بە دەستپێشخەری نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دیسکی دۆستایەتیی نەتەوەی کورد لە پارلەمانی فینلاند چالاکییەکانی دەست پێ کردەوە . ئەم دەسکەوتە بە هەوڵ و دەستپێشخەریی شەهێن زادئەحمەد نوێنەری حیزبی دێموکرات و لە چوارچێوەی پارلەمانی فینلانددا دەستی پێ کردووەتەوە.
زادەحمەد لەمبارەوە ڕایگەیاند: بە شێوەیەکی هاوڕێیانە، ژمارەیەک لە ڕێکخراوە کوردییەکانی فینلاندیش بەشدار بوون و پشتگیرییان لە چالاکییە تازەکە کرد و دەستخۆشی و پێزانینی خۆیان بۆ ئەم گرووپە ڕاگەیاند.
ڕۆژی سێشەممە، ٢١ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ کۆبوونەوەی فەرمیی «دیسکی دۆستایەتیی نەتەوەی کورد» بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوە چوو.
ئەم کۆبوونەوەیە لە درێژەی دیداری پێشوو کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی فێوریەی ٢٠٢٥، لە نێوان شەهێن زادئەحمەد، بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە فینلاند و پارلەمانتار یوهان کوارنسترۆم و چەند ئەندام پارلەمان لە ئەو وڵاتە ئەنجام درا.
لە کۆبوونەوەکە، کە بە سەرپەرشتی بەڕێز ورۆنیکا هونکاسالو و بە بەشداریکردنی حەوت پارلەمانتار بەڕێوە چوو، گفتوگۆیەکی ڕوون و فەرمی سەبارەت بە بارودۆخی نەتەوەی کورد، بە تایبەتی دۆخی کوردانی ڕۆژاوا ئەنجام درا. بەشداربووانی کۆبوونەوەکە گرینگیی تایبەتییان بە دروستکردنی پەیوەندی و پشتگیری لە مامەڵەکانی پەیوەندیدار بە مافە بنەڕەتییەکانی نەتەوەی کورد نیشان دا.