کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەجلیسی ڕێژیم: تەرمی ٢٩٠ کوژراو لەوانەش ٥٠ ژن شناسایی نەکراوە

10:46 - 26 رێبەندان 2725

ئاماری کوژراوانی مانگی بەفرانبار لەلایەن مەجلیسی ڕێژیم و هێزی بەناو دادوەریی ڕێژیمەوە ناتەبایی تێدایە.

مەجلیسی ڕێژیم باسی لە نادیاربوونی شوناسی ٢٩٠ تەرم لەوانەش ٥٠ ژن کردووە و هێزی بەناو دادوەریی ڕێژیم ئەو بانگەشەی ڕەت کردەوە.

 ئەندامێکی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی مەجلیسی ڕێژیم ڕۆژی شەممە ٢٥ی ڕێبەندان لەبارەی ئاماری کوژراوانە ڕایگەیاند: "لە کۆی ٣١١٧ کوژراو، نزیک بە ٢٩٠٠ کەس شوناسیان ڕانەگەیەندراوە".

محەممەد سێراجی، ئەندامی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی مەجلیسی ڕێژیم وتی: "ئەو ٢ هەزار و ٩٠٠ کوژراوە کە ٥٠ کەسیان ژنن، نە کەسێک بەدوایاندا هاتووە و نە بەڵگەیەکی تاکەکەسییان پێ بووە".

لە بەرانبەردا پزیشکی دادوەریی ڕێژیم ئەو بانگەشەی مەجلسی ڕێژیم و ئەندامانی ڕەت کردەوە.

پێشتریش هەواڵدەریی فەرانسە لە زاری مەحموود ئەمیری موقەدەم بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانەوە ڕایگەیاند، زانیارییەکان دەرخەری ئەوەن کە ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە مانگی بەفرانباردا، کوشتاری بەکۆمەڵی بێوێنەیان وەڕێ خستووە.

ئەمیری موقەدەم باسی لە کوژرانی پتر لە ٣٦ هەزار کەس بە تەقەی ڕاستەوخۆی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم کردبوو.

لەو ڕێژەیە، ڕێژیم تەنیا کوژرانی ٣ هەزار و ١١٧ کەسی پشتڕاست کردەوە.

ناڕەزایەتییەکان ڕۆژی ٧ بەفرانباری ئەمساڵ لە بازاڕی گەورەی تاران دەستی پێ کرد و بەپێی ئامارەکان ئەو ناڕەزایەتییانە زیاتر لە ١٣٠ شار و پتر لە چوار هەزار شوێنی دیکەی ئێراندا بەڕێوە چووە.