ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی رێبەندانی ١٤٠٤(١٥/٢/٢٠٢٦)، لە "کۆپێنهاگ"ـی پێتەختی وڵاتی دانمارک کۆبوونەوەیەکی هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بە مەبەستی نۆژەنکردنەوەی کۆمیتەی هاوکاریی هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان پێک هات.
لەم پەیوەندییەدا هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆمیتەی دانمارک، پێکهاتوو لە "ئەحمەد ڕەحمانی" بەرپرسی بەشی پەیوەندییە ئێرانی و کوردستانییەکان، "مەسعوود نادری" بەرپرسی کۆمیتە ناوچەی (شیلەند) بەشداری ئەم کۆبوونەوەیە بوون.
بەرپرسی بەشی پەیوەندییە ئێرانی و کوردستانییەکان لە ڕاستای نۆژەنکردنەوەی کۆمیتەی هاوکاریی هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لە وڵاتی دانمارک ئەم هەنگاوەی بە ئەرینی وەسف کرد.
هەروەها ئەمەی بەهەنگاوێکی پێویستی زانی بەتایبەت کە مەسەلەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆتە فاکتۆرێکی گرینگ و ناوەندە جیهانییەکان بە بایەخەوە لە مەسەلەی کورد دەڕوانن. ناوبراو ڕایگەیاند زۆر جار ئەو بابەتانەی کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیدار بە هەلومەرجی کوردستانن بۆ وێنە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕۆژاوای کوردستان وا دەخوازێ کە هێز و لایەنە کوردستانییەکان زیاتر هەست بە بەرپرسیاریەتی بکەن لەهەمبەر گەلەکەیاندا و کاریان لەسەر بکەن.
لەم کۆبوونەوەیەدا دەستەیەکی بەڕێوەبەریی پێنج کەسیی کۆمیتەی هاوکاریی هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان پێکهات و بۆ بەڕێوەبردنی ئەرکەکانیان ئەرکدار کران.
"ئەحمەد ڕەحمانی" وەک یەکێک لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆمیتەی هاوکاریی هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لە وڵاتی دانمارک دەنگی متمانەی بەدەست هێنا.