ڕۆژی شەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٤(١٤/٢/٢٠٢٦)، گرووپی (ژن-ژیان-ئازادی) ڕێپێوانێکی بۆ لەقاودانی سەركوت و كۆمەڵكووژییەكانی ئەو دواییانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرهەق بە خەڵكی خۆپێشاندەر و ناڕازی ڕێک خست.
ڕێپێوانەكە بە کۆبوونەوە لە گۆڕەپانی "سێرگێل" لە ناوەندی شاری ستۆكهۆڵم دەستی پێ کرد و دروشم دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران وترانەوە.
دواتر خۆپێشاندەران بە دروشمدان بۆ مەحکوومکردنی جینایەتیی ئەم دواییانەی ڕێژیم و پشتیوانی لە زیندانییانی سیاسی بە ڕێپێوان بەرەو بینای وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی سوید بەڕێ كەوتن.
ژمارەیەكی بەرچاو لە ئەندامانی حیزب بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی خەڵكی كوردستان لە ناوچەكانی كرماشان و ئیلام و مەحکوومکردنی کوشتن و گرتنی ژمارەیەکی یەکجار زۆری خۆپێشاندەران لەو ناوچانە لەو ڕێپێوانەدا بەشدار بوون.
دروشمەكان بە زمانەكانی كوردی، فارسی، سویدی و ئینگلیزی دەوترانەوە و بریتی بوون لە: ژن-ژیان-ئازادی.، باڵوێزخانەی ئێران-ناوەندی تێرۆر، باڵوێزخانەی ئێران دابخرێ، بڕووخێ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دێموكراسی بۆ ئێران، زیندانییانی سیاسی دەبێ ئازاد بكرێن، لەسێدارەدان دەبێ ڕابوەستێندرێ، دیپلۆماتەكانی ئێران دەبێ دەربكرێن و نە لەبیر دەكەین و نە دەشبەخشین.