانی کوردستان لەلایەن "نیشتمان عەزیزی" و پەیامی "کنگرەی ملیتهای ایران فدرال و همبستگی برای آزادی و برابری" لەلایەن نوێنەری بلوچەکانەوە پێشکەش کرا.
سروودی هەر کورد بووین و هەر کورد ئەبین پێشکەشی ئامادەبووان کرا و چەند وتەیەک بە زمانی ئینگلیسی لەلایەن" ڕۆژان"ەوە پێشکەش کرا.
چەند وتەیەکی کورت وەک دەربڕینی سپاس و ڕێز بۆ بەشداری و بەدەنگەوەهاتنی ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن کەسایەتیی ناسراوی ڕۆژاوای کوردستان بەڕێز "عومەر شێخ موس"ەوە پێشکەشی ئامادەبووان کرا.
دواتریش "امان جووبانی" چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.
لە نێوئاخنی بەرنامەکەدا دروشم بەزمانی کوردی، سویدی و فارسی دووپات دەکرانەوە.