(ڕاگەیەندراوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی چلەی شەهیدانی ڕاپەڕینی بەفرانباری ئەمساڵ)
خەڵکی بەهەڵوێستی کوردستان!
گەلانی وەزاڵەهاتووی ئێران!
کۆڕو کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکان!
چل ڕۆژ بەسەر سەرکوتی بێبەزەییانەی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی مانگی بەفرانبار بەهۆی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تێدەپەڕێ. ئێمە لە کاتێکدا یادی شەهیدانی ئەو ڕاپەڕینە دەکەینەوە کە ژمارەی شەهیدان و برینداران و دەسبەسەرکراوانی خەڵکی ڕاپەڕیو ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ ڕوی لە زیاد بوونە و لەبەر پچڕانی ئینترنێت و دۆخی تەواو ئەمنیەتیی ئێران، هەتا ئێستاش ئامارێکی دەقیق کە بێگومان خۆی لە دەیان هەزار کەس دەدا، لە بەردەستدا نییە.
لەم نێوەدا، ڕاپەڕینی شارەکانی ئیلام، کرماشان و مەڵەکشای و شەهیدبوونی دەیان هاونیشتمانیمان لەو ناوچانە و شارەکانی دیکەی ئێران و، دواتر مانگرتنە سەرکەوتووانەکەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا دژکردەوەیەکی کاتی نەبوو، بەڵکوو نیشانەی بلووغێکی سیاسی، گەشەی بیری نەتەوەیی و خاوەندارەتیی کوردستانیان لەو بەشەی نیشتمان بوو. ئەو ڕووداوانە سەلماندیان کە خەڵکی کوردستان بەرهەمهێنەری فۆرمێکی تایبەت لە بەرخۆدان و خۆڕاگرین و پانتایی گشتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، مەیدانی هاوخەباتی و یەکڕیزیی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستانە. لایەنی سیمبۆلیک و سیاسیی ئەم یەکگرتووییە، ئاماژەیەک بوو بۆ "مانیفێستی هێز" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە هەمان کاتدا پێشاندانەوەی هاوخەباتی و هاوچارەنووسیی خەڵکی کوردستان.
لە کاتێکدا چل ڕۆژ بە سەر ڕەشەکوژی و کوشتاری ڕۆڵە چاونەترسەکانی نەتەوەی کورد لە ئیلام و مەڵەکشای و کرماشان تێپەڕ دەبێت، ڕێز لە ناو و یادی ئەم شەهیدانە دەگرین و، پەیمانیان لەگەڵ نوێ دەکەینەوە کە تا وەدیهاتنی خۆری ڕزگاری لە وڵاتەکەمان و گەیشتنی خەڵکی کوردستان بە مافە نەتەوەییەکانیان درێژە بەو ڕێبازە پیرۆزە دەدەین.
کۆماری ئیسلامیی ئێران بە درێژایی چەند دەیەی ڕابردوو بە میلیتاریزەکردنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، گرتنەبەری سیاسەتی "لەگەشەخستن"، "بەکەمینەکردن" و "بەئەمنییەتیکردن"، هەوڵی داوە کوردستان بکاتە جوغرافیایەکی پەراوێزخراو، لێکدابڕاو و پەرتەوازە و دوور لە ناسنامە و شوناسە نەتەوەییەکانی. هەر بۆیە، جەخت و پێداگریی بەردەوامی ئێمە لەسەر ڕووخانی ڕێژیم و گۆڕینی بنەڕەتیی پێکهاتەی دەسەڵاتەکەیە. لەم ڕوانگەوە، پشتیگیریکردنی پرسی دێموکراسی و نەتەوەیی لە ئێرانی فرەنەتەوەدا، هەوڵێکە بۆ شکاندنی ئەو گەمارۆ و تەوژمە ئەمنییەتی و سەرکوتکارانەیەی کە لە ناوەندەوە بە بیانووی "ئاسایشی نیشتمانی" بەسەر نەتەوە بندەستەکاندا سەپێندراوە.
ڕاستە کە خەبات و خۆڕاگریی پڕتێچووی نەتەوەکانی ئێران بۆ ڕزگاری دژی کۆماری ئیسلامی هەر بەردەوامە، بەڵام لە تەنیشت ئەو بەردەوامییە پشتیگریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران زەروورەتێکی مێژووییە. زەوتکردنی مافی نەتەوەیی و پێشێلکردنی کەرامەتی تاک و کۆی نەتەوەکان لە لایەن ئەم ڕێژیمەوە، هاوکات بەردەوامبوونی لە سەرکوتی خوێناوی و بەکارهێنانی ئەوپەڕی توانای خۆی لەم بارەوە، هەلومەرج و هاوکێشەیەکی ئاڵۆزە کە تێیدا چارەنووسی دەیان میلیۆن کەسی بە بارمتە گرتووە. بۆیە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر ئاوڕ لەم دۆخە بداتەوە و لە ئاست چەوسانەوەی نەتەوەیی و زەبروزەنگی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و بەکارهێنانی هێزی سەرکوت بەرانبەر بە بزووتنەوەی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نەتەوەکانی دیکە پتر لەسەر هەست بن و هەڵوێستیان هەبێ هەتا لەو سۆنگەیەوە تێچووی سەر گیان و ماڵی خەڵکی ڕاپەڕیو کەم بکەنەوە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێ لەسەر ئەوە دادەگرێتەوە کە تەنیا بە گۆڕینی ئەم ڕێژیمە بۆ حکوومەتێکی دێموکراتیک و سێکۆلار و داننان بە ئیرادە و مافی نەتەوەیی و سیاسیی پێکهاتە نەتەوەییەکانی سەر جوغرافیای ئێرانە کە ئەمنییەت و سەقامگیری لەم وڵاتەدا دێتە دی.
جارێکی دیکە لە چلەی شەهیدانی مانگی بەفرانباردا سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی ئەو شەهیدانە، بەتایبەت هاونیشتمانیانی ئازیزمان لە کرماشان، ئیلام، مەڵەکشای و ناوچەکانی خوارەوەی کوردستان.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەستەی کارگێڕی
٢٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٤